ئاپۆ: “ئیسرائیل دەیهەوێت کوردیش بخاتە نێو پلانی بەغەززەکردنی ناوچەکە و تاکە بەربەست لەبەردەم ئەمەدا منم”.
وەک دەزانرێت شاندی دەم پارتی لە ڕێکەوتی 25ی نیسانی ئەمساڵ (2025)دا بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەردانی دوورگەی ئیمرالی کردبوو. لەو دیدارەدا ئۆجەلان و وەفدی دەم پارتی زۆر بابەتیان تاوتوێ کرد و لەوانە باسیان لە بارودۆخی تەندروستی سری سورەییا ئۆندەریش کردبوو. هەرچەندە هەندێک لە گفتوگۆکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شاندی “پارتی دەم”ـەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام هەموو گفتوگۆکان بڵاو نەکرایەوە. دواتر ناوەڕۆکی ئەو دانوستانانە بە زمانی تورکی لە ئەورووپا بڵاو کرایەوە و باس لەوە کرا کە ئەو ئاخاوتنە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەوە بە نهێنی بڵاو کراوەتەوە، بۆیە ئێمە لەم بابەتەدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو قسانە وەک خۆی بڵاو دەکەیەنەوە.
خاڵی جێگای سەرنجی ئەم بەشەی کۆبوونەوەی وەفدی دەم پارتی و ئۆجەلان ئەوەیە کە ئۆجەلان باسی لە دروستبوونی ئیسرائیلی دووەم (کوردستان) دەکات و دەڵێت گەورەترین بەربەست لەبەردەم پلانی دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کورد، منم و ئەوەش بە فەخر و شانازییەکی زۆرەوە باس دەکات. هەروەها ئۆجەلان لەم بەشەی قسەکانیدا هێزەکانی هەسەدە وەک حەشدی شەعبی ئیسرائیل وەسف دەکات و ستایشی مستەفا کەمال ئەتاتورک دەکات…
گفتوگۆی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان بەمشێوەیە بەردەوام بووە:
پەرڤین بوڵدان: لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆککۆمار، گفتوگۆمان لەسەر چەند یاسایەک کرد کە پێویستە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێن.
سەرۆک: ئەو یاسایانە با بمێننەوە بۆ دوای کۆنگرە، دروست نییە پێش کۆنگرە یاسا دەربکرێت. بەڕای من سەرجەم دەستپێشخەرییەکانی سەرۆککۆمار ڕاستن. لە ڕوانگەی منەوە پرسی هەڵوەشاندنەوە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەمە هەموو شتێک نییە. تا ئەم کارە تەواو نەبێت، نابێت هیچ شتێکی دیکە بە ڕۆژەڤ بکرێت.
پەرڤین بوڵدان: ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاساکە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان، ناساندنی یاساکە لە ناوخۆی پەرلەمانەوە، هەوڵماندا بزانین چۆن گۆڕانکاری لە یاساکاندا دەکرێت.
سەرۆک: ئەمە ڕاست نییە، هەتا ئێمە بابەتەکانی ئدیکە چارەسەر نەکەین، بە ڕۆژەڤ کردنی یاساکان دروست نیە. هەمووان دەزانن مستەفا کەمال چۆن شەڕی کردووە، هەمووان شەڕی ئانزاک دەزانن، ئەوانەی باشترین شەڕ دەکەن دەتوانن باشترین ئاشتی دەستەبەر بکەن. ئەتاتورک شەڕی هەرە گەورەی کرد و ئاشتیی دەستەبەر کرد. هەموو کەس دەزانێت کە چۆناوچۆن ئاشتیی لەگەڵ یۆنانیەکاندا کردووە. یۆنانیەکان ئاتاتورکیان بۆ خەڵاتی ئاشتی کاندید کرد. ئێستا دێن و دەڵێن ئاشتی نابێت، ئەمە درۆیە. ئەگەر ئەوان بەڕاستی پەیوەندییان بە مستەفا کەمالەوە هەیە، پێویستە ستایشی کەسایەتی ئاشتیخوازانەی ئەتاتورک بکەن. لە ڕوانگەی سەرۆککۆماریشەوە ئەگەر ئەمە لەبەرچاو بگیرێت، پێوەرێک بۆ دەستکەوت ـ دەسکەوت دەبێت، ئەگەریش ئەمە لەبەرچاو نەگیرێت پێوەرێک دەبێت بۆ شکست ـ شکست. ئەمە هاوسەنگی هێزە نێودەوڵەتیەکانە، قەرەیلانیش باسی لەمە کردووە، نازانم مووشەک و شتی دیکەیان پێداون، ئەگەر ئەمە لەبەرچاو نەگیرێت، هەموو شتێک لە سلێمانیەوە تا عەفرین وەک غەززەی لێدێت. ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ هەموو ئەمانە کردووە. هەموو ڕۆژ باسی غەززە دەکرێت، بەڵام غەززە تەواو بووە و ئیدی غەززە نەماوە. ئیسرائیل لەبواری تەقەمەنییەوە زۆر بەهێزە و ئیسرائیل دەیهەوێت کوردیش بخاتە نێو پلانی بەغەززەکردنی ناوچەکە. تاکە بەربەست لەبەردەم ئەمەدا منم.
دەڵێن ئێوە چۆن پیاوێک بە موخاتەب وەردەگرن کە کۆتایی پێهاتووە و هیچی نەماوە؟ ئەگەر ئێوە بەم شێوەیە بیربکەنەوە… پەکەکە ئامادەیە و هەندێکیان توڕەن، ئەگەر من لە پرۆسەکە بکشێمەوە، ئەوکاتە شەڕی ڕاستەقینە دەست پێدەکات. پەکەکە بۆخۆی گوتوویەتی کە خۆی بۆ شەڕ ئامادە کردووە، دەرئەنجامی ئەم کارەساتە و پیلانی بەغەززەکردن ئەوەیە کە من باسی دەکەم.
ترەمپ و نەتانیاهۆ گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی نوێ، پلانی نوێیان هەیە. ئەوان دەڵێن ئەوەی ئێمە بمانهەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ دەکرێت و چەندین غەززەی نوێیان دروست کردووە. چ بوو، بۆ کۆبانێش دەیانگوت کۆبانی دەکەوێت، کۆبانێ کەوت، هەموو ئەمانە درۆ بوون و ئەو ڕۆژەی داودئۆغڵو هاتە ئێرە، لە کۆبانێ نزیکەی 300 کەس کوژران. هەموو ئەمانە هاوکات بوون لەگەڵ ئەو ڕۆژانەدا. ئەو ڕۆژەی هاکان فیدانیش هات، ئۆتۆمبێلەکەی تەقێنرایەوە. هاکان پێی وتم کە دەچم بزانم چی ڕوویداوە. ئەمانە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو نین. ئێمە لە ساڵی 1993دا ئاگربەستمان ڕاگەیاند، فەرماندەی بتلیس کوژرا، دواتر 33 سەربازیش کوژران. من دەڵێم بۆ ڕێگریکردن ئامادەم. ئەمە پەیوەندی بە تەسلیمبوون و لاوازییەوە نییە. با بڵێین دەرفەتمان بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی ببینە دەوڵەت، ئەمە سەرکەوتنێکی ناڕاستەقینەیە، چونکە دەوڵەت بوتە و دەیانهەوێت هەموو کوردێک ئەو بوتە بپەرستن.
دەڵێن سەیرکە، کاتێک دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا کە ببینە دەوڵەت، ئاپۆی خائین ڕێگریی لە بەدەوڵەتبوونی ئێمە کرد. پێش هەمووان، بارزانی ئەمە دەڵێت، چونکە ئەم پلانە لە ڕۆژەڤدایە. باسی ئیسرائیلی دووەم دەکرێت، لەخۆیدا هەنووکە ئیسرائیلی دووەم هەیە، هی من نیە، ئەوەیە کە تۆ پشتگیریی دەکەیت. ئەوان دەیانهەوێت ئیسرائیل بکەنە زلهێزێکی باڵادەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەوڵەکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ بۆ ئەم مەبەستەیە. ستراتژییەکی 5 قۆناخییە، سێ قۆناخی یەکەمی واتە غەززە، سووریا و لوبنان کۆتایی هاتووە. دوو قۆناخ ماون کە بریتین لە تورکیا و ئێران. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم ستراتژییە کوردە. ئیسرائیل چۆن دەیهەوێت بەکاری بهێنێت؟ لە ئێستادا ئامانجی ئیسرائیل ئەوەیە کە من لەناو ببات. تەنانەت قەندیلیش عەقڵی ئەوەی نییە کە ڕێگری لەم کارە بکات. لەڕووی جوگرافییەوە قەندیل هیچ دەرفەتێکی نییە. قەندیل لەژێر کاریگەریی ئێراندایە و هەسەدەش لەژێر کاریگەریی ئیسرائیلدایە. تەنها من دەتوانم ڕێگری لەم کارە بکەم. من دەڵێم پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ تورکیادا (موخاتەب بەرپرسی دووەمی تورکیا) هاکان ئەمە قبووڵ ناکات، بۆچی؟
بەرپرسی دووەمی تورکیا: مەبەستم ئەوەیە کە هەنگاو بە هەنگاو بڕۆینەپێش.
سەرۆک: بەڵێ من ڤێرژنێک پێشکەش دەکەم، لەناو ئەو ڤێرژێنەدا جێگە و پێگەی من لە کوێدا دەبێت؟
بەرپرسی دووەمی تورکیا: دروستکردنی عەقڵی هاوبەش.
“بەو پێیەی ئەم کۆبوونەوەیە زۆر درێژە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان شاندی کات و ئۆجالان لە بابەتێکی دیکەدا باس دەکەین”.
بەردەوام دەبێت..