پەکەکە گیانلەدەستدانی پۆلێک گەریلای دیکەی پاش تێپەڕبوونی 8 ساڵ ئاشکرا کرد
پەکەکە ناسنامەی 8 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2017دا لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ماوەی 4 ڕۆژی ڕابردوودا، ناسنامەی 8 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ڕاگەیاند کە 8 ساڵ لەوەپێش بەدەست چەکدارانی تورکی بەکوشتن داون و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی شاردۆتەوە.
لەو 8 گەریلایە، 5 گەریلایان لە تەمووزی ساڵی 2017دا دوو گەریلایان لە مانگی ئاداری ئەمساڵ 2025 و گەریلاکەی دیکەشیان لە مانگی گوڵانی ئەمساڵ و لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بۆ سەر باشووری کوردستان، کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 8 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ قادر جەوزەل، خەڵکی شێرناخ لە باکووری کوردستان.
2ـ حەجی نیعمەت، خەڵکی شێرناخ لە باکووری کوردستان.
3ـ عەباس یووسف، خەڵکی شێرناخ لە باکووری کوردستان.
4ـ ئوگوور محەممەد ساڵح، خەڵکی ئایدین لە باکووری کوردستان.
5ـ جیهان فایق، خەڵکی مووش لە باکووری کوردستان.
6ـ ئومێد جەهانگیری، خەڵکی کامیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
7ـ جەهانگیر ئەمینی، خەڵکی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
8ـ سوڵتان گورگین، خەڵکی وان لە باکووری کوردستان.
پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 8 گەریلایەشی بۆ ماوەی 8 ساڵ لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردبۆوە و ئێستاش دەڵێت ئێمە هاڤاڵانی ئاپۆیی خۆمانمان لەدەستدا!.
پەکەکە ڕۆژانە وێنەی پۆلێک لە کچ و کوڕانی لاوی کورد بڵاودەکاتەوە کە لە ساڵ و مانگەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.