ناوی کچە ڕفێنراوەکە “عەدلە محەممەد عیسا”یە و دایکیشی ناوی “نارین”ـە و خەڵکی کۆبانێی ڕۆژئاڤایە.
چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر” کە ڕاستەوخۆ فەرمان لە پەکەکە وەردەگرن، لە ڕفاندنی منداڵان و پڕچەککردنی منداڵان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن و لەم دواییانەدا کیژۆڵەیەکی تەمەن 13 ساڵانی کوردی خەڵکی شاری کۆبانێ ڕۆژئاڤایان ڕفاندووە.
سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” ئاشکرایان کردووە، تاقمی چەتەئاسای بەناو “جوانێن شۆرەشگەر” لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2025دا کیژۆڵەیەکی دیکەی تەمەن 13 ساڵانیان لە شاری کۆبانێ ڕفاندووە و ڕەوانەی کەمپە سەربازییەکانی تایبەت بە چەکدارکردنی منداڵانیان کردووە.
سەرچاوەکانی دارکا مازی پشتڕاستیان کردۆتەوە کە ناوی کچە ڕفێنراوەکە “عەدلە محەممەد عیسا”یە و دایکیشی ناوی “نارین”ـە.
بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە ئەو کچە تەمەن 13 ساڵانەیان ڕفاندووە، ڕەوانەی کەمپێکی سەربازیی خۆیانیان لە سنووری گوندی ملیعێ لە باسووری سرینێی سەر بە شاری کۆبانێ کردووە تا وەکوو منداڵانی دیکەی رفێندراو، تێکەڵ بە خولی مەشقی سەربازی و ئایدیۆلۆژیی بکەن و دواتر لە ڕیزی گەریلاکانی پەکەکە/یەپەگەدا سازمانی بدەن.
سەرەڕای ئەوەی کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.
بەبڕوای چاودێران ئامانجی چەتەکانی تاقمی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر” لە ڕفاندنی منداڵ، شۆردنەوەی مێشکیان بەگوێرەی ئایدۆلۆژیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەکدارکردن و تێکەڵکردنیانە بە ڕیزی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە.