ئۆزچەلیک: بۆ ئەوەی زەمینە بۆ چارەسەری ڕاستەقینە فەراهەم بکرێت، پێش هەموو شتێک دەبێت “هەبوونی نەتەوەی کورد، مافی خوێندن بە زمانی کوردی، بەفەرمی بوونی زمانی کوردی، ئازادی بیرکردنەوە و ڕێکخستن لە یاسای بنەڕەتیدا گەرەنتی بکرێت و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن”.
مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، لە سیمینارێکدا لە سویسرا، داوای دامەزراندنی “پارتێکی چەتر، جەماوەری و هاوبەشی نەتەوەیی” لە باکووری کوردستان کرد. ئۆزچەلیک هەروەها ڕەخنەی توندی لەو پرۆسەیە گرت کە ئێستاکە لەنێوان دەوڵەتی تورک و ئۆجەلاندا لە ئارادایە و گوتی: “ئێمە لەم وتووێژە نهێنی و ناڕوونانەدا شەریک نین”.
لە سیمینارەکەدا کە ڕۆژی یەکشەممە 27/7/2025 لە شاری بازل لە سویسرا بەڕێوەچوو، مستەفا ئۆزچەلیک سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بە تایبەتی داوای لە پارت و گرووپ و کەسایەتییە نەتەوەییەکانی دەرەوەی پارتی دەم و هوداپار کرد کە هەنگاو بۆ یەکیەتی و یەکڕیزی بنێن.
ئۆزچەلیک لە بانگەوازە سەرەکییەکەیدا گوتی: “وەرن با بۆ دامەزراندنی پارتێکی سەیوان، جەماوەری و هاوبەشی نەتەوەیی ـ دیموکراتیک، دەست بدەینە دەستی یەکتر”. ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراندنی حزبێکی لەو شێوەیە کە بتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، دەتوانێت بۆ گەلی کورد “هیوا و ئاڵترناتیڤێکی بەهێز” بێت.
“بە ڕوانگەی نەتەوەیی دیموکراتیک، چارەسەری بەدی نایەت”
سەرۆکی PWK، ڕەخنەی لەو پڕۆسەیە گرت کە ئێستا بە ناوی “چارەسەری”ـەوە بەڕێوەدەچێت و هەڵوێستی حزبەکەی بەم شێوەیە دەربڕی: “ئێمە پشتیوانی لە چەکدانانی پەکەکە دەکەین؛ بەڵام لەگەڵ بیروبۆچوون و فکر و هەڵوێستەکانی ئۆجەلان و پەکەکە و دەم پارتیدا نین کە مافی نەتەوەیی و کۆلەکتیڤ و مافی ستاتۆیەکی سیاسی بۆ کورد لەبەرچاو ناگرن. پرسی کوردستان بە مافی یەکسانی هاوڵاتیبوون و نەتەوەی دیموکراتیک چارەسەر ناکرێت. پرسی کوردستان پرسی خۆبەڕێوەبەریی گەلی کوردستانە، پرسی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردە”.
ئۆزچەلیک هەروەها ڕایگەیاند کە نابێ چارەنووسی 30 ملیۆن کوردی باکوور لە پشت دەرگا داخراوەکان و بە شێوەیەکی ناڕوون لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک و پەکەکە و پارتی دەمدا دیاری بکرێت.
پێشمەرجەکانی چارەسەری
بە بڕوای ئۆزچەلیک، بۆ ئەوەی زەمینە بۆ چارەسەری ڕاستەقینە فەراهەم بکرێت، پێش هەموو شتێک، “دەبێت هەبوونی نەتەوەی کورد، مافی خوێندن بە زمانی کوردی، بەفەرمی بوونی زمانی کوردی، ئازادی بیرکردنەوە و ڕێکخستن لە یاسای بنەڕەتیدا گەرەنتی بکرێت و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن”.
سەبارەت بە پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئۆزچەلیک پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەکانی کۆنفرانسی قامیشلۆ دەربڕی و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەشی لە باشووری کوردستان کرد و جەختی لە گرنگی هاوکاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە.
سیمینارەکەی ئۆزچەلیک بە سەرپەرشتی ڕەفعەت سەفالی، جێگری سەرۆکی گشتی PWK بەڕێوەچوو و نوێنەرانی پەدەکە، پەسەکە، پەدەکە ـ باکوور، کەکەپە و زۆرێک لە سیاسەتوانان و ڕۆشنبیرانی کورد لە ساری بازلی سویسرا تێیدا بەشدار بوون.