عەبدی: ئامانجی سەرەکی ڕێککەوتننامەکە ڕاگرتنی شەڕ و یەکخستنی وڵات بوو کە لە نێوان چوار دەسەڵاتی جیاوازدا دابەش ببوو.
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی بەرفراواندا وردەکاری ڕێککەوتنەکەی 10ی ئازاری لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا ئاشکراکرد و ڕایگەیاند کە کەناڵەکانی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا کراونەتەوە. عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە فشار دەخاتە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.
عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە 8ی کانونی یەکەمی 2024دا، سووریا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی بەخۆیەوە بینیوە و لە میحوەری ئێران ـ ڕووسیا دوور کەوتۆتەوە و بەرەو میحوەری دژبەر هەنگاوی ناوە.
ڕێککەوتنی 10ی ئازار
مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی 10ی ئازار لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆککۆماری سووریا، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە پێکهات کە لە کۆتایی مانگی کانوونی 2024 لە دیمەشق دەستیپێکرد. ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆ سەرەتاییەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبوو.
عەبدی وتیشی: “گفتوگۆکان بە نێوەندگیری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمریکی و بەریتانیا بەردەوام بوو تا گەیشتینە کۆبوونەوەی دووەمی ڕۆژی 10ی ئازار، بەهۆی زیادبوونی مەترسی ململانێی تائیفی و پێکدادان لە ناوچە جیاجیاکانی سووریادا، لەسەر ئاگربەستێک لە سەرتاسەری وڵات ڕێککەوتین”.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ڕێککەوتننامەکە ڕاگرتنی شەڕ و یەکخستنی وڵات بوو کە لە نێوان چوار دەسەڵاتی جیاوازدا دابەش ببوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لەنیوان پێکهاتەکانی گەلی سوریادا، بووە هۆی ئەوەی کە بە پەلە بە ڕێککەوتن بگەین تا ڕێگا لە شەڕێکی ناوخۆیی بگیردرێت و گەڕانەوەی هاووڵاتیانی سڤیل مسۆگەر بکرێت.
عەبدی دەستنیشانی کرد، لە ڕێککەوتنەکەدا تەنها خاڵە گشتیەکان پەسەند کران و وردەکارییەکان بۆ خولەکانی داهاتووی گفتوگۆکان جێهێڵران. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین شت ڕێککەوتن بوو لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە، کە پرسی کورد گرنگترینیان بوو.
هەڵوێستی تورکیا و ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
سەبارەت بە ڕۆڵی هێزە دەرەکییەکان، عەبدی ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا تەنها لە کاتی سەردانەکەیاندا بۆ دیمەشق پاڵپشتی لۆجستییان کردووە، بەڵام بەشداری کۆبوونەوەکانیان نەکردووە.
سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا، عەبدی وتی، “تورکیا لایەنێکی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنەکە نەبووە، بەڵام سەرەڕای هەڵوێستی ناسراوی بەرامبەر بە (هەسەدە) دژایەتی ئەو ڕێککەوتنەی نەکردووە”.
عەبدی هەروەها ڕایگەیاندووە کە کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ تورکیادا هەیە و ئەمەی بە “ئەرێنی” وەسف کرد. هەروەها ڕایگەیاند: “ئەنقەرە داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازار دەکات و فشار دەخاتە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە بگەنە لێکتێگەیشتن”.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای بوونی ناکۆکییەکان، هەسەدە لە دۆخی یەکگرتووی سووریادا خۆی وەک بەشێکی سروشتی لە سوپای سووریا دەبینێت. هەروەها ڕاشیگەیاند کە ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیاش هێشتا لە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی سووریادا بەشداران و ئەمەش گرینگییەکی جیددی نێودەولەتیی بۆ چارەسەرییەکی سیاسیانەی گشتگیر پیشان دەدات.