عێراق گەمارۆی خستۆتە سەر مەخموور، بەڵام پەکەکە، پەدەکە بە تاوانبار دەزانێت..

عێراق گەمارۆی خستۆتە سەر مەخموور، بەڵام پەکەکە، پەدەکە بە تاوانبار دەزانێت..

کێشەی کەمپی مەخموور، بە هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری چارەسەر نابێت، ئەگەر پەکەکە بەڕاستی دەیهەوێت کێشەکە چارەسەر بکات، دەبێ لە کەمپەکە بکشێتەوە.

کەمپی مەخموور کە پەنابەرانی باکووری کوردستانی تێدا نیشتەجێ کراون، جارێکی دیکە لە لایەن میدیاکانی پەکەکەوە بووەتە ڕۆژەڤ. بەپێی هەواڵی میدیاکانی پەکەکە، دەوڵەتی عێراق جۆرێک لە گەمارۆدانی بەسەر کەمپەکەدا سەپاندووە و کاتێک خەڵکی مەخموور دەیانهەوێت پێداویستییەکانی بیناسازی وەک چیمەنتۆ و بلۆک و هتد… بهێننە ناو کەمپەکە، دەبێت سەربازێکی عێراقی یاوەرییان بکات.

پەکەکە وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی، هەرکاتێک بیهەوێت هێرش بکاتە سەر دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ش دەداتە پاڵ ئەو دەوڵەتە و دەیهەوێت بەو شێوەیە پەدەکە ناشیرین بکات. هەرکاتیش پەکەکە ئەمەی کردبێت، بە دڵنیاییەوە لە پشت پەردەوە ڕاستییەک هەیە کە پەکەکە دەیهەوێت بە ڕەشکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو ڕاستییە بشارێتەوە و درۆ و خیانەتەکانی خۆی پێ پەردەپۆش بکات.

لەم دواییانەدا ماڵپەڕی “ڕۆژ نیوز”ی پەکەکە، دوو هەواڵی دەربارەی کەمپی مەخموور لە ژێر مانشێتەکانی “گەمارۆدانی سەر مەخموور چووەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە: 1 کیسە چیمەنتۆ، 1 سەرباز!” و “عێراق جارێکی دیکە دەیەوێت چواردەوری کەمپی کەمپی مەخموور تەلبەند بکات”، بڵاو کردەوە و لە هەردوو هەواڵەکەدا، ئەوەندەی هێرشی کردۆتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، ئەوەندە ناوی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقی نەهێناوە و هێرشی نەکردووەتە سەری.

ڕاستە کە کەمپی مەخموور گەمارۆی لەسەرە، بەڵام بۆچی گەمارۆی لەسەرە و کێ بووتە هۆی ئەوەی کەمپی مەخموور بکەوێتە دۆخێکی وەهاوە؟

کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەکەکە لە ساڵی 2024دا ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ یەکەی دەوڵەتی عێراق کرد و ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت کەمپەکە ئاوەدان بکەنەوە و نەخۆشخانە و قوتابخانەیەک دروست بکەن و 5 ملیۆن بلۆک کە بەشێکیان لە شێوەی هاوکاری بوون لەگەڵ ئاسن و چیمەنتۆ و ئامێرەکانی چیمەنتۆ و هتد…یان هێنایە ناو کەمپەکە. دوای ساڵێک دەوڵەتی عێراق ویستی سەردانی کەمپەکە بکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا نەخۆشخانە و قوتابخانەکە دروست کراوە و کارەکانی بیناسازی لە چ قۆناخێکدایە، بەڵام کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەکەکە هەوڵیدا ئەم سەردانە دوابخات. بەڵام دواجار سەردانەکە ڕوویدا و دەرکەوت کە هیچ شوێنێکی مەدەنی نوێ لە کەمپەکەدا دروست نەکراوە.

ئەو ئامراز و کەرەستانەی کە بەشی دروستکردنی نیوو شارێکیان دەکرد لە هیچ کوێ دیارنەمابوون و هیچیشیان پێ دروست نەکرابوو، لە ئەنجامدا عێراق داوای گەڕاندنەوەی کەرەستەکانی کرد.

پەکەکە سەرجەم ئەو مەواد و کەرەستانەی بۆ دروستکردنی توونێل بەکارهێنابوو. ئێستا حکوومەتی عێراق ئەو ڕێککەوتنەی ڕاگرتووە کە لە ڕابردوودا کردوویانە و ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆخە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنانەدا ناگونجێت کە واژۆ کراوە. بە واتایەکی تر بارودۆخی مەخموور، کێشە لەگەڵ خەڵکدا نییە، بەڵکوو کێشەی نێوان پەکەکە و حکومەتی عێراقە.

ئەو تونێلانەی پەکەکە دروستی کردوون، بۆ خەڵکی مەخموور بێ کەڵکن. لە ئێستادا خەڵکەکە دەتوانێ خۆی بپارێزێت. ئەو تونێلانە تەنها بۆ پێویستی پەکەکە دروست کراون. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش حکومەتی عێراق گەمارۆیەکی بەسەر کەمپی مەخموردا سەپاندووە و ڕێگە نادات کەرەستەی بیناسازی بە ئاسانی بگوازرێتەوە بۆ ناو کەمپەکە. ئەوەی ئۆردوگای مەخمووریا خستۆتە ئەم دۆخەوە، خودی پەکەکەیە نەک هیچ لایەنێکی تر.

لە ڕاستیدا پەکەکە خەڵکی ناو کەمپەکە وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی خۆی بەکاردەهێنێت. پەکەکە لە ساڵی 1994 بەملاوە، خەڵکی مەخموور بە پێی ئەجێندای خۆی ئیستیسمار دەکات و لە پێناو بەرژەوەندیی حیزبیی خۆیدا بەکاریان دەهێنێت. لە ساڵی 1995دا، کاتێک ئەو خەڵکە لە کەمپی ئەترووش لە نزیک دهۆک بوون، پەکەکە ویستی ئەم کەمپە وەکوو سەنگەرێکی شەڕ لە دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەکار بهێنێت. پەکەکە ئۆردوگاکەی کردە مەیدانی شەڕ و ناچاری کردن کە بڕۆن و لە دەشتاییەکانی مەخمووردا جێگیر ببن. لەوێش پەکەکە کەمپەکەی وەک بنکە بەکارهێنا و دەیهەویست سوود لە شەرعیەتی نێودەوڵەتی کەمپەکە وەربگرێت.

کێشەی کەمپی مەخموور، بە هەواڵی ناڕاست و سیاسەتی هەڵەی پەکەکە چارەسەر نابێت، ئەم کێشەیە دەکرا بە دەستپێکردنی گەڕانەوەی گوندنشینەکان لە ساڵی 2004دا چارەسەر بکرایە و خەڵکەکە دەکرا بگەڕێنەوە بۆ گوند و زێدی خۆیان، بەڵام پەکەکە ئەمەی قبووڵ نەکرد. لەو کاتەوە 21 ساڵ تێدەپەڕێت، خەڵکەکە بە دەستپێشخەری خۆیان چوونەتە تورکیا و پاسپۆرتی یاساییان وەرگرتووە، قەرەبووی گوندەکانیان وەرگرتووە و دیسان گەڕانەتەوە بۆ کەمپی مەخموور. بە واتایەکی تر کێشەی کەمپی مەخموور لە لایەن پەکەکەوە بۆ ماوەی 20 ساڵ دواخراوە.

ئەگەر پەکەکە بەڕاستی دەیهەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، پێویستە لە کەمپەکە بکشێتەوە. ئەم کێشەیە بە هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری و تاوانبارکردنی پەدەکە چارەسەر ناکرێت و ئێستا لایەنگرانی پەکەکەش بۆخۆیان لەوە تێگەیشتوون.

پوستێن ھەمان بەش