بابەتی ڕادەستکردنەوەی دوو بەرپرسی گومانباری میت لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا…

پرسی ڕادەستکردنەوەی دوو بەرپرسی گومانباری میت لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا...

پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا هەیە و دیار نییە کە دەستی کێ لە گیرفانی کێدایە.

وەک یەکێک لە هەنگاوەکانی “پرۆسەی” شاراوەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک، دوو بەرپرسی میت ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرانەوە. ئەم هەنگاوانە کە بە نهێنی و بێدەنگی لە خەڵکەوە هەڵدەگیردرێن، هەندێک جار لەلایەن خەڵکەوە دەبیسترێت.

پرۆسەی نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە هێشتا بە تەواوی ناوی لێنەنرابوو کە لە پارلمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بە ناوی “کۆمیسیۆنی یەکگرتنی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی” دامەزرا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە پرۆسەکە بە یەکگرتوویی نیشتمانی پێناسە بکرێت. بەڵام پرۆسەکە بە دوو ئاراستەدا بەردەوامە: ئاشکرا و شاراوە. لە لایەکەوە هەندێ هەنگاو لەبەردەم ڕای گشتیدا دەنرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ هێورکردنەوە و سەرقاڵکردنی خەڵکە.

لە لایەکی ترەوەش هەنگاوی شاراوە دەگیرێتەبەر. دارکا مازی پێشتر فایلێکی لەسەر ئەم بابەتە بەناونیشانی لە مەتینا “پەکەکە بە نهێنی چەک و تونێلەکانی ڕادەستی سوپای تورکیا دەکات”، بڵاوکردۆتەوە. لە باشووری کوردستان پەکەکە هەندێک کۆگای چەک و تونێل ڕادەستی دەوڵەتی تورک دەکات و لە بەرامبەریشدا ئەرتەشی تورک ڕێگە بەو گەریلایانەی پەکەکە لەو ناوچانە دەدات کە شوینەکانیان بگوازنەوە و ڕوو لە ناوچەکانی دیکە بکەن. ڕادەستکردنی دوو بەرپرسی میت لەلایەن پەکەکەوە هەنگاوێکی ترە کە زۆر بە نهێنی گیراوەتەبەر.

بە بێدەنگی ڕادەست کران

پرسی ئەو دوو ئەندامەی میت بە بێدەنگییەکی زۆرەوە چارەسەر کرا. بەپێی هەواڵەکان، ئایدن گونەی، یەکێک لە دوو ئەندامەکەی میت، لە ساڵی 2022دا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدابوو، ئەوی دیکەشیان لە ئۆپەراسیۆنێکی میتدا ڕادەست کراوە. ڕێک 9 ساڵ لەمەوبەر و لە 4ی تەباخی 2014دا، پەکەکە بە شێوەیەکی گوماناوی ئەم دوو ئەندامەی میتی گرتبوو. وەکوو چەرخی فەلەک، دیسان لە ڕۆژێکی مانگی تەباخدا جارێکی تر ئاشکرا بوو کە ئەم دوو ئەندامەی میت لەلایەن پەکەکەوە ڕادەستی تورکیا کراونەتەوە.

(ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هەندێ ئیدیعا هەن باس لەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو ئەندامانی میت کە لە لایەن پەکەکەوە گیراون 4 کەس بوون. هەروەها تونجای ئۆزکان، ڕۆژنامەنووس و نووسەر، باسی لەوە کردووە کە 4 ئەفسەری میت لە دەستی پەکەکەدا بوون. بەڵام بە هۆکارێکی نادیار پەکەکە تەنیا ناسنامەی دوو لە ئەفسەرانی میتی ئاشکرا کردووە و دوو ئەفسەرەکەی دیکەش بێسەروشوێن بوون).

زۆر جێگای سەرنجە کە پەکەکە، کاتێک ئەو دوو بەرپرسەی میتی دەستگیر کرد، بە دەوڵ و زۆڕنا بڵاوی کردەوە و ساڵانێک لەسەر دانپێدانانی ئەو دوو بەرپرسە هەواڵی دروستکرد، بەڵام لەسەر ڕادەستکردنەوەکەیان تاقە یەک هەواڵیشی بڵاو نەکردەوە. بە هەمان شێوە دەوڵەتی تورکیش بە فەرمی هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردۆتەوە. بۆ یەکەمجار ئەو هەواڵە لە لایەن ئەندامێکی پێشووی پەرلەمان لە سۆشیال میدیا بڵاو کرایەوە. دواتر نووسەر عبدالقادر سەلڤی کە کەسێکی نزیک لە ئاکەپەیە، وتارێکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردەوە. بە واتایەکی تر، هەردوو لایەن دەوڵەت-پەکەکە، لەسەر پرسێکی وەها گرنگی دوو ئەندامی پلە باڵای میت، کەڕ و بێدەنگ بوون.

ئایا ئەمە ڕووداوێکی نائاسایی بوو؟

ئەو دوو بەرپرسەی میت کە لەلایەن پەکەکەوە گیران، ئایا دواتر بوون بە ئیعترافکار؟

چیرۆکی چۆنیەتی گیرانی ئەو دوو بەرپرسەی میت لەلایەن پەکەکەوە چیرۆکێکی زۆر لێڵ و تاریکە. بەپێی ئیدیعاکانی پەکەکە، ئەو دوو بەرپرسەی میت لە هەڵمەتێکدا لە نزیک شارۆچکەی دووکان دەستگیر کراون. تەنانەت پەکەکە بۆخۆی گرتە ڤیدیۆییەکانی هەڵمەتەکەی بڵاوکردەوە. بەڵام شتی تراژدی ـ کۆمیک ئەوە بوو کە کەسی سێهەم کەوا لەگەڵ ئەو ئەندامانی میت دەستگیرکرابوو، هاوڕێی جەمیل بایک و مستەفا قەرەسوو، واتە مەلا مەهدی گەڤەری بوو. کوڕی محەممەد زاهیر مەلا مەهدی، لە پەیوەندییەکانی پەکەکە ـ میت و ماددەی هۆشبەردا، کەسێکی تاریک بوو. مەعقول نییە کە ئەو دوو بەرپرسەی میت بتوانن بچنە ناوچەیەکی ئاوا نائەمن. دیمەنەکانی گرتنی ئەوان کەمێک لە شانۆیەکی بەلاشی تەلەفزیۆنی دەچێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە دوو بەرپرسە ڕاهێنراوەی میت لەناکاو وەک بولبول دانپێدانانیان پێشکەش بە پەکەکە کرد. دەیان زانیارییان پێشکەش کرد، لە کوشتنی ساکینە جانسزەوە بگرە هەتا تۆڕی میت لە ئەوروپا و ڕۆژنامەنووسانی میت و ژوورەکانی ئەشکەنجەدان لە ناو بینای میتدا. جگە لەوەش، بە کەڵکوەرگرتن لەو زانیارییانەی کە ئەم بەرپرسانەی میت پێشکەشیان کردوون، پەکەکە لە 17ی تەمووزی 2019دا لە چێشتخانەی هۆققەباز لە هەولێر تەقەی لە ئەفسەرێکی میت کرد. ئەو دوو ئەندامەی میت لەبەردەم کامێراکاندا پێداگرییان دەکرد کە “ئێمە ئەشکەنجە نەدراوین”. کەواتە بۆچی ئیعترافیان کردووە؟

ئایا ئەوانە ئەندامی بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن بوون؟

هەندێک سەرچاوەی نزیک لە فەتحوڵڵا گولەن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم دوو ئەفسەرەی میت ئەندامی بزووتنەوەی گولەن بوون. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە ساڵی 2016دا دوای ئەو ڕووداوانەی کە بە کودەتای 15ی تەمووز ناسراون، ڕاوکردنی جەماعەتی گولەن لە تورکیا دەستیپێکرد. واتە ئەو کەسانەی نزیک بوون لە فەتحوڵا گولەن، یەک بە یەک لەناو دەبران، دەستگیر دەکران یان ناچار دەکران کە هەڵبێن. هەروەها دەزگا هەواڵگرییەکانیش پشکی خۆیان لە تاوانباریەکەدا وەرگرت. بۆ نموونە ئایهان ئۆران، بەرپرسی باڵای میت، بێسەروشوێن بووە.

بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو دوو بەرپرسەی میت کە پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکات کە دەستگیری کردوون، پەیوەندییان بە بزووتنەوەی گولەنەوە هەبووە. وە ڕاستییەکە ئەوەیە کە پەکەکە لە کاتی دانوستانەکانی پرۆسەی ئاشتیدا لە ساڵی 2013، پەیوەندی گرنگی لەگەڵ بزووتنەوەی گولەندا پێشخستبوو. بەگوێرەی زۆرێک لە سەرچاوەکان جەمیل بایک لە نزیک شاری سلێمانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرێکی گولەن کۆببوەوە. ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ ڕووخاندنی حکومەتی ئەردۆغان کرا. بۆ نموونە ئەو خەندەقانەی کە باکووری کوردستانیان کاول کرد، بابەتی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا بوو. تەنانەت لەبیرمانە کە دوران کاڵکان لەو کاتەدا ڕوو لە سوپا قسەی کردووە و داوای لە جەماعەتی گولەن کرد و گوتی: “ئێوە دەستوەردان ناکەن، ئێمە سەرباز ناکوژین”. بزووتنەوەی گولەن دەرفەتی بە پەکەکە دا کە لە ئەمریکا لۆبی بکات. ئەوان لە زۆر بابەتی دیکەشدا هاوکاریان کرد.

دەکرێ بڵێین ئەو دوو بەرپرسەی میت بە ناوەکانی ئەرهان پەکچەتین و ئایدن گوونەل لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییەدا، بە ئیرادەی خۆیان و خۆبەخشانە تێکەڵ بە پەکەکە بوون. جگە لەوەش هیچ ڕاڤەکردنێکی تر نییە بۆ ئەوەی ئەو دوو بەرپرسەی میت لە چاوی پەکەکەدا وەک ئیخبارکار مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئایا ئەوان لە ڕۆژئاڤاوە ڕادەست کراونەتەوە؟

دەوڵەتی تورکیا هەرگیز لە میدیاکانیدا سەرنجی نەخستۆتە سە ئەو بەرپرسە بەدیل گیراوانەی میت و بە فەرمی خاوەندارێتیی لێنەکردن. لە ئێستادا هیچ وردەکارییەک سەبارەت بەم دوو کەسە ناخرێتەڕوو. بەڵام سەرچاوەکانی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە ئەم دوو بەرپرسەی میت لە ڕۆژئاڤاوە ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کراونەتەوە. پێشتر زۆرێک لە سەرچاوەکان ڕایانگەیاندبوو کە ئەو دوو بەرپرسەی میت لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورک بەدوایاندا دەگەڕا و دەیهەویست بیانکوژێت، ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کراون. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەو دوو بەرپرسەی میت لە ساڵی 2020دا بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان گواستراونەتەوە بۆ ڕۆژئاڤا. جگە لەوەش بەپێی سەرچاوەکانی ناو پەکەکە، ئایدن گونەل بەهۆی جەڵتەی دڵەوە نەمردووە. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئایدن گونەل ئەو کەسە بوو کە لە دانپێدانانەکانیدا زۆرترین زانیاریی درکاندبوو و بە زۆری هاکان فیدانی کردبووە ئامانج و لێدوانی وەهای دابوو کە میتیان دەخستە دژوارترین دۆخەوە. بۆیە مردنی گونەل لەم ڕووەوە جێگای پرسیارە. ڕوونە کە ئەرهان پەکچەتین دوای ئەوەی ئەوەندە زیانی بە دەوڵەت گەیاندووە، نایهەوێت کە بگەڕێتەوە بۆ تورکیا. تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا بە زۆر ڕەوانەی تورکیا کراوەتەوە یان بووەتە قوربانیی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا.

بێگومان زانیاری کەمە، چونکە هەردوولا وردەکاریەکان دەشارنەوە، بەڵام ئەو زانیارییانەی کە باس لەوە دەکەن لە ڕۆژئاڤاوە ڕادەست کراونەتەوە، بۆ تێگەیشتن لە نەخشەی پەیوەندییەکانی پەکەکە ـ میت بەڕاستی گرینگن.

ئەو دەرەنجامانەی کە دەتوانین لە ڕووداوی ئەو دوو ئەفسەرەی میت وەریبگرین بریتین لە: پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا هەیە و دیار نییە کە دەستی کێ لە گیرفانی کێدایە. ئەمە لە ڕابردووشدا ڕاست بووە و لەئێستاشدا هەر ڕاستە. ئێستاکە هەماهەنگی ڕۆژانەی نێوان هەردوو لایەن بەردەوامە. لە ڕاستیدا ئەم هەماهەنگییە پراکتیکییە ڕۆژانەیە لە ڕۆژئاڤاشدا هەیە.

بێگومان دەتوانین دەرەنجامێکی شەخسیشی لێ دەربهێنین: هەرکەسێک بچێتە نێوان ئەم دوو لایەنە میت – پەکەکە، دواجار دەبێتە قوربانی.

پوستێن ھەمان بەش