ئۆجەلان: “هەسەدە بووە بە سەد هەزار کەس، ئیسرائیل حەشدی شەعبی خۆی پێکهێناوە”.
وەک دەزانرێت شاندی دەم پارتی لە ڕێکەوتی 25ی نیسانی ئەمساڵ (2025)دا بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەردانی دوورگەی ئیمرالی کردبوو. لەو دیدارەدا ئۆجەلان و وەفدی دەم پارتی زۆر بابەتیان تاوتوێ کرد و لەوانە باسیان لە بارودۆخی تەندروستی سری سورەییا ئۆندەریش کردبوو. هەرچەندە هەندێک لە گفتوگۆکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شاندی “پارتی دەم”ـەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام هەموو گفتوگۆکان بڵاو نەکرایەوە. دواتر ناوەڕۆکی ئەو دانوستانانە بە زمانی تورکی لە ئەورووپا بڵاو کرایەوە و باس لەوە کرا کە ئەو ئاخاوتنە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەوە بە نهێنی بڵاو کراوەتەوە، بۆیە ئێمە لەم بابەتەدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو قسانە وەک خۆی بڵاو دەکەیەنەوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئۆجەلان بە شاندی ئیمرالی و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دەڵێت، سەرکردە کوردەکانی وەک شێخ سەعید و سەید ڕەزا و جەمیل چەتۆ چوونە لای مستەفا کەمال و داوایان لێکردووە کە بەزەیی پێیاندا بێتەوە، بەڵام مستەفا کەمال ڕەحمی پێنەکردوون. ئۆجەلان بەم کارە دەیهەوێت ئەو سەرکردە نەتەوەییانەی کورد کە هەموو تەمەنیان بە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران تەرخان کردووە، وەک کەسانی بێ ئیرادە و ترسنۆک نیشان بدات. بەڵام مێژوو شایەتحاڵی ئەو ڕاستییەیە کە ئەم ڕێبەر و سەرۆکە نەتەوەییانەی کورد، بە پێچەوانەی ئۆجەلان، هەرگیز خۆیان تەسلیمی دەوڵەت نەکرد و سەریان بۆ دەوڵەتی تورک نەوی نەکرد و بە سەرفرازییەوە لەم دونیایەدا کۆچیان کرد.
ئۆجەلان هەروەها لەم بەشەی قسەکانیدا، هەسەدە بە حەشدی شەعبی ئیسرائیل وەسف دەکات.
گفتوگۆی شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت:
سەرۆک: ڕەنگە ئێوە بتانهەوێت کە من لەناو ببەن (بەرپرسەکانی تورکیا ناڕەزایەتیان دەربڕی)، بەڵام دەزانم، کە ئەوە 30 ساڵە ئێوە من دەپارێزن.
ئەفسەری یەکەم: بەڕێز ئەحمەدمان هێناوە بۆ ئەوەی بتوانین باشتر بتپارێزین.
سەرۆک: ئێمە هیچ کارێکی خراپ ناکەین، ئێمە کورد نافرۆشین، من مامۆستای بەرگری لەخۆمم، بەڵام ئێستا خیانەتی کرد و ستاتۆیەکی بە سەر کورداندا سەپاند. هیچ دانوستانێک ناکرێ، دۆخەکە بەو پێیە باس دەکرێت. ئیسرائیل لە کاردایە. ڕووی کردە یەکێک لە بەرپرسەکانی دەوڵەتی تورک و وتی: هاوڕێیەکی تۆ لەوێ دانیشتبوو و پێم گوت کە هەسەدە دەبێت بە سەد هەزار کەس، ئەو پێی خۆش نەبوو. نابێ تۆ لەم بارەیەوە تووڕە بیت، بەڵام هەسەدە بوو بە سەد هەزار، ئیسرائیل حەشدی شەعبی خۆی پێکهێناوە. قەرەیلان باسی لەوە کرد کە ئێمە تەکنۆلۆژیایەکی وامان هەیە کە دەتوانین لە دووری 800 کیلۆمەتر بەرگری لە خۆمان بکەین. ئەمە یان ئێران ئەم تەکنەلۆجیایەی پێبەخشیون یان ئیسرائیل، ڕاستە کە ڕەنگە دەرئەنجامی ئەمە بەدەوڵەتبوون بێت، بەڵام سەرکەوتنەکەی لاوازە، ئێمە 50 ساڵ شەڕمان کرد، زۆر قورس بوو. من لە خوەشیاندا نەمتوانی پاروو بخەمە دەممەوە و وردی بکەم. جەوهەری کێشەی کورد وەهایە کە خۆی لە لووتکە فڕێداوەتە خوار، شێخ سەعید و سەید ڕەزا و جەمیل چەتۆ چوون بۆ لای مستەفا کەمال و داوایان لێکرد کە بەزەیی پێیاندا بێتەوە، بەڵام مستەفا کەمال ڕەحمی پێیان نەکرد. ئێستا کوردێکی جاشی وەهاش هەیە کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدایە و سبەی لەگەڵ ئیسرائیلە، ئەوەی کە بۆ ئێوە پێویستە هێزی ئایدۆلۆژییە. ئەوان دەڵێن لەسەر بنەمای بیروباوەڕ ئەم کارە دەکەن، بەڵام ئەمە مەسەلەی باوەڕ نییە، پێویستی بە هەقیقەت و ڕاستی و ڕیئالیستبوون هەیە، پێویستی بە ستراتیژی و تێگەیشتنێکی باش لە دەوڵەت هەیە و پێویستی بەوە هەیە کە هاوپەیمانەکانتان زۆر بە وردی و بە باشی هەڵببژێرن. ئەو خاڵەی کە باخچەلی پێیگەیشتووە، نیشانەی پێگەیشتنی شۆڕشی نەتەوەپەرستانەیە.
بەرپرسێکی تورک: بەڕێز عەبدوڵڵا، شۆربا و خواردن؟
سەرۆک: بەڵێ.
دەستیان کرد بە هێنانی خواردن بۆ سەر مێزەکە، شۆربا و مریشک و برنج و زەڵاتە و تۆستیشیان هێنا. ئێمە هەم خواردمان دەخوارد و هەمیش قسەمان دەکرد.
پەرڤین بوڵدان: لێرەدا شەرت و مەرجی تۆمارکردنی ڤیدیۆ کۆنگرە هەیە…
بەرپرسی یەکەمی دەوڵەتی تورک: ئێمە لەم مژارەدا 51%ین، واتە 51% لە خاڵێکی ئەرێنیداین. ئەم بابەتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە ئەمە تایبەتە بە پاراستنی مەحرەمییەت، ئەگەر ئەم تۆمارە ڤیدیۆیە بچێتە سەر ئینتەرنێت ئەوا ئەم پرۆسەیە بۆ ماوەی ساڵێک دوادەخات، ئەمەش خاڵێکی زۆر خراپە. بۆیە پێویستە لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ سەرۆک کۆماردا دانوستان بکرێت.
پەرڤین بوڵدان: سەرۆک، ئێمە پەیامەکەتمان گەیاندە سەرما ئۆزال، باری تەندروستیی زۆر باش نییە، بۆیە پەیامەکەتمان دا بە دەستی کوڕەکەی.
پەرڤین بوڵدان: ئایا بۆ هاتنی سەزگین تانریقوولوو و ئۆزگوور ئۆزەل بۆ ئێرە هیچ هەماهەنگییەک کراوە؟
سەرۆک: من تەنها وەک پەرسپەژتیڤێک باسم کردووە، بەم نزیکانە پرسی جەهەپە، دەبێتە پرسێکی گرینگ.
پەرڤین بوڵدان: هاوسەرۆکانی ئێمە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جەهەپە ئەنجامدا.
سەرۆک: منیش لێرە لەگەڵ دەوڵەت کار دەکەم، هیچ پەیوەندییەکی بە ئاکەپە و هاوپەیمانی کۆمارییەوە نییە، جەهەپە خۆی بە خاوەنی دەوڵەت دەزانێت، ڕاستە؟ باشە ئێمە لەگەڵ دەوڵەت کۆدەبینەوە، ئەگەر کۆمیسیۆن یان شاندێک هەبێت، بە دڵنیاییەوە حەز دەکەم لە ڕێگەی ئەوانەوە لەگەڵ جەهەپە کۆببمەوە.
بەرپرسێکی تورکیا: سەزگین دەتوانێت بێت، بەڵام پێموانییە ئۆزگور ئۆزەل بتوانێت بێت، نازانم.
سەرۆک: ئامانجمان ئەوە نیە کە لە هاوپەیمانی کۆماری یان هاوپەیمانی تورکیا قازانج بکەین. ئامانجمان بەهێزکردنی دیموکراسی تورکیاییە. ئەگەر سەربکەوین، دیموکراسی بەهێز دەبێت و کۆماری دیموکراتیک بەهێزتر دەبێت، ئێمە خاڵی تایبەت بە دیموکراسی دەخەینە ناو دەستووری بنەڕەتییەوە. هەتا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، دەوڵەت ناتوانێت دیموکراتیک بێت. پرسی کورد بابەتی مان و نەمانە، ئێمە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین. با هەندێک گوێ بگرن، من نامەیەکم بۆ نومان کورتولموش ناردووە و پێم وتووە گوێم لێ ڕابگرن. ئێمە داوای کۆمارێکی دیموکراتیک دەکەین. بۆچی ئێوە لە دژی ئەمەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن؟ مستەفا سوبحی هات، لە ڕێگادا کوشتیان، کۆچگیری بە تەواوی وێران کرا، شێخ سەعید، سەید ڕەزا، سەعید ئەلچی، قورمزی تۆپراخ، ماهیر چاپان، دەنیز گەزمیش… من سەرکەوتوو بووم و لەگەڵتانم. ماوەی 30 ساڵە لێرەم و پەیوەندییم لەگەڵ دەوڵەتدا هەیە. بنەماڵەیەکی گەورە یان عەشرەتێکی گەورەم نییە، من پشتگیرییەکی لەو شێوەیەم نییە، بە هەندێک لە لێهاتووییەکانم ئەم بابەتەم گەیاندە ئەم ئاستە. دەمیرل چی دەگوت؟ کۆتایی سەرهەڵدانی کوردان. گومانی تێدا نییە کە من باشترین کەسم بۆ سەرخستنی کۆتاییهێنان بە سەرهەڵدانی کوردان. من نامهەوێت تاریف لە خۆم بکەم، بەڵام من ئاگادارم کردەوە و پێم گوت، بە نکۆڵیکردن لە کورد، کۆتاییهێنانی خۆتان خێراتر دەکەن. ئۆزال وتی، بەڵێ ئەوەی دەیڵێیت ڕاستە، بەڵام ئەوە بەسە.
“بەو پێیەی ئەم کۆبوونەوەیە زۆر درێژە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان شاندی کات و ئۆجالان لە بابەتێکی دیکەدا باس دەکەین”.
بەردەوام دەبێت..