18 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی گرعوزێر و سیپا شێخ خدرییەدا تێپەڕبوو

18 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی گرعوزێر و سیپا شێخ خدرییەدا تێپەڕبوو

سەرەڕای ئەو کارەساتە گەورەیە بەڵام حکومەتی عێراق ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان زۆر کەمتەرخەم بووە.

لە 18ـەهەمین ساڵوەگەڕی تەقینەوەکانی گرعوزێر و سیپا شێخ خدرییەدا، کەسوکاری قوربانییان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن، قەرەبوویان بکەنەوە و کەسانی پشت هێرشەکان ئاشکرا و دەستگیر بکات.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی تەباخی 2025، ڕێک 18 ساڵ بەسەر تەقینەوەکانی کۆمەڵگەکانی گرعوزێر (قەحتانیە) و سیپا شێخ خدری (جەزیرە) لە سنووری شنگال تێ دەپەڕێت کە بەهۆیەوە زیاتر لە 300 کەس گیانیان لە دەستدا و سەدانی دیکەش بریندار بوون.

لە ڕێکەوتی 14ی تەباخی 2007دا، زنجیرەیەک تەقینەوەی خۆکوژی لە کۆمەڵگەکانی گرعوزێر (قەحتانیە) و سیپا شێخ خدری (جەزیرە) لە قەزای شنگال، بووە هۆی کارەساتێکی مرۆیی گەورە.

ئەم هێرشانە کە ڕاستەوخۆ هاووڵاتییانی ئێزدییان کردە ئامانج، بە یەکێک لە خوێناویترین کردەوەی تیرۆرستی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دادەنرێت.

تەقینەوەکان لە ڕێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری پڕ لە ماددەی تەقەمەنی و “تی ئێن تی” ئەنجامدراون کە لەلایەن خۆکوژانەوە لێدەخوڕران. هێرشەکان لە کاتژمێر 08:00ی سەرلەبەیانی بە کاتی ناوچەکە ڕوویاندا.

ئاماری قوربانییان:

ـ گیانلەدەستدان: زیاتر لە 314 هاووڵاتی

ـ بریندار: بە سەدان کەس

ـ وێرانی: نزیکەی 700 خانوو بە تەواوی وێران بوون و 1200 خانووی دیکەش زیانیان بەرکەوت.

ـ تەرمی نەناسراوە: بەهۆی سەختی تەقینەوەکانەوە، ناسنامەی 41 قوربانی نەزانرا و لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە شنگال بەخاک سپێردران.

ـ منداڵانی بێسەرپەرشت: ئەم کارەساتە بووە هۆی بێ سەرپەرشتبوونی نزیکەی 400 منداڵ.

بەرپرسیارێتیی هێرشەکان

هەرچەندە هیچ لایەنێک ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی، پەنجەی تۆمەت بۆ ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق درێژ دەکرا. لە 3ی ئەیلوولی 2007، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە کەسێکیان بە ناوی “ئەبو محەمەد ئەلعەفری” کوشتووە، کە گومانی لێدەکرا پلاندانەری سەرەکی تەقینەوەکان بووبێت.

قەرەبوونەکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان

تەقینەوەکانی گرعوزێر و سیپا شێخ خدر، کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر دانیشتووانی ئێزدی و تەواوی ناوچەکە بەجێهێشت. زۆرێک لە بریندارەکان تا ئێستاش پێویستیان بە چارەسەرە و سەرەڕای ئەو کارەساتە گەورەیە بەڵام حکومەتی عێراق ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان زۆر کەمتەرخەم بووە.

پوستێن ھەمان بەش