ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای 2025ـەوە 116 کوردی لەسێدارە داوە

ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای 2025ـەوە 116 کوردی لەسێدارە داوە

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی کەمتر لە 8 مانگدا، زیاتر لە 800 کەسی لە سێدارە داوە کە 22 ژن و منداڵێکیان تیدا بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە کە بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی، ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵ (2025)ـەوە تا ئێستا 800 کەسی لە سێدارە داوە.

هەنگاو ئاماژەی بەوە کردووە کە “لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا لانی کەم 30 زیندانی سیاسی و مەزهەبی لەسێدارە دراون. هەر لەو ماوەیەدا لانیکەم 22 ژن و منداڵێک لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون”.

بە پێی ئامارەکانی هەنگاو، “لە کۆی ئەو 800 بەندکراوە کە لە سێدارە دراون، 116 کەسیان کورد بوون، 107 کەسیان لوڕ بوون، 92 کەسیان بەلووچ و 82 کەسیشیان تورک بوون.

هەروەها و بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لانیکەم 46 هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان لەو ماوەیەدا لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدان لەئێراندا هۆشداریی داوە داوای لەهەموو ڕێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆوییەکانی ئێران و جیهان کردووە کە هەڵوێستی لێبراوانە بەرانبەر ئەم کردەوانەی ڕێژیمی ئێران بگرنەبەر.

پوستێن ھەمان بەش