“نوجان ئەحمەد” خەڵکی گوندی “کورزلا”ی سەر بە دەڤەری “شێراوا”ی هەرێمی “عەفرین”ی ڕۆژئاڤایە.
چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”، کە ڕاستەوخۆ لە پەکەکە فەرمان وەردەگرن، لە ڕفاندنی منداڵان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هەسەدە بەردەوامن و لەم دواییانەدا کچێکی تەمەن 14 ساڵانیان لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب ڕفاندووە. چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”، ئەو کیژۆڵەیان ڕەوانەی یەکێک لە کەمپەکانی چەکدارکردنی منداڵان کردووە تا چەکداری بکەن و تێکەڵ بە شەڕڤانانی لقوپۆپەکانی پەکەکەی بکەن.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە تاقمی چەتەئاسای “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، لە 16ی تەباخی 2025دا کیژۆڵەیەکی تەمەن 14 ساڵانیان بەناوی “نوجان ئەحمەد خەلیل” لە گەرەکی شێخ مەقسوودی سەر بە شاری حەلەب ڕفاندووە و ڕەوانەی یەکێک لە کەمپەکانی پەروەردەی سەربازیی و چەکدارکردنی منداڵانی سەر بە خۆیانیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، نوجان خەڵکی گوندی “کورزلا”ی سەر بە دەڤەری “شێراوا”ی هەرێمی “عەفرین”ی ڕۆژئاڤایە.
سەرەڕای ئەوەی کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.
بەبڕوای چاودێران ئامانجی چەتەکانی تاقمی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر” لە ڕفاندنی منداڵی بچووک، شۆردنەوەی مێشکیان بەگوێرەی ئایدۆلۆژیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەکدارکردن و تێکەڵکردنیانە بە ڕیزی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە.