ئەمەریکا هێزەکانی لە هەر دوو بارەگای سەربازیی خۆی لە عێراق کشاندەوە

ئەمەریکا هێزەکانی لە هەر دوو بارەگای سەربازیی خۆی لە عێراق کشاندەوە

کشانەوەی لەناکاوی هێزەکانی ئەمەریکا هاوكاتە لەگەڵ نیگەرانییەكانی واشینگتۆن بەرامبەر بە یاسای حەشدی شەعبی.

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لایەنی عێراقییان ئاگادار كردوەتەوە لەوەی كە پابەندی ئەو خشتە زەمەنییە نابن كە لە رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و بەغدادا هاتووە بۆ كشانەوەی هێزەكان و لە ئێستاوە سەرجەم هێزەكانیان دەكشێننەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24/8/2025، كەناڵی (سكای نیوز عەرەبی) لە زاری سەرچاوە سیاسییەكانەوە ئاشكرای كرد كە واشنتۆن بڕیاری داوە بە شێوەیەكی لەناكاو سەرجەم سەربازەكانی لە هەردوو بنكەی (عێن ئەسەد و ڤیكتۆریا) لە عێراق بكشێنێتەوە.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەو هێزانەی ئەمریكا كە لە عێراق دەكشێندرێنەوە، دەهێندرێن بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بەشێكیشیان دەبرێنە وڵاتێكی عەرەبیی دراوسێی عێراق.

بەپێی هەواڵی كەناڵەكە، ئەمریكییەكان هاوتا عێراقییەكانیان لەوە ئاگادار كردوەتەوە كە ئەوان پرۆسەی كشانەوەكە خێراتر دەكەن و پابەندی ئەو خشتە زەمەنییە نابن كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئەمریكا و عێراق بۆ كشانەوەی هێزەكان دیاری كراوە.

كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، هاوكاتە لەگەڵ نیگەرانییەكانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە دەركردنی یاسای حەشدی شەعبی.

سەرچاوەكان بە دووری نازانن لە حاڵەتی دەركردنی یاسای حەشدی شەعبی، ئەمریكا هەڵوێستی كرداری هەبێت و هێرشی سەربازی بكاتە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی. تەنانەت بەشێك لە چاودێران پێیانوایە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق هەنگاوێكی خۆپارێزییە، چونكە لە بنكە سەربازییەكانی (عێن ئەسەد و ڤیكتۆریا) هەڕەشەی زۆرتر دەكەوێتە سەر ژیانی سەربازی ئەمریكا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە دوای ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، ئەمە دووەمین جارە سوپای ئەمریكا عێراق بەجێ بهێڵێت، جاری پێشوو ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشانەوە، بەڵام دوای كشانەوەكە بە ماوەیەكی كەم، شەڕی تائیفی و دواتریش هێرشی تیرۆریستانی داعش و داگیركردنی چەندان پارێزگای عێراق رووی دا، ئەمەش وایكرد ئەمریكا بەپەلە هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دروست بكات و هێزە سەربازییەكانی بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش