سەرۆکی پارلمانی تورکیا: هیچ داواکارییەک بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان نییە..

سەرۆکی پارلمانی تورکیا: هیچ داواکارییەک بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان نییە..

کورتولموش: بچوکترین داواکاری بۆ ئۆتۆنۆمی، هەرێمێکی جیا یان بە فەرمیکردنی زمانە جیاوازە خۆجێیەکان بوونی نییە.

نومان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئافیۆنکاراهیساردا قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئەو کۆمیسیۆنەی کە ئەو سەرۆکایەتیی دەکات، کار لەسەر ئۆتۆنۆمی، ستاتۆی فەرمی یان بە فەرمی کردنی زمانە جیاوازە خۆجێیەکان، یانیش ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی ڕێکخراوی “تیرۆریستی” پەکەکە ناکات. “ئازادکردنی سەرۆکی پەکەکە مومکین نیە”.

گوتیشی: “من زۆر بە ڕوونی دەڵێم ئەم کۆمیسیۆنە، کۆمیسیۆنی هەموارکردنەوەی دەستوور نییە، ئەم کۆمیسیۆنە پلاتفۆرمێکی سیاسی نییە کە لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور گفتوگۆ بکات. تایبەتمەندی بێهاوتای ئەم کۆمیسیۆنە ئەوەیە کە لە ئێستادا نوێنەرایەتی 95%ی دەنگی جەماوەری تورکیا دەکات. هەموو پارتە سیاسییەکان و تەنانەت هەموو ئەو پارتە سیاسییانەش کە فراکسیۆنیان نیە، نوێنەری خۆیان لەم کۆمیسیۆنەدا هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە: “ئێمە لە پرۆسەیەکدا دەژین کە کەسانی خاوەن بیروبۆچوونی زۆر جیاواز، بە ئاشکرا و لەسەر بنەمایەکی هاوبەش روانگەکانیان دەردەبڕن. لە نەهێشتنی تیرۆرەوە هەتا دامەزراندنی پێکهاتەیەکی بەهێزی ناوخۆیی لە تورکیادا. دووبارەی دەکەمەوە کە لێرەدا بە هیچ شێوەیەک مشتومڕی دەستووری لە ئارادا نییە. من زۆر بە ڕوونی دەڵێم، تەنانەت بچوکترین داواکاری بۆ ئۆتۆنۆمی، هەرێمێکی جیا، یان بە فەرمیکردنی زمانە جیاوازە خۆجێیەکان بوونی نییە. تەنانەت بچوکترین هەوڵیش لەئارادا نیە بۆ ئەوەی کە سەرۆکی ڕێکخراوەکە [پەکەکە] ئازاد بکرێت. هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیە بوونی نییە”.

پوستێن ھەمان بەش