“حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی و هیچ ڕێوشوێنێکی بۆ ڕێگری نەگرتووەتە بەر”.
عەلی حەبیب، شیکەرەوەی سیاسیی عێراقی، بۆ کەناڵی (وەن نیوز)ی عێراقی ڕایگەیاندووە: گەنجانی عێراقی بەهۆی هەژاری و کەمدەرامەتییەوە، بوونەتە بەکرێگیراوی سوپای ڕووسیا و لە شەڕدا بەشدارن.
بەپێی زانیاریی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، 600 چەکداری میلیشیا عێراقییەکان چوونەتە ڕووسیا و لە شوباتی 2022 لە دژی ئۆکراینا لە جەنگدان.
ئەو شیکەرەوەیە دەڵێ، بارودۆخی سەختی ئابووری و بێکاری، هۆکارن گەنجانی عێراق بکرێنە بەکرێگیراوی شەڕ. ئەوەش بۆ سەرەوەری و پێگەی عێراق زۆر مەترسیدارە، هەروەها ئەم دۆسیەیە وەک پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤیش مەترسیدارە.
دەشڵێ: حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی و هیچ ڕێوشوێنێکی بۆ ڕێگری نەگرتووەتە بەر، ئەمەش ڕەنگدانەوە و کاریگەریی خراپی لەسەر عێراق دەبێ.