“هەرکەسێک لەڕووی یاساییەوە بەسترابێتەوە بە دەوڵەتی کۆماری تورکیاوە، بەبێ تەماشاکردنی ئیتنیک و ئایینەکەی، دەبێتە هاووڵاتیی تورک”.
محەمەد ئوچوم، گەورە راوێژکارێکی ئەردۆغان دەڵێت، دەکرێت گۆڕانکاری لە پێناسەی هاوڵاتیبوون بکرێت و بنەماکانی خوێندن بە زمانەکانی جگە لە تورکیش رێکبخرێت، بۆ ئەوەش ئاماژە بە ماددە دەستوورییە مشتومڕاوییەکە دەکات.
ماددەی 66ـی دەستووری تورکیا زۆرترین قسەى لەسەرە، کە تێیدا هاتووە، “هەرکەسێک لە رێگەی رەگەزنامەوە بەسترابێتەوە بە دەوڵەتی تورکیاوە، تورکە، هەموو منداڵێک باوک یان دایکێکی تورک بێت، تورکە.”
لەچوارچێوەی ئەو پڕۆسە نوێیەی کە بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە دەستیپێکرد، محەمەد ئوچوم، راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی لیژنەی سیاسەتە یاساییەکان لێدوانی نوێی داوە و دەڵێ: “دەکرێت ماددەی 66 بگۆڕدرێت، بۆ ئەوەش بەباشى دەزانێت بنووسرێت “هەرکەسێک لەڕووی یاساییەوە بەسترابێتەوە بە دەوڵەتی تورکیا، بەبێ تەماشاکردنی ئیتنیک و ئایینەکەی، دەبێتە هاوڵاتیی تورک”. بەو جۆرەش لە پێناسەی هاوڵاتیبووندا، جەختی زیاتر دەخرێتە سەر رەهەندی یاسایی.
ئوچوم دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی ناکرێت مشتومڕ لەسەر زمانی فەرمیی دەوڵەت و زمانی خوێندن بکرێت کە تورکییە، بەڵام دەکرێت لە رێگەی هەمواری یاساییەوە، بنەما و شێوازەکانی پەروەردە بە زمانەکانی دیکەش لە دەستووردا رێکبخرێت.
ئوچوم دەڵێت، سروشتی پرۆسەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە جۆرێکە، پێویستە لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی بە “یاسایەکی تایبەت و بەگوێرەی قۆناغی راگوزەر” هەموارە یاساییەکان رێکبخات و هەر یاسایەکیش دەربکرێت، نابێت پێچەوانەی ماددەکانی دەستوور و هێڵە سوورەکانی پەیوەست بە دەوڵەت و گەل بێت.
ئوچوم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ “هابەرتورک”دا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرۆسەیە “پرۆسەی چارەسەری” نییە بەڵکو “پرۆسەی ڕاگوزەرە”. ئوچوم جیاوازیی بنچینەیی نێوان ئەم پرۆسەیە و پێشووتری بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: “جیاوازییەکە ئەوەیە کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چ توخمە چالاکەکان و چ توخمە پاڵپشتەکانی، بە شێوەیەکی بێ پچڕان و یەکلاکەرەوە بەڕێوەدەچێت و ئەم قۆناغە نوێیە دەستی پێکردووە”.
ئوچوم لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمە ‘پرۆسەی چارەسەرکردن’ نییە، بەڵکو ‘پرۆسەی گواستنەوەیە’، دەستپێشخەرییەکی دەوڵەتی بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر سەریهەڵداوە و ئەم پرۆسەیە وەک سیاسەتێکی دەوڵەت بەڕێوەدەبرێت. وەک مەرجە سەرەتاییەکانی ئەم پرۆسەیە، ڕێکخراوی تیرۆریستی هەڵوەشاوەتەوە و بڕیاری چەکدانان دراوە. لەگەڵ هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەکدا، پرۆسەی ڕاگوزەر بە شێوەیەکی دیاریکراو دەستیپێکردووە. لە ئێستادا هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبێت”.
ئوچوم بۆ ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە بە یاسایی مسۆگەر بکرێت، “یاسای قۆناخی ڕاگوزەر”ی پێشنیار کرد و وتی: “ئەم ڕێسایە دەبێت یاسایەکی تاقانە و کاتی و تایبەتی بێت”. ئوچوم لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “ناوەڕۆکی یاساکە پێویستە کۆتایی بێ شەرت و مەرج و سازش نەکراوی تیرۆر، بە بنەما وەربگرێت. یاساکە دەبێ بابەتەکانی وەک بەشداریکردن و ئەنتەگراسیۆن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری، یاسای تاوان و ئینفاز و هەروەها یاسای کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت. بێگومان دەرکردنی ئەم یاسایە بە ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرفراوان یان جێگەی ڕەزامەندی، زۆر گرینگە. ئەم یاسایە دەبێ هیچ خاڵێک لەخۆ نەگرێت کە لە دژی دەستووری بنەڕەتیی [تورکیا] شرۆڤە بکرێت. جگە لەوەش لە کاتی ئامادەکردنی ناوەڕۆکی یاساکەدا پێویستە هەستیارییەکانی دەوڵەت و وڵات و نەتەوە وەک پێوەرێکی بنەڕەتی لەبەرچاو بگیرێن.
لەم پرۆسەی ئینتقالیەدا نەک داواکاری و مافە گشتییەکان، بەڵکوو مەرجە یاساییە تەکنیکی و پراکتیکییەکان بۆ ئەوانەی لە چوارچێوەدان هەڵدەسەنگێندرێن. هەروەها پێویستە ناوەڕۆکی یاسای تایبەتیش بە پێی ئەم ڕێبازە دیاری بکرێت”.
گوتیشی: “لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا، سیاسەتەکانی ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن کۆتاییان هات و کوردان بە ناسنامەی خۆی، هەڵگرتنی سنووردارکردنی زمانی دایکی، مافە ئەکادیمی و کولتوورییەکان، گەشەسەندنی ناوچەیی، خۆشگوزەرانی ئابووری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دەرفەتیان بۆ ڕەخسا. هەروەها بە کەمکردنەوەی تیرۆر لەناوخۆی وڵاتیشدا، ژینگەیەکی ئارام دروستکرا. بێگومان هەمیشە پرسگەلێک هەن کە دەتوانرێت لە چوارچێوەی پەرەپێدانی دیموکراسی و نوێکردنەوەی دەستووردا هەڵسەنگاندیان بۆ بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا:
دەتوانرێت ناساندنی هاووڵاتیانی تورک وەک پەیوەندییەکی یاسایی بەشێوەیەکی ڕوونتر لە دەستووری بنەڕەتیدا پێناسە بکرێت و ڕێککەوتنێک بەم شێوەیە بکرێت: ‘هەرکەسێک لەڕووی یاساییەوە بەسترابێتەوە بە دەوڵەتی کۆماری تورکیاوە، بەبێ تەماشاکردنی ئیتنیک و ئایینەکەی، دەبێتە هاووڵاتیی تورک’.
لەگەڵ ئەوەی ناکرێت مشتومڕ لەسەر زمانی فەرمیی دەوڵەت و زمانی خوێندن بکرێت کە تورکییە، بەڵام دەکرێت لە رێگەی هەمواری یاساییەوە، بنەما و شێوازەکانی پەروەردە بە زمانەکانی دیکەش لە دەستووردا رێکبخرێت”.