كشانەوەی بەپەلەی ئەمریكا دۆخی عێراقی خستە مەترسییەوە

كشانەوەی بەپەلەی ئەمریكا دۆخی عێراقی خستە مەترسییەوە

شارەزایەك لە سیاسەتی ئەمریكا: “بژاردەی ئابڵووقەی ئابووری و لێدان لە حەشدی شەعبی لەسەر مێزی دۆناڵد ترەمپە”.

سەرچاوەیەکی سیاسی بە میدیا عەرەبییەکانی ڕاگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لایەنی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لە بڕیاری کشانەوەی دەستبەجێی تەواوی هێزەکانی لە عێراق، بەمەش ئەو خشتە زەمەنییەی پێشتر لەنێوان بەغدا و واشنتۆن لەسەری ڕێککەوتبوون بۆ کەم کردنەوەی هێزی سەربازی، تێدەپەڕێنێت. شارەزایەكیش لە سیاسەتی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەدات، لە ئەگەری تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، بژاردەی ئابڵووقەی ئابووری و لێدان لە بەرەی مقاوەمە لەسەر مێزی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكادایە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵی (سکای نیوز عەرەبییە) لە سەرچاوەکانییەوە گواستوویەتییەوە، واشنتۆن بڕیاری داوە بەپەلە هێزەکانی لە هەردوو بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا بکشێنێتەوە.

بڕیارە بەشێک لەو هێزانە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێنەوە و بەشەکەی دیکەش ڕەوانەی یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی دراوسێ بکرێن.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکییەکان بە عێراقییەکانیان ڕاگەیاندووە، پڕۆسەی کشانەوەکە خێراتر دەبێت لەوەی بڕیاری لێدرابوو، هەروەها پابەندی ئەو چوارچێوە زەمەنییە نابن کە لە ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکاندا هاتووە.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ناڕەزایەتیی هەیە بەرامبەر بە دەرەنجامەکانی یاسای حەشدی شەعبی.

چاودێران پێیان وایە، ئەگەر هەژموونی حەشدی شەعبی زیاد بکات، یان بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن بخاتە مەترسییەوە، ڕەنگە ئەمریکا پەنا بۆ ئابڵووقەی ئابووری و هەنگاوی سەربازی ببات.

هەندێک لە شیکاران پێیان وایە، کشانەوەی کتوپڕی هێزەكانی ئەمریكا ڕەنگدانەوەی ڕێکارێکی خۆپارێزییە بۆ پاراستنی ئەو هێزە ئەمریکییانەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوام دەبنەوە لە بنکە سەربازییەکانی ناو عێراق، بەتایبەتی لە عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا.

هاوکات كارۆخ خۆشناو، شارەزا لە سیاسەتی ئەمریكا لەوبارەوە بە ماڵپەڕی “باسنیوز”ی باشووری کوردستانی راگەیاندووە: “رێككەوتنێكی ئەمنی لەنێوان عێراق و ئەمریكادا هەیە كە ئەمریكا لە مانگی ئەیلوولی 2025 هێزەكانی لە عێراق، بەتایبەتی لە هەردوو بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد و ڤیكتۆریا – فڕۆكەخانەی بەغدا بكشێنێتەوە بۆ هەولێر، ئەوە لە چوارچێوەی رێككەوتنە لەنێوان بەغدا و ئەمریكا، گوایە داعش مەترسی لەسەر عێراق كەمبووەتەوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ داعش تا ئێستا مەترسییەكی گەورەیە لەسەر عێراق و رەنگە ئەو كشانەوە بەپەلەیە دۆخی عێراق بخاتە مەترسیی گەورەوە، چونكە عێراق ئەو ژێرخانە پتەوە سیاسی و ئەمنییەی نییە كە بتوانێ ئەوەندە بەهێز بێت بەرامبەر بەو دۆخەی هەیەتی خۆی رابگرێ، بەتایبەتی لەو كاتەی كە (حەشدی شەعبی)یش بووە بە مەترسی و هێزەكانی پشتگیری دەكەن و دەیانەوێ ئەو هێزە بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان و ئێران بخەنە چوارچێوەیەكی یاسایی و لە پەرلەمان یاسای بۆ دەربكەن، ئەوەش دەبێتە مەترسییەكی گەورەتر لە كشانەوەی ئەمریكا لەسەر عێراق، هەر لەبەرئەوەیە واپێدەچێت ئەم جێگۆڕكێكردنە بە هێز تاكتیكی بێت، چونكە ئەگەرێكی بەهێز لەئارادایە كە ئەمریكا سەبر و ئارامیی بەرەو كۆتایی چووبێت ئەگەر عێراق چارەسەرێك بۆ حەشدی شەعبیی وەلائی نەدۆزێتەوە”.

ئەو شارەزایە لە سیاسەتی ئەمریكا دەشڵێت: “ئەگەر پڕۆژە یاسای حەشد لە پەرلەمان تێپەڕێت، ئەوە ئەمریكا چەند بژاردەیەكی لەپێشە، یەكیان ئابڵووقەی ئابووری و دووەمیان سەربازییە، واتا هەردوو بژاردەكە لەسەر مێزی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكادان كە ئەگەر عێراق نەتوانێ خۆی چارەسەری حەشد بكات، ئەوە ئەمریكا بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی ئەو گرووپانەی لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمەدان، هەروەها ئەو هێزانەی لە لیستی تیرۆری ئەمریكادان، بەكار دەهێنێت”.

سەبارەت بە هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان، كارۆخ خۆشناو پێی وایە ئەوە پەیوەندی بەو پەیوەندییە توندوتۆڵە سیاسی و دیپلۆماسییەوە هەیە كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریكا هەیەتی، گوتیشی “هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگی سەقامگیری هەیە و هاوپەیمانێكی راستەقینەیە بۆ ئەمریكا و هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی گەورە و گرنگی هەبووە لە شەڕی داعش.“

ئاماژەی بەوەش داوە کە هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا پێگەیەكی ستراتیژە و هاتنی ئەو هێزانە بەڵگەیە لەسەر ئەو پێگە گرنگە و عێراقیش بەهەمان شێوە بۆ ئەمریكا زۆر گرنگە و وا بەئاسانی دەستبەرداری نابێت بۆ نەیارەكانی، گوتی “هاتنی ئەو هێزانە بۆ هەولێر بەشێكە لەو پلانەی كە ئەمریكا نایەوێ عێراق بداتە دەستی ئێران، چونكە ئەمریكا لە عێراق قوربانیی گەورەی گیانی و ماڵی داوە و وا بە ئاسان دەستبەرداری نابێت، بەڵام بەشێوەیەكی تاكتكی و بۆ كۆتاییهێنان بە هەندێ بابەت كە رەنگە بەهێز یەكلایی بكاتەوە، جێگۆڕكێ بە هێزەكانی دەكات.”

ئەو شارەزایە لە سیاسەتی ئەمریكا جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، هەركات ئەمریكا بیەوێ لە رێگەی تەكنەلۆژیای سەربازی دەستی دەگات بە هەر ئامانجێك، گوتیشی “ئەو گۆڕانكارییە گرنگانەی سەربازی كە بەهۆی تەكنەلۆجیاوە روویانداوە، ئەو پێشكەوتنە ئەركی زۆری لەسەر شانی سەربازیی نەهێشتووە و ئێستا ئەمریكا بە درۆن و بە تەكنەلۆجیا هەر شوێنێك بیەوێ دەتوانێ دەستی پێ بگات و كۆنتڕۆڵی بكات.”

پوستێن ھەمان بەش