“وائیل عەبدین خەلیل” دوای 10 ساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژئاڤا تا سەردانی دایکە نەخۆشەکەی بکات.
ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سوریا (پەدەکە-س) لە شاری حەلەب لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)وە دەستبەسەرکرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بنەماڵەکەیەوە وەرگیراون، “وائیل عەبدین خەلیل”، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ سوریا (پ.د.ک-س) لە ڕێکەوتی 30ی ئابی ئەمسالدا دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەبەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئەندامێکی بنەماڵەکەی وائێلەوە دەستکەوتووە، “وائیل عەبدین خەلیل” مانگی ڕابردوو دوای 10 ساڵ، لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکەی خۆی، گوندی “بربنێ” لە هەرێمی عەفرین، بۆ ئەوەی سەردانی دایکە نەخۆشەکەی بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، وائیل خەلیل لە 30ی ئاب، کاتێک بۆ سەردانی کەسوکاری لە عەفرینەوە چووەتە گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب بە گەڕەکی کوردان ناسراوە و بە هەزاران کورد بەتایبەتی ئەو کوردانەی کە لە عەفرینەوە ئاوارە بوون نیشتەجێی ئەو گەڕەکەن. گەڕەکەکە لەژێر کۆنترۆڵی یەپەگە/هەسەدەدایە و بەڕێوەبەریی خۆسەر لەوێ ڕاگەیەندراوە.