ئەحمەد شەرع ئیدیعا دەکات کە دۆخی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دۆخی هەرێمی کوردستان جیاوازە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) “هێواش بوونەتەوە”؛ ئاماژەی بەوەشکرد، “سووریا واز لە یەک بست لە خاکەکەی ناهێنێت”.
شەرع ئاشکراشی کرد کە دانوستاندنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل لەئارادایە و گوتی: “هەندێک لایەنی ئێرانی” هەوڵی تێکدانی دۆخی سووریا دەدەن.
لەبارەی دۆخی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و پرسی کورد، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، هەر بیرۆکەیەک بۆ دابەشکردن “ئەستەمە” و سووریا “قبووڵی ناکات”.
سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا ئاماژەی بەوە کرد کە هەسەدە “نوێنەرایەتیی تەواوی پێکهاتەی کورد ناکات” و پێکهاتەی عەرەب لە ناوچەکەدا “زیاتر لە 70٪ پێکدەهێنێت”.
سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا دۆخی رۆژئاوای کوردستانی بە هەرێمی کوردستان بەراورد کرد و گوتی: “دۆخەکە وەک باکووری عێراق، کوردستانی عێراق نییە. تەنانەت کوردستانی عێراقیش، سەرەڕای هەموو ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی هەیبوو، کاتێک بیری لە جیابوونەوە کردەوە، شکستی هێنا.”
شەرع ئاشکرای کرد کە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ هەسەدە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لە 10ی ئاداری 2025 واژۆیان کرد، پێشتر “بە باشی بەڕێوەدەچوون” بەڵام ئێستا پرۆسەکە “خاو بووەتەوە” و “تووشی جۆرێک لە پەککەوتن” بووە. لەبارەی ئەو خاڵانەی رێککەوتنیان لەسەر کرابوو، شەرع گوتی: “رێککەوتین لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای عەرەبیی سووریا. رێککەوتین لەسەر هەبوونی هەندێ پیگەی تایبەت بۆ ناوچە کوردییەکان و هەروەها هەندێک پۆست بدرێتە کەسایەتییەکانی ناوچەکە.”
شەرع گوتی: “سووریا واز لە یەک بست لە خاکەکەی ناهێنێت. ئەمە سوێندێکە لەبەردەم گەل خواردوومانە کە دەبێ هەموو خاکی سووریا بپارێزین و یەکگرتوو بێت.”
سوەیدا و ئەگەری دابەشبوون
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد کە دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل و وڵاتێکی دیکە “دڵگران بوون”، چونکە ئیسرائیل دەیویست سووریا وەک “گۆڕەپانێک بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران” بمێنێتەوە.
شەرع ئاشکرای کرد کە دانوستاندنی ئەمنی لەنێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤدا هەیە و گوتی: “ئێستا دانوستاندن بۆ رێککەوتنێکی ئەمنی لەئارادایە بۆ ئەوەی ئیسرائیل بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی پێش 8ـی کانوونی یەکەم لێیان بوو”.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل لە دوای رووخانی بەشار ئەسەدەوە ناوچەیەکی زیاتری لە خاکی سووریا خستووەتە ژێر دەسەڵاتی و ئەو ناوچە لەچەکداماڵراوەی بەزاند کە نەتەوە یەگکرتووەکان چاودێریی دەکرد، هەروەها سەتان هێرشی ئاسمانی کردوەتە سەر ناوچەکانی سووریا.
بە گوتەی شەرع، ئەم رێککەوتنە نوێیە یان گەڕانەوە دەبێ بۆ رێککەوتنی ساڵی 1974 یان “شتێکی هاوشێوەی” دەبێت.
سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، ئێرانی بە “وڵاتی دووەم” ناوبرد کە خوازیاری باشیی سووریا نییە و رایگەیاند: “کەوتنی رژێم بووە هۆی دەرچوونی چەکی ئێرانی لە ناوچەکە و پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ ئێرانییەکان سارد بووەوە. هەندێک لایەنی ئێرانی هێشتا وادەبینن کە بە لەدەستدانی سووریا، تەواوی بەرەکەیان لەدەستداوە و هەوڵی تێکدانی دۆخەکە دەدەن.”
شەرع پەیوەندییەکانی دیمەشقی لەگەڵ ئێران و رووسیا بەراورد کرد و گوتی: “برینەکە لەگەڵ ئێران تا رادەیەک قووڵترە؛” دووپاتی کردەوە کە دەکرێ لە داهاتوودا پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەبێت، بە مەرجی “رێزگرتن لە دۆخی سووریا، دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی و دروستنەکردنی هیچ جۆرە ناکۆکییەکی تائیفی.”
سەبارەت بە رووسیا، شەرع نهێنییەکی سەربازیی درکاند و گوتی، لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانیان لە سەرەتای کانوونی یەکەمی پار، کاتێک گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئەسەد بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام شار لە دوای شاری لە دەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد دەردەهێنا، لەو کاتەدا دانوستاندنیان لەگەڵ رووسەکاندا کردووە.
شەرع گوتی: “کاتێک گەیشتینە حەما، ئێمە و رووسیا دانوستاندنمان کرد. کاتێک گەیشتینە حمس، رووسەکان لە شەڕەکە کشانەوە.”
بە گوتەی شەرع، لەو کاتەوە هەردوولا پابەندی بەڵێنەکانیان بوون و هیچ دەستوەردانێکی نەرێنی لەلایەن مۆسکۆوە رووینەداوە؛ جەختی کردەوە کە سووریا بەهۆی بەرژەوەندییەکانییەوە، بەدوای “پەیوەندییەکی هێمن”دا دەگەڕێت لەگەڵ رووسیا.