ئەردۆغان: “ئێمە ساڵی ڕابردوو وەک پڕۆژەیەکی دەوڵەتی دەستمان بە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کرد و بە هەمان ئیرادەوە بەردەوامین”.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، وەک سەدەی ڕابردوو، جارێکی دیکە هەوڵدەرێت کە سنوورەکانی ناوچەکە بە خوێن دیاتی بکرێن. بەڵام ئەوان وەک تورکیا ڕێگە بەم و داگیرکارییە نوێیە نادەن. ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، کە ئەوان ساڵێک لەمەوبەر وەک پڕۆژەیەکی دەوڵەتی دەستیان بە پڕۆسەی ئاشتی کردووە و هەر تێچووییەکی هەبێت ئەوان پاشەکشە ناکەن و باجەکەی دەدەن.
ئەمڕۆ شەممە 13ی ئەیلوول، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی ئەکادیمیای سەر بە پارتەکەی لە ئیستەنبوڵ، سەرنجی خستە سەر پرۆسەی ئاشتی کە ئەو وەک “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی برد و وتی: “ئێمە ساڵی ڕابردوو، وەک پڕۆژەیەکی دەوڵەتی دەستمان بە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کرد و بە هەمان ئیرادەوە بەردەوامین. لەم ماوەیەدا هەموو هەوڵێکمان بۆ پەکخستنی پرۆسەکە پووچەڵ کردووەتەوە، ئێمە بە سەبر و بە وریایی و دڵسۆزییەوە، هەنگاو بە هەنگاو پرۆسەکە بەڕێوە دەبەین”.
ئەردۆغان بەڵێنی خۆی بۆ بنیاتنانی یەکێتی ناوخۆیی دووپاتکردەوە و وتی: “دیواری نێوان خەڵک دەڕوخێنین و ئاشتی و برایەتی و گەشەپێدان بنیات دەنێین. تێچووەکەی هەرچییەک دەبێت با ببێت، ئیدی گەڕانەوە بۆ دواوە نییە”.
سەرۆک کۆماری تورکیا نیگەرانی خۆی لە دۆخی ناوچەکە دەربڕی و وتی: “لە هەرێمەکەماندا جارێکی دیکە سنوورەکان بە خوێن و بە فرمێسکی چاوان دیاری دەکرێن، گەمەی دابەشکردن و بەڕێوەبردن بەردەوامە”.
ئەردۆغان وەک ڕێگاچارەسری داوای کرد برایەتی گەلانی کرد و گوتیشی: “برایەتی ئێمە دەتوانێت هەموو یارییەکان لەناو ببات، تورک و کورد و عەرەب، هەروەک چۆن هەزار ساڵە پێکەوە ژیاوین، دیسان وەک برا پێکەوە دەژین، هیچ گومانێکم لەوە نییە”.
ئەردۆغان هەروەها داوای لە گەلانی دراوسێی کرد و وتی: “هەروەها داوا لە خەڵکی دەرەوەی سنوورەکانی خۆشمان دەکەین با ڕێگە بەو یارییانە نەدەن”.