دەمانهەوێت دیمەشق و هەسەدە کێشەکانیان چارەسەر بکەن

دەمانهەوێت دیمەشق و هەسەدە کێشەکانیان چارەسەر بکەن

فیدان: “ئێستا دەبینن یەپەگە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ی ئادار پاشەکشەی کردووە”.

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، “پێمان وایە ئەگەر یەپەگە بتوانێ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق رێکبکەوێ، ئەوە باش دەبێت، چونکە لە رۆژی 10ی ئاداردا رێککەوتنێکیان کرد، هەرچەندە سەتا سەت لە بڕگەکانی رازی نەبووین، بەڵام بەگشتی، پێمان وایە ئەگەر هەردوو لایەن پابەندی بن، ئەوا شتێکی باش دەبێت.”

 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، ئێستا دەبینن “یەپەگە” پاشەکشەی کردووە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، “لە پێشخستنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق سستن. پێم وایە ئێستا دەیانەوێ هیوا لەسەر ئەو قەیرانە هەڵچنن کە ئیسرائیل لە سووریا دروستی کردووە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە دەرفەتێک بۆ خۆیان دروست بکەن، وا بیردەکەنەوە کە ئەگەر شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیری لە سووریا دروست بێ، سوودی بۆ داهاتوویان دەبێت.”

 وەزیری دەرەوەی تورکیا “یەپەگە”ی بە هەڕەشە ناوبرد و گوتی، “ئێستا لە عێراق و ئێرانەوە ژمارەیەکی زۆر ئەندامی پەکەکە دەبینین کە لەگەڵ یەپەگە کار دەکەن. ئەوان لەپێناوی سووریا لەوێ نین، بەڵکو بۆ شەڕکردن دژی ئێمە لەوێن. ئینجا کاتێک هۆکاری هەڕەشە و توانایەک لەوێ هەیە، ناتوانین بەوە رازی بین کە روودەدات و دەبێت رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر.”

 هاکان فیدان رایگەیاند کە ئەنقەرە هەلێک بە دیمەشق و یەپەگە دەدات بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و گوتی:” ئێمە چاوەڕێین ئەوان بەشداری لە سەقامگیریی سووریا بکەن و نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێمەش بڕەوێننەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، هەموو ئامرازەکانمان بە شێوەی ئاشتییانە بەکاردەهێنین. دووبارەی دەکەمەوە، ئەوەی خزمەتی دەکەین ئاسایشی گەلەکەمانە. ئەگەر دۆخەکە خراپتر بێت، رەنگە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نەمێنێت.”

 10ی ئاداری 2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رێککەوتنێکیان واژۆکرد. رۆژی هەینی 12-9-2025 شەرع لەبارەی ئەو رێککەوتنە قسەی کرد و گوتی: “رێککەوتین لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای عەرەبیی سووریا. رێککەوتین لەسەر هەبوونی هەندێ پیگەی تایبەت بۆ ناوچە کوردییەکان و هەروەها هەندێک پۆست بدرێتە کەسایەتییەکانی ناوچەکە.”

پوستێن ھەمان بەش