ڕۆژنامەنووسێکی تورک: ئۆجەلان حیزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت و دەم پارتی دادەخرێت

ڕۆژنامەنووسێکی تورک: ئۆجەلان حیزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت و دەم پارتی دادەخرێت

ئۆجەلان بۆخۆی بەرنامە و پرۆگرامی حیزبەکەی دەنووسێت و پەرڤین بوڵدان وەک سەرۆکی پارتەکە دەستنیشان دەکات.

ڕۆژنامەنووسێکی تورک ئاشکرای کردووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەنکراوی پەکەکە لە زیندانی ئیمرالی، ئامادەکاری دەکات بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ کە ناوی “تورکیا”ش لەخۆ دەگرێت.

سەدات بۆزکورت ڕۆژنامەنووسی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە 14ی ئەیلول، ڕایگەیاند کە ئۆجەلان بۆخۆی بەرنامە و پرۆگرامی پارتەکە دەنووسێت و پەرڤین بوڵدان یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئیمرالی وەک سەرۆکی پارتەکە دیاری دەکات. هاوکات ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشبینی دەکات پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) دابخرێت، بەڵام هەدەپە داناخرێت.

هەروەها لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەدا، ئەگەری ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش تاوتوێ دەکرێت. دەوترێت ئەم هەنگاوە سیاسەتی باکووری کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات.

تا ئێستا هیچ لێدوان و پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لە لایەن کەسانی نزیک لە ئۆجەلان یان لەلایەن بەرپرسانی دەم پارتییەوە سەبارەت بەم بانگەشانە نەدراوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 4ی نیسانی 1948 لە شاری ئورفا لەدایک بووە و لە ساڵی 1978دا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دامەزراندووە، لە 15ی شوباتی 1999 لە وڵاتی کینیا دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانی ئیمرالی ڕاگیراوە.

لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان، پەکەکە لە 12ی ئایاری 2025دا، دوای کۆنگرەی 12ی خۆی ڕایگەیاند کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێکهاتە تەشکیلاتیەکانی داوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکیانە دەهێنێت کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە ئەنجام دەدران.

پوستێن ھەمان بەش