بارەگای ENKS لە عامودا سووتێندرا و سەرۆکی ئەنەکەسەش دەڵێت: ئەم هێرشانە ئیرادەمان لاواز ناکەن

بارەگای ENKS لە عامودا سووتێندرا و سەرۆکی ئەنەکەسەش دەڵێت: ئەم هێرشانە ئیرادەمان لاواز ناکەن

لە ڕابردوودا زۆرجار نووسینگەکانی ئەنەکەسە لە ڕۆژئاڤا ئاگریان تێبەردراوە و ئەنەکەسە پەیەدە بە بەرپرسیاری ئەم هێرشانە دەزانێت.

بارەگای ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ENKS) لە شاری عامودا سووتێندرا و ئاگرەکە زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو. تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 25ی ئەیلولی 2025، لقی ئەنەکەسە لە عاموودا ڕایگەیاند، کاتژمێر 7:30 خولەکی سەرلەبەیانی، کاتێک کارمەندانی نووسینگەکە دەرگاکەیان کردۆتەوە، لەگەڵ دیمەنی سووتانی بارەگاکەدا بەرەوڕوو بوون لەئەنجامی ئاگرەکەدا بەشێکی زۆری کەلوپەل و کەرەستەی ناو فەرمانگەکە بەتەواوی سووتاون.

سەرۆکی لقی عاموودای  ENKS ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

شاندێکی ENKS سەردانی بارەگاکەیان کرد

دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووداوەکە، شاندێکی پلە باڵای ENKS سەردانی ئەو بارەگایەیان کرد کە سووتاوە. شاندەکە لە محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە و نەشئەت زازا بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری ناوخۆیی ئەنەکەسە پێکهاتبوو.

محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ENKS جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنی فەرمانگەکان ناتوانێت ئیرادەی ENKS و هێزە سیاسییەکانی پێکهێنەری ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە خەباتی نەتەوەیی لاواز بکات.

سەرۆکی ئەنەکەسە هەروەها جەختی کردەوە کە “ئەو پەلامارانە، رژدبوونی ئێمە لەسەر درێژەدان بە خەبات لەپێناو دۆزی ڕەوای کورد و مافە نەتەوەییەکانی زیاتر دەکات”.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نووسینگە و بنکە و بارەگاکانی ئەنەکەسە لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاگریان تێبەردراوە و سووتێندرداون و هەروەها چالاکییەکانی ئەنجومەنەکە قەدەغە کراوە.

شایانی باسە بەرپرسانی ENKS گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەیەدە لە هەموو ئەم پێشێلکاریانەدا بە بەرپرسیار دەزانن.

پوستێن ھەمان بەش