بەهۆی گەمارۆدانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، مەترسیی کارەساتی مرۆیی زیاتر دەبێت

بەهۆی گەمارۆدانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، مەترسیی کارەساتی مرۆیی زیاتر دەبێت

هەرچەندە لە تەمموزدا وەزیری بەرگری سووریا لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدە، لەسەر ڕاگرتنی پێکدادانەکان گەیشتبوونە ڕێککەوتن، بەڵام گەمارۆکان هێشتا بەردەوامن.

لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب، بە هۆی ئەو گەمارۆیانەی کە لە لایەن حکوومەتی سووریا و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی کاتیی دیمەشقەوە سەپێندراون، بارودۆخی مرۆیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. ڕێگا سەرەکییەکان داخراون، ڕێگری لە گەیشتنی سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ ناو گەڕەکەکان دەکرێت، ئەمەش مەترسی ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی زیاتر دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم ئەو ڕێگایانەی کە دەڕۆنە ناو ئەو گەڕەکانەوە، داخراون و ڕێگری لە تێپەڕبوونی سووتەمەنی و کەلوپەلی سەرەکی و پێویستی ژیانی ڕۆژانە و تەنانەت هاتووچۆی هاووڵاتیانیش دەکرێت. ئەمەش ئاڵۆزی و دڵەراوکێیەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا، پێویستی بە سووتەمەنی زیاتر دەبێت.

کاریگەری گەمارۆدان لەسەر ژیانی ڕۆژانە

بەهۆی کەمی سووتەمەنی مەترسی ئەوە هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەباش، کارەکانیان ڕابگرن. ڕاگرتنی کاری موەلیدەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کاری نەخۆشخانەکان و نانەواخانەکان و قوتابخانەکان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی تر دەبێت.

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، لە کۆی زیاتر لە 46 هەزار خێزانی ئەو دوو گەڕەکە، تا ئێستا تەنها 3 هەزار و 500 خێزان پشکی خۆیان لە سووتەمەنی وەرگرتووە، ئەمەش دژواری و خراپیی دۆخی هاووڵاتیان پیشان دەدات.

پێکدادان و گەمارۆدانی بەردەوام

ئەم گەمارۆیە دەرئەنجامی گرژی و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە لایەک و حکوومەتی سوریا و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق لە لایەکی ترەوە بوو.

هەرچەندە لە مانگی تەمموزدا دوای کۆبوونەوەی وەزیری بەرگری سووریا لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدە، لەسەر ڕاگرتنی پێکدادانەکان گەیشتبوونە ڕێککەوتن، بەڵام گەمارۆدانەکە هێشتا بەردەوامە. جگە لەوەش، لە 26ی ئەیلولدا، میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق، ڕێگای سەرەکی حەلەب – ڕەققەیان لە ناوچەی دێرحافر داخست، بەمەش گەمارۆکە توندتر بوو.

لە ڕووداوێکی ئەم دواییەدا، بە گوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، هێرشێک کرایە سەر خاڵێکی پشکنینی ئاسایش لە نزیک بازنەی شیهان لە شاری حەلەب و لە ئەنجامدا دوو ئەندامی ئاسایش بە سەختی بریندار بوون.

Share

پوستێن ھەمان بەش