سیپان حەمۆ: هەسەدە گەرەنتی یەکیەتیی سووریایە

سیپان حەمۆ: “هەسەدە هێزێکی نیشتمانییە و دەتوانێت هەموو پێکهاتەکان کۆبکاتەوە”.
سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، هێزەکانیان ئامادەن بچنە ناو سووپای نوێی نەتەوەیی سووریا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە بە مەرجی پاراستنی ناسنامە و ڕێزگرتن لە خەباتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریاوە بەستراوەتەوە. حەمۆ هەروەها دۆسیەی عەفرینی بە “پێوەرێکی ڕاستەقینە” بۆ جددیەتی حکومەتی ئینتقالی لە دیمەشق وەسف کرد.
سیپان حەمۆ، کە هاوکات سەرۆکی کۆمیتەی سەربازیی دانوستانەکانە لەگەڵ حکومەتی ئینتقالی سووریادا، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی هەسەدە، هەڵوێستی هێزەکانی خۆیانی سەبارەت بە داهاتووی سووریا ئاشکراکرد.
حەمۆ لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە ئامانجی سەرەکییەکانی هەسەدە کرد و وتی: “ئێمە لە سەرەتای دامەزراندمانەوە، بۆ بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک و هاوبەش کە مافی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی بپارێزێت، تێدەکۆشین و ئێمە لەم ڕێگایەدا تێچووی قورسمان داوە”.
“تێکەڵبوون ئامانجێکی ستراتژیکە”
سیپان حەمۆ ئەو ئیدیعایانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن هەسەدە پرۆسەی تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن) دوادەخات و وتی: “بەپێچەوانەوە ئێمە دەمانهەوێت بچینە ناو سوپای نوێ و ئەمە وەک ئامانجێکی ستراتژی دەبینین، پێمان وایە هەسەدە بنەمای بنیاتنانی ئەرتەشێکی نیشتیمانییە و سوپایەکی لەو شێوەیە بەبێ بەشداریی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، دروست نابێت”.
بەڵام حەمۆ هۆشداریدا لەوەی هەندێک لایەن هەوڵدەدەن کە تێکەڵبوونەکە بە پێی “ڕوانگەی تەسکی خۆیان” شرۆڤە بکەن و دەیانەوێت هەسەدە لەناوببەن. هەروەها وتی: “ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەو هەوڵانە قبووڵ ناکەین، ئەو تێکەڵبوونەی کە ئێمە دەمانەوێت دەبێت ناسنامەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) بپارێزێت و ڕێز لە خەباتەکەی بگرێت. دەبێت مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا وەک سوننە، درووز، مەسیحی، کورد و عەلەوی، بە فەرمی بناسرێن و دانیانپێدا بنرێت”.
“عەفرین پێوەری جددییە”
حەمۆ ڕاشیگەیاند، حکوومەتیی کاتی دیمەشق بۆ ئەوەی بتوانێت متمانە دروستبکات، پێویستە هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت و دۆسیەی عەفرینی وەک نموونەیەکی سەرەکی خستەڕوو و وتی: “پێمان گوتن هەڵوێستتان بەرامبەر عەفرین پێوەرێکی ڕاستەقینەیە کەوا جددییەتی ئێوە دەردەخات. دەبێت خەڵکی ئاوارەی عەفرین بگەڕێنەوە، دەبێت زیانەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە و ئەوانەی سەرپێچییان ئەنجام داوە، دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەگەر بە دادپەروەرییەوە سەبارەت بە دۆسیەی عەفرین بجووڵێنەوە، ئەوا دەتوانین بە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە سەیری ئێوە بکەین”.
“هەسەدە گەرەنتیی یەکێتیی سووریایە”
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە هەسەدە هێزێکی نیشتمانییە و دەتوانێت هەموو پێکهاتەکان کۆبکاتەوە. هەروەها گوتی: “هەتا حکوومەت هەنگاوی دڵنیاکەر هەڵنەگرێت، هەسەدە وەکوو هێزێک بۆ پاراستنی هەبوون، ژیان و ناسنامەی گەلەکەمان دەمێنێتەوە. پەلەکردن یان دواخستنی ئەم پرۆسەیە، بە هەنگاوەکانی حکوومەتی کاتییەوە گرێدراوە”.