ئۆزچەلیک: پێویستە سەرجەم کوردانی جیهان، پشتیوانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بن

ئۆزچەلیک: پێویستە سەرجەم کوردانی جیهان، پشتیوانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بن

ئۆزچەلیک: دەستکەوتی فیدراڵی لە باشووری کوردستان دەستکەوتی هەموو کوردەکانی جیهانە.

ڕۆژی یەکشەممە، 19/10/2025، مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، لە شاری ستۆکهۆڵمی سوید، سیمینارێکی بۆ بەڕێوەبەران و ئەندامانی “PWK” و ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییە کوردییەکان سازکرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) ڕایگەیاند: “بەڕێوەبەران و ئەندامانی “PWK” لە سوید، نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (پەدەکە ـ ئێران)، پەسەکە، ئەنەکەسە، پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا ـ ئەلپارتی، هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان لە سوید، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کورد، دیاکورد، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید، یەکیەتیی ژنانی کوردستان لە سوید، یەکیەتیی نووسەرانی کورد لە سوید، کتێبخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم و بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی کورد بەشدارییان لە سیمینارەکەدا کرد”.

نوسینگەی ڕاگەیاندن “PWK” هەروەها ڕایگەیاند: “لە سیمینارەکەدا، مستەفا ئۆزچەلیک کۆمەڵێک زانیاریی لەبارەی پرۆسەی دامەزراندنی “PWK”، دۆسیەی داخران لەدژی “PWK” و چالاکییەکانی “PWK” لە کوردستان پێشکەش کرد. مستەفا ئۆزچەلیک هەروەها ڕا و بۆچوونی “PWK”ی لەسەر ‘پرۆسەی نوێ’ لە باکووری کوردستان، دۆخی ڕۆژئاڤا، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتی “PWK” لە دیاسپۆرا خستەڕوو.”

بەپێی نووینگەی ڕاگەیاندنی “PWK”، مستەفا ئۆزچەلیک سەرنجی بۆ گرنگی و پێویستی هاوکاری و هاوپەیمانی نەتەوەیی و نیشتمانی لە باکوری کوردستان و کوردینسیۆنی نێوان هەر چوار پارچەی کوردستان ڕاکێشا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بۆ ئەم دۆخ و پرۆسەیەی کە لە باکوری کوردستان پێیدا تێدەپەڕین، مستەفا ئۆزچەلیک جەختی لە هەردوو گرنگی هاوپەیمانی ستراتژیکی کوردستانی و گرنگی هاوکاریی بەرفراوان لەسەر داخوازییە پێشیینەکانی نەتەوەی کورد کردەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی “PWK” هەروەها ڕایگەیاندووە: “مستەفا ئۆزچەلیک داوای لە هەموو کادیرانی کوردستانی و ئازادیخواز و دیموکرات کرد تا لە پێناو بنیاتنانی حیزبێکی بەهێز لە باکوری کوردستان، پشتیوانی لە سیاسەت و فەرهەنگی نوێی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بکەن”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی “PWK”هەروەها ڕایگەیاندووە: “مستەفا ئۆزچەلیک جارێکی دیکە پشتیوانیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستانی بۆ ئەو بەرنامە و شاندە دەربڕی کە لە کۆنفرانسێکدا بە بەشداری سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە 26ی نیسانی 2025 لە قامیشلۆ ڕاگەیەندرا. ئۆزچەلیگ گوتی “ئەمڕۆکە پێویستە کە سەرجەم کوردانی جیهان، پشتگیری لە نەتەوەی کوردمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن بۆ ئەوەی کە گەلەکەمان بتوانێ قەوارەیەکی نەتەوەیی، جوگرافی و سیاسی لەو بەشەی نیشتمان دەستەبەر بکەت”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، مستەفا ئۆزچەلیک دەستکەوتی فیدراڵی لە باشووری کوردستان بە دەستکەوتی هەموو کوردانی جیهان پێناسە کردووە و جەختی لە گرنگی و پێویستی دامەزراندنی حکومەتێکی هاوبەش کردووەتەوە کە هێزی پێشمەرگە و ئابووری و ئاسایش و دیپلۆماسی باشووری کوردستان یەکبخات. مستەفا ئۆزچەلیک ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانێ دەرفەتی مێژوویی بۆ خوشک و براکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕەخسێت و بۆ ئەوەی گەلەکەمان سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت، پێویستە پێش هەموو شتێک یەکڕیزی گەلی کورد پێکبێت.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە، لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا، بەشداربووانی سیمینارەکە پرسیار و تێبینیەکانی خۆیانیان باس کردووە و بیروڕای خۆیان دەربڕیوە و مستەفا ئۆزچەلیک وەڵامی پرسیارەکانیانی داوەتەوە.

Share

پوستێن ھەمان بەش