وەزیری ناوخۆی تورکیا چالاکییەکانی “دەم پارتی” وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەکە دەزانێت

یەرلیکایا: لە هەردوولا کەسانێک هەن کە نایانهەوێت ئەم “پرۆسە”یە سەربکەوێت و هەوڵی تێکدانی هەیە.
لەسەر بانگەوازی مەجلیسی لاوانی “دەم پارتی”، ڕێپێوانێک لە ئامەد بەڕێوەچوو و تێیدا داوای ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان کرا.
لەو ڕێپێوانەدا، بێریتان گونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ماردین، سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، عەدالەت کایا و محەممەد کاماچ و چەندین کەسی دیکە بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد.
ئامانجەکە ئەوە بوو کە وێنە و پووستەری ئۆجەلان لەسەر تاوەری بەن سەنا لە سۆری ئامەد هەڵبواسن. ڕێپێوانەکە لە سەر پردی ئالی پنار دەستی پێکرد. بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە، 2 کیلۆمەتر ڕێپێوانیان کرد، پۆلیسیش لە دەروازەی ڕووها وەستابوون و داوایان کرد کە خۆپیشاندەران لەوێ لێدوانی خۆیان بدەن و بڵاوەی لێبکەن.
بەرپرسانی خۆپیشاندانەکە ڕایانگەیاند، ئێمە دەمانهەوێ بگەینە تاوەرەکە و لەوێ لێدوانی خۆمان دەدەین.
لە نێوان پۆلیسی تورکیا و خۆپیشاندەراندا ئاڵۆزی ڕوویدا و پۆلیسی دەوڵەتی تورک بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.
چەند وشەیەک وترا و کەسێک لەسەر مایکرۆفۆن، پۆلیسی وەک دوژمن ناوبرد و دروشمی “ئێمە بە دوای تیرۆریستاندا دەڕۆین” و “یان ئەو دیوارە لادەبەن، یان ئێمە ئەو دیوارە بەسەرتاندا تێکدەدەین”یان وتەوە. دوای دەستوەردانی پۆلیس، خۆپیشاندەران بڵاوەیان پێکرد.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لێدوانێکی لەوبارەوە بڵاو کردەوە و گوتی: “کەس ناتوانێ، پۆلیسی ئێمە کە فیداارانە خزمەت دەکەن، بە دوژمن ناو ببات. ئێمە ڕێگە بە شتی وەها نادەین و من ئەوە شەرمەزار دەکەم. دەبێ هەموو کەس ئاگای لە زمان و گوتارەکانی بێت، ئامانجی “تورکیایەکی بێ تیرۆر” تەنیا پڕۆژەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو “پڕۆژەی گەشەپێدانی ئاشتی، پێشکەوتن و برایەتیمانە، ئامانجێکی شارستانییە و کەسانێک هەن دەیانەوێت پڕۆسەکە تێک بدەن…”
ڕاستییەک هەیە، کە لە هەردوولا کەسانێک هەن کە نایانهەوێت ئەم “پرۆسە”یە سەربکەوێت و هەوڵی تێکدانی هەیە. هەندێک کەس هەن کە نایانهەوێت دەستبەرداری ئەو ڕانتە بن کە بەدەستیان هێناوە.