وەزیری “داد”ی تورکیا: ئێمە زۆر قەدەغەمان لەسەر زمانی کورد لابردووە

ئیدیعاکەی تونچ لە کاتێکدایە کە سەرۆکی پارلمانی تورکیا ڕێگەی بە یەکێک لە دایکانی ئاشتی نەدا لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتیدا بە زمانی کوردی قسە بکات.
یڵماز تونچ، وەزیری “داد”ی تورکیا رایگەیاند، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاک پارتیدا، زۆر قەدەغە لەسەر زمانی کوردی هەڵگیراون. تونچ ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر”دا هەنگاوی گرنگ گیراوەتەبەر و بەکارهێنانی کوردی لە تەلەفزیۆنی فەرمی و مافی بەرگریکردن لە زمانی دایکی لە دادگاکانی وەکوو نموونە خستەڕوو.
یڵماز تونچ، وەزیری “داد”ی تورکیا، ڕۆژی دووشەممە 20ی ئۆکتۆبەر لە مەراسیمی کردنەوەی ساڵی خوێندنی زانکۆی بارتندا، سەبارەت بەو هەنگاوانەی لە بواری زمانی کوردیدا نراوە قسەی کرد و وتی، لە کاتی حوکمڕانی حیزبەکەیدا، چەندین بەربەست لابراون.
تونچ ئەو هەنگاوانەی بەمشێوەیە خستەڕوو: “بەکارهێنانی زمانی کورد لە تەلەفزیۆنی فەرمی، کردنەوەی ئەنیستیتۆی کوردی، ڕێگەدان بە گومانلێکراوەکان تا لە دادگاکاندا بە زمانی زگماکی بەرگری لە خۆیان بکەن و ڕێگەدان بە سیاسەتمەداران تا بە زمانی خۆیان پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بکەن”.
وەزیری “داد”ی دەوڵەتی تورک ئیدیعای کرد کە حکومەتەکەیان هەڵاواردنیان نەهێشتووە و بەبێ جیاوازی خزمەتی بە هەموو ناوچەکانی تورکیا کردووە.
ئەم ئیدیعایەی تونچ لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەوەپێش نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پارلمانی تورکیا و سەر بە حیزبەکەی تونچ (ئاک پارتی)، ڕێگەی بە “نەزاهات تەکە” یەکێک لە دایکانی ئاشتی نەدابوو کە لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتیدا بە زمانی کوردی قسە بکات. دواتر ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەخنەی لە هەڵوێستی کورتولموش گرت و وتی: “ئەم هەڵوێستە قبوڵکراو نییە”.
دۆغان وتی: “ئەندامەکانمان لە کۆمسیۆنەکەدا پێشنیاریان کرد کە دەتوانن وەرگێران بۆ قسەکان بکەن، بەڵام پێشنیارەکەیان وەرنەگیرا. ئەم هەڵوێستە قبووڵ ناکرێت.”
وەزیری “داد”ی تورکیا هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بنەمایەک هەیە بۆ لێکتێگەیشتن و وتی: “کۆبوونەوەی گرنگ لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەماندا بەڕێوەچووە. هەرکاتێک ئەم زەمینەیە کە رەخساوە ببێتە هەمیشەیی، ئەوکات تورکیا لە تیرۆر ڕزگاری دەبێت.”
یڵماز تونچ ئەم پرۆسەیەی بە “دەستوورێکی مەدەنی نوێ”ـەوە گرێدا کە لەلایەن خەڵکەوە قبوول بکرێت و بە سەرەتایەكی نوێ بۆ “سەدەی دووەمی تورکیا” وەسفی کرد.