سۆزدار ئاڤێستا: ئێمە هەنگاوی مێژووییمان ناوە، ئازادیی ئۆجەلان مەرجی سەرەکییە

ئاڤێستا: لەسەر داوای ئۆجەلان و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ئاژاوەگێڕی کە ڕەنگە پرۆسەکە پەکبخات، هێزەکانی گەریلامان لە باکوری کوردستان کشاندەوە.
سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا بە کشانەوەی گەریلا “هەنگاوی مێژوویی”یان ناوە، بەڵام تورکیا لەهەمبەر ئەو هەنگاوەدا بێ وەڵام ماوەتەوە. ئاڤێستا جەختی لەوە کردەوە کە ئازادی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە “پرسی سەرەکی” و مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەکەیە.
سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی کرد. ئاڤێستا ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ئاژاوەگێڕی کە ڕەنگە پرۆسەکە پەکبخات، هێزەکانی گەریلایان لە هەندێک ناوچەی باکوری کوردستان کشاندووەتەوە. هەروەها ئاڤێستا ئەم هەنگاوەی بە “هەنگاوێکی مێژوویی و فیداکارانە” ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەوان بەرپرسیارانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە.
بەڵام ئاڤێستا ڕەخنەی لە دەوڵەتی تورک گرت کە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی نەناوە و وتی: “دەبوو دەوڵەت یاسای تایبەتی بۆ ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک دەرکردبا و پرسی کوردی لە چوارچێوەیەکی یاساییدا پێناسە کردبا”.
سۆزدار ئاڤێستا جەختی لەوە کردەوە کە کارنامەڕۆژەڤی سەرەکی ئەوان ئازادی فیزیکی عەبدوڵا ئۆجەلانە و ئەمەشی وەک مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی هەر پرۆسەیەک دەستنیشان کرد. هەروەها وتی: “وەک تەڤگەری ئازادی، ڕۆژەڤی سەرەکیمان ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆیە، هەتا ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەکرێت، هیچ پرۆسەیەک سەرکەوتوو نابێت”.
ئاڤێستا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دەرفەتانەی بە ئۆجەلان دراوە “زۆر کەمن” و وتی کە جێبەجێکردنی “مافی هیوا” و دەستەبەرکردنی مەرجە یاساییەکانی، بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە گرنگییەکی حەیاتیی هەیە.
سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، سۆزدار ئاڤێستا لێدوانەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیای بە توندی ڕەتکردەوە. ناوبراو ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئەندامانی پەکەکە لە دوای کشانەوە چوونەتە ڕیزەکانی هەسەدە، بە “درۆ” ناوبرد و وتی: “تا ئێستا یەک ئەندامی پەکەکە نەچووەتە ناو ڕۆژئاڤای کوردستان و پەیوەست بە هەسەدە نەبووە و ڕایگەیاند کە ئامانج لەو لێدوانانە، تێکدانی پرۆسەی چارەسەرییە”.
لە هەمان چوارچێوەدا ئاڤێستا سەردانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیای بۆ عێراق و لێدوانەکانی ناوبراوی بە ئاژاوەگێڕی لە دژی پرۆسەی ئاشتی لەقەڵەمدا. ئاڤێستا ئاماژەی بەوەشکرد، داواکاری فیدان کە دەڵێ “با پەکەکە لە سووریا و ئێران و عێراق بڕوات” تەنها دژی پەکەکە نییە، بەڵکو ماناکەی ئەوەیە کە “با کورد بڕوات”. ئاڤێستا ئەم عەقڵیەتەی بە گەورەترین بەربەست لە بەردەم ئاشتی و دیموکراسی لە ناوچەکە ناوبرد.
ئاڤێستا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا لەبری ئەوەی پرسی هێزەکانی هەسەدە بکاتە بیانوو، با لەو خاکانە بکشێتەوە کە لە سووریا و عێراق داگیری کردوون.