هاتیمۆغلاری: دەبێ دەمیرتاش ئازاد بکرێت و کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە

“ئەگەر کۆمیسیۆنەکەی پارلمانی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە، ئۆجەلان ڕۆڵێکی گرینگتری لە پرۆسەکەدا دەبێت”.
تولای هاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، تورکیا ناچارە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد بکات. هاتیمۆغلاری هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر کۆمیسیۆنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆنەبێتەوە ئەوا پرۆسەکە سەرناگرێت و ناڕواتەپیش.
تولای هاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی (DEM)، ئەمڕۆ شەممە، 8ی نۆڤەمبەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی “مێزۆپۆتامیا” سەرنجی خستەسەر بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) ڕاکێشا و وتی: “دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ جاری سێهەمە کە بڕیاری ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش دەدات، بەڵام ئەم بڕیارە هێشتا جێبەجێ نەکراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەک تەنها دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، بەڵکوو دەبوو تا ئێستا هەموو زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ ئازاد کرابان. هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها ڕایگەیاند، لە زیندانەکانی تورکیادا کەسانێک هەن کە 32-33 ساڵە لە زینداندان، بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر ئازاد ناکرێن.
“بە بێ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، پرۆسەکە پێش ناکەوێت”
هاتیمئۆغلاری سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و ڕۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند، ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی و ئۆجەلان زیادی کردووە و ئەمەش مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.
هاتیمۆغلاری وتی: “بەڕێز ئۆجەلان لە گەیاندنی پڕۆسەکە بۆ ئەم قۆناغە ڕۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕاوە و ئەرکێکی گەورەی گرتۆتەئەستۆ. ئەو لیدەرێکە کەوا گەلان وەک ئەکتەری سەرەکی لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا دەیبینن. هەمووان دەزانن کە بەبێ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەدا، هیچ پێشکەوتنێک لەم پرۆسەیەدا بەدی نابێت، هەربۆیە حیزبەکەی و گەلانی تورک و کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان داوای ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن. ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەگەر ئەم کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت، بەڕێز ئۆجەلان بەشدارییەکی زۆر گرنگتری لەم پرۆسەیەدا دەبێت”.