کۆمیتەناوچەی عەفرینی ئەنەکەسە کوشتنی دوو هاووڵاتیی کورد شەرمەزار دەکات

کۆمیتەناوچەی عەفریی ئەنەکەسە کوشتنی دوو هاووڵاتیی کورد شەرمەزار دەکات

ئەنەکەسە: “بڵاوبوونەوەی چەکی کۆنترۆڵنەکراو و بوونی هێزی چەکدار لە گوند و شارەکان و نەبوونی دەوریەی ئەمنی بووەتە هۆی زیادبوونی تاوان و پێشێلکارییەکان”.

کۆمیتە ناوچەی عەفرینی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی دوو هاووڵاتیی مەدەنی کوردی بە توندی شەرمەزار کرد و دۆخی ئەمنی ناوچەکەی بە ‘مەترسیدار’ وەسف کرد. ئەنەکەسە داواکارە کە هێزە چەکدارەکان لە گوند و شارۆچکەکان دوور بخرێنەوە و سنوورێک بۆ تاوانەکانی دژ بە خەڵکی سڤیل دابنرێت.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 7/11/2025، کۆمیتەناوچەی عەفرینی ئەنەکەسە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا کوشتنی دوو هاووڵاتی کوردی بە ناوەکانی شوکری ئەحمەد ئۆسۆ و محەممەد عەبدۆ دەروێش لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە توندی شەرمەزار کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، یەکەم تاوان لە ئێوارەی ڕۆژی 5ی ئەم مانگە لە گوندی کەفەرزیت ڕوویداوە. لە ڕووداوەکەدا هاووڵاتییەک بە ناوی شوکری ئەحمەد ئۆسۆ تەمەن 70 ساڵ لەکاتێکدا کە بە تراکتۆرلە گوڤاشخانەی زەیتوون بۆ گوندەکەی خۆی دەگەڕایەوە، لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە هێرش دەکرێتە سەر و لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە.

تاوانی دووەم ئێوارەی ڕێکەوتی 6ی ئەم مانگە لە دەشتی خەزاوی ڕوویداوە. هاوڵاتییەک بە ناوی محەممەد عەبدۆ دەروێش تەمەن 57 ساڵ خەڵکی گوندی برج عەبدالۆ، لەلایەن کۆمەڵێک چەکداری دەمامکدارەوە بە بەرچاوی ژنەکەی و لەناو خێمەکەیدا کوژرا.

“با هیزە چەکدارەکان لە گوند و شارۆچکەکان دوور بخرێنەوە”

کۆمیتە ناوچەی عەفرینی ئەنەکەسە ( ENKS) لە بەیاننامەکەیدا سەرنجی بۆ خراپی دۆخی ئەمنی عەفرین (چیای کورمێنج) ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆنترۆڵنەکراو و بوونی هێزی چەکدار لە گوند و شارەکان و نەبوونی دەوریەی ئەمنی بووەتە هۆی زیادبوونی تاوان و پێشێلکارییەکان.

لەم پەیوەندییەدا ئەنەکەسە داوای لە لایەنە بەرپرسیارەکان دەکات کە:

ـ سنوورێک بۆ ئەم تاوان و پێشێلکاریانە دابنێن.

ـ تاوانبارەکان دەستگیر و ڕادەستی دادگا بکرێن.

ـ بەرگری لە ئاشتی کۆمەڵایەتی بکەن و هێزە چەکدارەکان لە ناوەندە مەدەنییەکان دووربخەنەوە و بینگەڕێننەوە بۆ بنکە سەربازییەکان.

ـ چەکی بیسەرووبەر کۆنترۆڵ بکەن و ئاسایش لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە ئارامی بژین.

کۆمیتە ناوچەی عەفرینی ئەنەکەسە بە ئیدانەکردنی بکوژان و تاوانباران، کۆتایی بە ڕاگەیاندراوەکەی هێناوە.

Share

پوستێن ھەمان بەش