بانگەوازی من بۆ دایک و باوکی گەریلاکانی ناو پەکەکە

گیانلەدەستدانی هەر گەریلایەک لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی (!)، قەتڵە و بکووژەکەشی خودی پەکەکە و دەوڵەتی تورکە…
✍️ بووبێ ئەسەر
باوکان و دایکانی گەریلاکانی ناو پەکەکە، مناڵەکانتان بە مەبەستی خەبات لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستاندا، بەوپەڕی ئازایەتییەوە ڕوویان لە چیاکانی کوردستان کرد تا نیشتمانەکەیان ڕزگار بکەن.
ئامانج و هەدەفی ئەوان دیموکراتیزەکردنی تورکیا نەبوو. دیموکراتیزەکردنی داگیرکەران، کاری نیشتمانپەروەران و شۆڕشگێڕانی گەلانی چەوساوە نییە، بەڵکوو لەپێناو ڕزگاریی وڵاتەکەیان و بەرگری لە نەتەوەکەیاندا خەبات و بەرخۆدان دەکەن.
هەر گەنجێک کە چووە شاخ و بوو بە گەریلا، ئامانج، هەدەف و مەبەست و ئاواتی ڕزگارکردنی وڵاتەکەی خۆی بوو. بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە نێو ئاڵاکانی جیهاندا و بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەیان لە کۆیلایەتی ڕوویان لەشاخ کرد.
گەلی کورد بۆ ئەوەی خەبات سەربکەوێت و کوردستان ڕزگار بێت، قوربانییەکی زۆری داوە، ماڵ و منداڵ و گیان و پارەکانیان فیداکرد و ڕۆڵەکانیان لەپێناو ڕزگارکردنی کوردستاندا ڕەوانەی چیا کرد.
بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ تێدەگەین کە هەموو ئەم قوربانی و فیدکارایانە، بۆ دیموکراتیزەکردنی دەولەتە داگیرکەرەکان بووە. ئەمڕۆکە تێدەگەین کە هەموو ئەو نرخانەی کە دراون بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا بووە. ئێستا ئیدی ئەمە بە ڕوونی و بە ئاشکرای دەرکەوتووە.
پەکەکەییەکان دەڵێن: “چەکمان دانا و چیتر دژی تورکیا بەکاری ناهێنین”. بە واتایەکی تر چەکدانانی پەکەکە تەنها دژی دەوڵەتی تورکیایە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەو قوربانییانە بۆ تورکیایەکی بەهێز دراون.
سەرنج بدەن، پەکەکە لەو ڕۆژەوە کە چەکی داناوە، هەتا ئێستا 130 گەریلای خۆی کوشتووە. من باوەڕم وایە ئەم کوشتنانە بەمەشەوە ناوەستێت. پەکەکە هەتا ئەو کاتەی کە بەتەواوی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و دەگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، سەرجەم گەریلا نیشتمانپەروەرەکانی ناو ڕیزەکانی خۆی دەکوژێت و دواتر سەرجەم چەکەکانیان بە تەواوەتی بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنێتەوە.
بۆیە داوا لە دایکان و باوکانی گەریلا قارەمانەکان دەکەم ئاگاداری ڕۆڵەکانیان بن و خاوەندارێتییان لێبکەن. ئەگینا یەک گەریلای کورد نامێنێت کە بۆنی کوردستانیبوونی لێبێت و دوای ئەو بەقەول چەکدانانە، هەموویان دەکووژن. خۆی لەخۆیدا یەکێک لە ئامانجەکانی پەکەکە لە چەکدانان و تەسلیمکردنی چەکەکانی، لە ڕاستیدا هەر ئەوەیە.
ئێمە و هەموو دایک و باوکانی گەریلا دەبێت خاوەندارێتییان لێبکەین. بۆئەوەی نەکوژرێین، لەڕێگەی ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لەڕێگەی خاچی سوور و لەڕێگەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە، دەبێت خاوەندارێتی لەو گەریلایانە بکەین کە بۆ ئازادی وڵاتەکەمان چوونەتە شاخ و دەبێ بیانپارێزین و بیانگەڕێنینەوە بۆ باوەشی دایک و باوک و بنەماڵەکانیان.
ئەگەر ئێمە وەک نەتەوەی کورد لە هەمبەر کوشتارەکانی پەکەکە کە لە دوای چەکداماڵین، بێدەنگ بین و هیچ هەڵوێستێکمان نەبێت، ژمارەیەکی زۆر لە گەریلا گیانفیداکان دەکوژرێن. لە ئەنجامی کوشتنی گەریلاکاندا ئەو دەرکە دروست دەبێت کە گەریلاکان دوای چەکدانان تەنها لە حاڵەتێکدا لە ژیاندا دەمێننەوە کە یان دەبێ زەلامی دەوڵەتی تورک بن یان موریدی عەبدوڵڵا بن.
تکایە کەرەم بکەن و وەکوو نەتەوەیەک نابێ لە هەمبەر کوشتنی گەریلا لە دوای چەکداماڵینی پەکەکە، بێدەنگ بین. چونکە ئێستا ئیدی پەکەکە بەگوێرەی قسە و ڕێنماییەکانی باخچەلی دەجووڵێتەوە. مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێ بڵێت کە سەرۆکی ئێستای پەکەکە، شەخسی باخچەلییە.
دایکان و باوکانی گەریلا پێویستە خاوەندارێتی لە ڕۆڵەکانیان بکەن. نابێ بە تەنیا جێیان بهێڵن. ئەگینا تەنانەت تەرمەکانیشیان نابینن. پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاریتان بکەن. نامە بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بنێرن بۆ ئەوەی بتوانێت لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا خاوەندارێتی لە منداڵەکانتان بکات.
کوردینە، سیاستوانەکان، حیزب و ڕێکخراوەکان، ئاگاداری ئەم دۆخە نوێیەی پەکەکە بن. یەکێتی ویەکڕیزی خۆتان پێکبهێنن بۆ ئەوەی ئێوەش دانەبڕێن و خاوەندارێتی لە ڕۆڵەکانی خۆتان و لە گەریلا فیداکارەکانی نیشتمانی خۆتان بکەن.
لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ڕێپێوان و بڵاوکراوە و سیمینار و کۆنفرانسەوە، ئەوم ڕەوشە بۆ ئەوروپییەکان ڕوون بکەنەوە. بۆیانی ڕوونی بکەنەوە و تێێانبگەیەنن کە گیانلەدەستدانی هەر گەریلایەک لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی (!)، قەتڵە و بکووژەکەشی خودی پەکەکە و دەوڵەتی تورکە…
بابەتەکەم بە قسەیەکی باقی قەرار کۆتایی پێ دەهێنم. “پەکەکە بزووتنەوەیەکی کوردکوژە”.