ئەو کوردانەی ئۆجەلانیست نین، چییان بەسەر دێت؟ کێ لە دارکا مازی دەترسێت و بۆچی؟

ستراتژی 50 ساڵەی دەوڵەتی تورک ئەوە بووە کە کورد بکاتە ئەندامی پەکەکە و ئاپۆچی و دەستەمۆیان بکات لە کوردایەتی دووریان بخاتەوە.
پێگەی “دارکا مازی” کە لە مانگی ئەیلولی 2019دا، پەخشی تاقیکاریی دەستپێکرد و لە مانگی نۆڤەمبەردا بە فەرمی دەستی بە پەخش کرد. بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی و تورکی، هەروەها زاراوەکانی کوردی دەستمان بە بڵاوکردنەوە کرد. ماوەی شەش ساڵە ئێمە هەوڵی ئاگادارکردنەوە و ڕوونکردنەوەی گەلەکەمان لەسەر ڕێگای هەقێقەت و ڕاستی دەدەین.
لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا پشتیوانیمان لە هەر شتێک کردووە کە بۆ کورد باش بووبێت و هەوڵمان داوە بابەتە نادیارەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد بگێڕینەوە. بێگومان کاتێک جیلکەی هەقێقەتمان بە شارەی هێندێک لایەندا کرد، لەگەڵ هێرش و پەلامارێکی زۆر بەرەوڕوو بووین. لە بنەماڵەکانمانەوە بگرە هەتا باب و باپیرانمان، بێڕێزیان پێکرا. باوترین وشەکان کە پێمان دەگوترا ئەوە بوو کە دەیانگوت: “ئێوە ئەندامی دەوڵەتی تورکن، ئێوە ئەندامی میتن”. بەتایبەتی ئەندامانی پەکەکە ئێمەیان بە “خزمەتکردن بە دەوڵەتی تورک”، تۆمەتبار کرد. تەنانەت ئەندامانی یەنەکەش کەوا لە سلێمانی شەربەتی پەکەکەیان خواردبۆوە، تپمەتی لەوشێوەیان بۆ هەڵدەبەستین، واتە هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە پێگەی “دارکا مازی” وەکوو دەزگایەکی میت وێنا بکەن.
بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەرکەوت سەرۆکی ئەو کەسانەی کە ئێمەیان بە “ئامرازی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە” ناودەبرد، بۆخۆی لەگەڵ “ئاکەپە ـ میت ـ مەهەپە”دا، دڵداری دەکات. واتە دەردەکەوێت کە ئەو کەسانەی پێیان دەگوتین میت، بۆخۆیان مامەڵەی سیاسیان لەگەڵ میت دەکرد و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ میت ئاشکرا بوو. ئێستا ئیدی ئاکەپە و مەهەپە بە ئاشکرا بەرگری لەو کەسانە دەکەن.
لە ڕاستیدا ئەو کەسانەی پێمان دەڵێن میت، لە دوو گرووپدا جێدەگرن. گرووپی یەکەم لەو کەسانە پێکدێن کە ڕاستییەکان نازانن و توانای لێکۆڵینەوەیان نییە و فریو دراون. گرووپی دووهەمیش لەو کەسانە پێکدێن کە دەزانن ئەو زانیاری و شرۆڤە و چاودێرییە مێژوویی و هەنووکەییانەی کە لە لایەن دارکا مازیەوە پێشکەش کراون، ڕاست و دروستن، بەڵام ترسیان لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکانی خۆیان هەیە.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ژمارەی ئەو کەسانە زیادی کرد کە ترسیان لە بڵاوکراوەکانی دارکا مازی هەیە. بۆ نموونە لە کاتێکدا لە ڕابردوودا پەکەکە و لقوپۆپەکانی پەکەکە، دژایەتییان دەکردین، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەوڵەتی تورکیش شان بە شانی پەکەکە، بە هەموو توانایەوە دژایەتی دارکا مازیی کرد.
بۆ نموونە ڕێژیمی ئێران لە یەکەم لایەنەکان بوو کە هەوڵەکانی بۆ ئاستەنگکردنی دارکا مازی دەستپێکرد. چونکە ئێمە مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و پەکەکە (بەتایبەت ئەو ڕێککەوتنانەی کە جەمیل بایک لەگەڵ ئێران واژۆیان کردبوو)، بە بەڵگەوە بڵاوکردەوە.
دوای ماوەیەک دەوڵەتی تورکیاش، پەیوەست بە میحوەری دژبەری پێگەی دارکا مازی بوو. لە سەرەتای ساڵی 2021دا، تورکیا بەشی عەرەبی و کرمانجی دارکا مازیی فیلتەر کرد. دواتریش ئەکاونتی عەرەبی و کرمانجی و سۆرانی دارکا مازیی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) فیلتەر و قەدەغە کرد. ئێمە چەندین جار ئایپیمان گۆڕی، تەنانەت ناچار بووین کە ماڵپەڕەکەمان بگۆڕین.
بێگومان بەشی تورکیەکەشمان لە هێرشی دەوڵەتان بێبەش نەبوو.
ئەوەی جێگای سەرنجە، چەند ڕۆژێک پێش بڵاوبوونەوەی نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردبوو، دەستڕاگەیشتن بە ئەکاونتی (X)ی دارکا مازی لە تورکیا ڕێگری لێکرا. لە هەمان کاتدا ماڵپەڕەکەمانیش بلۆک کرا و چوونە ناو دارکا مازی ئاستەنگ کرا. تەنانەت ناچار بووین کە ناوی ماڵپەڕەکەمان بگۆڕین.
لەوەتەی پرۆسەی هاوبەشی “ئۆجەلان-ئەردۆغان-باخچەلی” دەستیپێکردووە، سێ جار ئەکاونتەکانی فەیسبووک و ئێکسمان بلۆک کراون.
لەم دواییانەشدا و لە ڕێکەوتی 18ی ئۆکتۆبەردا، پلاتفۆرمی ئێکس (X) ئاگاداری کردینەوە کە “دادگای چەولیگ” بڕیارێکی لە دژی ئێمە دەرکردووە و بلۆک کراوین. وەک تیمی دارکا مازی شرۆڤەمان کرد: “بەو پێیەی بلۆکیان کردووین، چاوەروان دەکرێت کە هەندێک لایەن هەندێک هەنگاو بگرنەبەر، با بزانین ئەمجارە چی ڕوودەدات”. پێشبینییەکەی ئێمە هاتە دی و لە 26ی ئۆکتۆبەردا پەکەکە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە باکوری کوردستان کشاندۆتەوە.
بۆیە ئەم گرووپە بچووکە هاوپەیمانەی کە ئێمە پێکەوە بۆ “نووسینی هەقێقەت” پێکمان هێناوە، لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە دەکرێتە ئامانج.
بە واتایەکی تر دەوڵەتی تورک “دارکا مازی”ی ناوێت، هەروەک چۆن پەکەکەش نایهەوێت.
بۆ نموونە ئەندامانی پەکەکە دەتوانن بچنە پەرلەمانی تورکیا لە تورکیا و هاوار بکەن “بژی ڕێبەر ئاپۆ”. بەڵام دارکا مازی ناتوانێ بابەتی ڕەخنەگرانە لە سەر ئۆجەلان بنووسێت و ڕاستییەکانی ئاشکرا بکات و ئەگەر بشیکات، ڕێگا نادرێ کە ئەو بابەتانە لە تورکیا بخوێندرێنەوە. واتە لە تورکیادا ئۆجەلان ئازادە، بەڵام دارکا مازی قەدەغە کراوە…
بۆچی؟ چونکە دارکا مازی نوێنەرایەتی و پەیڕەوی لە هێڵی کوردایەتی و نەتەوەیی دەکات.
ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندیی بە دارکا مازیەوە نییە. نابێت وا هەست بکرێ کە ئێمە تەنها بۆ خۆمان قسە دەکەین. ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی تورکە. لەمەودوا ئەوانەی ئاپۆچی نین لە باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەی هاوپەیمانیەوە ڕێگرییان لێدەکرێت. دەوڵەتی تورک دەیهەوێت کە کورد لە هێڵی ئاپۆ لانەدات.
ستراتژی 50 ساڵەی دەوڵەتی تورکیا ئەوە بووە کە کورد بکاتە ئەندامی پەکەکە و ئاپۆچی. بۆ ئەم مەبەستە، لە ساڵانی 1970دا، پەکەکە زیاتر لە سەد ئەندام و سەرکردەی بزووتنەوە کوردییەکانی تیرۆر کرد، هەر لە “فەرید ئوزون”ـەوە بگرە هەتا “مستەفا چاملبەل”، کە ئەندامی ڕێکخراوەکانی کوک و کاوە بوون. لە ساڵانی 1980دا هەمان سیاسەتی لە ئەوروپا درێژە پێدا. دەیان کەسی لە دەدەکە و ڕێکخراوەکانی دیکە، لە “عەلی ئاکا گووندوز”ـەوە بگرە هەتا “ئەیوب کەمال ئاتسیز”ی تیرۆر کرد.
ستراتژی پەکەکە بۆ قڕکردنی کورد و مانەوەی خۆی بە تەنیا، لەمەودوا بە ئاشکراتر بەردەوام دەبێت. هونەرمەندان، گۆرانیبێژان، پارێزەران، نووسەران، نیگارکێشان، چالاکنی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەرکەسێک پشتگیری ئۆجەلان نەکات، لەلایەن بنکەی فاشیستی پەکەکە و دەزگا دەوڵەتییەکانی تورکیاوە تووشی ئاستەنگ و تەنگوچەڵەمە دەبن. توڕەبوونی ئەم دواییانەی ڕای گشتی لەسەر ئیستیغلال کردنی سۆشیال میدیای مەم ئارارات لەلایەن کۆمەڵگەی پەکەکەوە پەیوەندیی بە نرخی بلیت و شتی لەو جۆرەوە نییە. مەم ئارارات بلۆک کرا چونکە ئامادە نەبوو کە بەڵێنی ملکەچبوونی خۆی بۆ پەکەکە بدات.
ئەمڕۆ لە دوای ساڵی 1975، سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ “کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەی کورد لەسەر دەستی پەکەکە”، بەشێوەیەکی جیاوازتر دەردەکەوێت.
دەوڵەتی تورک لە ڕابردوودا بە کوردی دەگوت “یان دەبێ خۆشمتان بوێت، یان ئێرە بەجێبهێڵن و بڕۆن”، هەروەها دەیگوت “ئەوانەی تەسلیمی دەوڵەت نەبن مافی ژیانیان نییە”. ئێستا لە ئامەد و باتمان و ماردین، پەکەکە و دەوڵەتی تورک، شانبەشانی یەکتر، بە کورد دەڵێن: “یان دەبێ ئۆجەلانتان خۆشبوێت یان دەبێ ئەم ناوچەیە بەجێبهێڵن”.
لە کۆتاییدا بەوانەی کە پێمان دەڵێن سیخوڕی میت، خائین و هتد…، ئەمە دەڵێین: ڕۆژ هاتووە، سەردەم گۆڕاوە و ڕوون بووەتەوە کە کێ خزمەتی میت و دەوڵەتی تورک دەکات. پێشتریش ئەوەمان وتووە و ئێستاش دەڵێینەوە: “سیاسەتی دەوڵەتی تورک بۆ سەپاندنی ئاپۆچیتی بەسەر گەلی کورددا، سیاسەتی جینۆسایدکردنی نەتەوەی کوردە”. نابێ ئێمە بکەوینە ناو ئەم تەڵەیەوە. ئێمە لە نووسینی هەقێقەت و ڕێگای ڕاستی کوردایەتی بەردەوام دەبین. هەروەها پێویستە نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزە ڕاستەقینەکان لە هەمبەر ئەم تەڵەیەی کە بۆ فریودانی کورد دانراوە، بڵێن ئیدی بەسە.