ئۆجەلان؛ دۆن کیشۆتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئەندازیاری خەیاڵێکی سیاسی؟

ئۆجەلان؛ دۆن کیشۆتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئەندازیاری خەیاڵێکی سیاسی؟

ئۆجەلان ماوەی 50 ساڵە کە خیانەت لە کورد و کوردستان دەکات، ڕێبازی سیاسی 50 ساڵەی ئۆجەلان “ڕێبەرێتی” نەبوو، بەڵکو گەشتێکی خیانەتکارانە بوو. ڕێگای ئۆجەلان، ڕیگایەک بوو کە هیواکانی کوردی هەڵلووشی و ئایندەی کوردانی بە بارمتە گرت.

✍️ مەمەد مێردینی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەو پیاوەی خۆی ک “ڕێبەری گەلانی ژێردەستە” ناودەبات، ساڵانێکە بە ڕواڵەت لە دوورگەی ئیمرالی زیندانی کراوە، بەڵام لە خەیاڵی خۆیدا سەرقاڵی ئافراندنی سیناریۆیەکە بۆ ڕزگارکردنی جیهان، بەڵێ ئەو کەسەی کە هەتا ئێستا نەیتوانیوە خۆی ڕزگار بکات، هەوڵی ڕزگارکردنی سەرانسەری جیهان دەدات. بەڵام پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە: “ئایا ئۆجەلان فەیلەسووفێکی ئازادییە، یان تەنها دۆن کیشۆتێکە کە شمشێرەکەی لە بای بیابانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕادەوەشێنێت؟

خەیالوانێک بە جلی شۆڕشگێڕانەوە

ئۆجەلان باس لە “دیموکراسی گەلان” و “ئازادی ژن” دەکات، بەڵام تۆمارە پراکتیکییەکانی حیزبەکەی شتێکی دیکە دەڵێن: ماشێنێکی ئایدیۆلۆژیی دیسپلینکراو و میلیتاریزەکراو کە ئازادی بە گوێڕایەڵی دەپێوێت. بە زمانێکی پڕ لە دروشم ئایدیالیزمی گۆڕی بۆ دۆگماتیزم و خەونی ئازادیی لە شێوەی مەزهەبێکی نیمچە ئایینیدا فرۆشت کە تێیدا عەقڵ جێگەی خۆی بە ئیمانێکی کوێر داوە.

ئەو شوالیەیەی کەوا ئاشخانەکەی وەک دوژمن دەبینی

ئۆجەلان وەک دۆن کیشۆت بەرامبەر دوژمنە خەیاڵییەکان وەستایەوە. بەڵام ئەمجارە ئاشەکانی بایی مرۆڤی ڕاستەقینە بوون، ئەو لاوانەی کە بۆ خەبات لەپێناو ڕزگاریی کوردستاندا تێکەڵ بە ڕیزەکانی پەکەکە ببوون، لە شەڕێکی بێکۆتاییدا قوربانی کران. ئۆجەلان شەڕی کرد، بەڵام نەک بۆ ئازادی، بەڵکوو بۆ نووسینی ئەفسانەیەک کە ئەو بۆخۆی لە چەقی ئەفسانەکەدا بوو. کاتێک باس لە “نەتەوەیەکی دیموکراتیکی” دەکات، لە ڕاستیدا باس لە کەسایەتی دەستکردی میتۆلۆژیکی خۆی دەکات؛ باس لە ڕێبەرێک دەکات کە دەبێت بۆ هەمیشە لە دڵی بزووتنەوەکەدا بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەموو جیهانیش بگۆڕدرێت.

فەیلەسووف یان خۆبەپێغەمبەر زانین؟

ئۆجەلان لە نووسینەکانیدا خۆی وەک فەیلەسووفێک نیشان دەدات کە لە مارکس و فێمینیزم و ئیلاهیاتەوە ئیلهامی وەرگرتووە. بەڵام لە کردەوەدا، ئەم سەرلێشێواوییە بووەتە فۆرمێکی مەترسیداری عیرفانی سیاسی، کە تێیدا ڕەخنە و پرسیارکردن قەدەغەیە و تەنها “خوێندنەوەی دروستی هزری ڕێبەر” ڕێگەپێدراوە. بزووتنەوەکە لە ژێر سایەی ئەودا، لە جیاتی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، پێکهاتەیەکی نیمچە ئایینیی دروست کردووە کە تێیدا دڵسۆزی و پەرۆشی بۆ سەرۆک، لە بیرکردنەوە گرنگترە.

پارادۆکسی نێوان قەڵەم و فیشەک

ئۆجەلان لە زینداندا باسی ئاشتی دەکات، بەڵام میراتەکەی هێشتا بە چەکەکانی ناو گۆڕەپانەکان دەستنیشان دەکرێت. ئەو باسی خۆشەویستی بۆ مرۆڤایەتی دەکات، بەڵام هەزاران کەس لە ژێر سێبەری ئایدۆلۆژیاکەیدا گیانیان لەدەستداوە. باسی دیموکراسی دەکات، بەڵام بچووکترین ڕەخنەی لێ بگیردرێت لەناو پەکەکەدا وەک خیانەت و دوژمنایەتی سەیر دەکرێت. پێکناکۆکی نێوان قسە و کردارەکانی وای لێکردووە کەسایەتییەک بێت کە لەبری ئەوەی “ڕێبەرێکی ڕزگاریخواز” بێت، دەبێتە “فەیلەسووفی پێکناکۆک”.

ئەفسانەیەک کە دەڕوخێت

لە کۆتاییدا دەڵێین ئۆجەلان دۆن کیشۆتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پیاوێک کە دەیهەویست سەرلەنوێ مێژوو بنووسێتەوە، بەڵام لەناو قەرەباڵغیی خەیاڵی خۆیدا ون بوو. لەبری ئەوەی کە لە واقیعی ئاڵۆزی ناوچەکە تێبگات، ئەو گۆڕی بۆ خەونی شەخسی خۆی و وەک دۆن کیشۆت لە کۆتاییدا نە دوژمنی تێکشکاند و نە جیهانی ڕزگار کرد، بەڵکوو تەنها بە بەڵێنێکی مەحاڵ، جیلێک لە لایەنەگرەکانی خۆی ڕەوانەی مەرگ کرد.

ڕەنگە ئۆجەلان ویستبێتی ببێتە شوالیەی دادپەروەری، بەڵام مێژوو زیاتر وەک بانگخوازێکی ماندوونەناسی خەونێکی بێمانا یادی دەکات. خەونێک کە هەرچەندە هاواریشی کرد، بەڵام لە ناوەوە داڕما.

بەکورتی ئۆجەلان ماوەی 50 ساڵە کە خیانەت لە کورد و کوردستان دەکات، ڕێبازی سیاسی 50 ساڵەی ئۆجەلان “ڕێبەرێتی” نەبوو، بەڵکو گەشتێکی خیانەتکارانە بوو؛ ڕێگایەک بوو کە لەبری ئازادی دەیان نەوەی کوردی خستە ناو ئاگرەوە. ڕێگای ئۆجەلان، ڕیگایەک بوو کە هیواکانی کوردی هەڵلووشی و ئایندەی کوردانی بە بارمتە گرت.

Share

پوستێن ھەمان بەش