دەڤەری زاپ و تێکشکان بە زمانی سەرکەوتن

ئەوەی پەکەکە کردی پێی دەوترێت “تەسلیمبوونی سپی”، کە بەناوی عەقڵەوە دەستبەرداری خاک ببیت و شکستەکە بە زمانێکی قارەمانانە وەسف بکەیت.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
ڕادەستکردنی دەڤەری زاپ، ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو کە مرۆڤ بتوانێ وەکوو هەواڵێک بەسەریدا تێپەڕێت.
بەڵکوو بۆمبێک بوو کە لە گوێی هەموو نیشتمانپەروەرێکدا تەقێندرایەوە و تا سەد ساڵی دیکەش دەنگەکەی لە گوێی وڵاتپارێزاندا دەزرینگێتەوە.
ئەم بابەتە پرسیارێکی گەورەی لە زەیینی هەموو تاکێکی کورددا دروست کردووە: ئایا دەکرێت حیزبێک کە ماوەی 40 ساڵە بانگەوازی کوردستانی گەورە دەکات، دواجار بە شانازییەوە پارچەیەک لە خاکی ڕزگارکراوی کوردستان لەجیاتی ئەوەی بە حکومەتی هەڵبژێردراوی کوردی بسپێرێت، ڕادەستی سوپای تورکیای بکات؟
ئەو شاخانەی کە بە “قەڵغانی یەکەمی نەتەوەی کورد” ناویان دەبرد، چۆن بوونەتە تونێلێکی کراوە بۆ کشانەوەیەکی سپی، کە هەمیشە خۆی وەک بارگریکار دادەنا؟
لە ڕاستیدا ئەوەی ڕوویدا تاکتیکێکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو وانەیەکی ئەکادیمی کامڵ بوو لە زمانی شیعر سەبارەت بە ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە کێبڕکێی سەربازی بوو.
بەپێی تیۆرییە نوێیەکانی نەتەوایەتی، ئاخ تەنیا شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکوو بنەمای ناسنامەی نەتەوە و گەرەنتی مانەوەی نەتەوەکە.
هەروەها “سەروەری”ش بە بەیاننامە نییە، بەڵکوو بە خاوەندارێتی کردنی خاک و بەرگریلێکردنی و ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی بۆ گەلەکەی دەستەبەر دەبێت.
بەڵام بەداخەوە ئەم حیزبە نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەوەی نیشانداوە کە زانایانی سیاسی پێی دەڵێن “دووڕوویی شۆڕشگێڕی”: گوتارێکی نەتەوەیی باس لە دەوڵەتێک دەکات کە لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەکی تر درێژ دەبێتەوە، بەڵام لە واقیعدا ناتوانێت گوندێک بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی کە ماوەی 20 ساڵە چاوەروانن. هەزاران خێزان کە بەهۆی دروشمی ڕزگارکردنی کوردستانی گەورە لە گوندەکانیان دەرکراون، هەتا ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و موڵککەکانی خۆیان و خانووەکانیان و مەزرا و باخەکانیان بە تەواوی وێران کراون. وەک ئەوەی کە شۆڕش بۆ ئازادکردن و ڕزگارکردن نەبێت و بەڵکوو چۆڵ کردنی زێد و خاک کرابێت.
دەیان ساڵە، پێیان دەوترێت “خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەچووە”.
بەڵام کاتێک مرۆڤ دەبینێت زاپ بەبێ دانوستان و بەبێ ئاڵایەکی کوردستان و بەبێ مەرج ڕادەست دەکرێت، ئەو پرسیارە دەبێتە ئەرکێکی ویژدانی نەک بێڕێزی کە: ئەو هەموو خوێنە ڕژاوە بۆ کوێ چوو؟
لە هەمبەر چیدا بوو؟
میللەت چی دەستکەوت؟
ئەم قوربانییە گەورانە لەسەر کامە مێز فرۆشران؟
ئەمەی پەکەکە کردی لە سیاسەتدا پێی دەوترێت “تەسلیمبوونی سپی” یان (خۆڕادەستکردنی سپی).
بەناوی عەقڵەوە دەستبەرداری خاک ببیت و بە زمانێکی قارەمانانە شکستەکە وەسف بکەیت، بۆ ئەوەی میللەت هەست بەوە نەکات کە جارێکی تر فریو دەدرێن.
لەو کشانەوەیە بە ئازارتر، ئەو بێدەنگییەیە کە بەدوایدا هات. نە خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان، نە حیزبەکان کفنەکانیان وەلانا و نە چەکەکان بەرزکرانەوە.
نەک لەبەر ئەوەی کە کەرامەت نەماوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هەموو لایەک دەزانن کە یەکەم فیشەک کە بەڕووی برایەکدا بتەقێت، ئەو فیشەکە دەبێتە هۆکارێک کە هەموو خەونەکان دەکوژێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زۆر تۆمەتی بۆ هەڵدەبەسترێت، نەچووەتە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت، چونکە حکومەتی کوردستان دەزانێت دوژمنی ڕاستەقینە، چەقۆکانیان تیژ کردۆتەوە و چاوەڕێی ئەم ساتەوەختە مێژووییە دەکات.
بەم شێوەیە حکومەتی کوردی لەبری ئەوەی کە خوێن بڕێژێت، ژەهرەکەی خواردەوە.
سیناریۆی ئاشکراتر ئەوەیە کە پارتی کرێکاران ئەو کشانەوەیەی وەک دەستکەوتێکی نەتەوەیی دەخاتەڕوو، وەک ئەوەی کە تەسلیمکردنی بێ مەرجی خاکی نیشتمان بە سوپای تورکیا، سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بێ وێنە بێت.
ئەرێ ئەوە چ جۆرە کوردایەتی و نەتەوایەتییەکە کەوا لەگەڵ دەوڵەتێکدا دەسازێت کە دەیان ساڵە گەنجەکانی دەکوژێت، بەڵام ئامادە نییە کە لەگەڵ حکومەتە کوردستانییەکەی خۆیدا ڕێکبکەوێت؟
کەی وڵات و نیشتمان لەسەر ئەو بنەمایە دادەمەرزێت کە شۆڕشگێڕ لە دەرگای پشتەوە دەربچێت و بە میللەتەکەی بڵێت: “بە تەسلیمبوونی بێ مەرج و بە بێ هیچ ئیمتیازێک، سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە”؟
لە دونیای فەلسەفەدا ئەوەی پارتی کرێکاران کردوویەتی پێی دەوترێت سەراوژێرکردنی بەهاکان، کاتێک شکست دەبێتە چاکە و دۆڕاندن دەبێتە هۆزان.
ڕووداوەکان وەک شانۆیەکی کۆمیدیای ڕەش کۆتاییان هات: خاک لە دەستی کورد دەرهێنرا و نەکەوتەوە دەستی کوردان، گیانبازەکان تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون، بەڵام جیلی نوێ بەرهەمی گیانبازییەکەیانی نەبینی.
گوندەکان 30 ساڵە چاوەڕێی گەل و خەڵکەکەی خۆیانن، بەڵام بەیاننامەکە بە جەوهەری سپی دەنووسرێن بۆ ئەوەی کە ڕەشیەتی ڕاستییەکان بشارنەوە.
لە کۆتاییدا تەنها یەک پرسیار ماوە کە بە دەنگێکی کپکراو هاوار دەکرێت: ئەگەر زاپ دڵی کوردستان بوو، چۆن لە دڵی ئێمە دەرهێنرا، بەبێ ئەوەی کە بۆ جارێکیش بکەوێتە دەستی خۆمان؟