قامیشلۆ و دهۆک لەیەکتری نزیک دەبنەوە

قسەکانی مەزڵووم عەبدی دەسپێکی سەردەمێکی نوێیە، ئەگەر کورد بە یەک دەنگ قسە بکەن، کەس ناتوانێت بێدەنگیان بکات.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
وتارەکەی مەزڵووم عەبدی لە کۆڕبەندی MEPS تەنها دەربڕینی هەڵوێستێکی سەربازی نەبوو، یان وتارێک سەبارەت بە سەرکەوتنی هێزەکانی لە شەڕی دژ بە تیرۆردا نەبوو، بەڵکوو وەرچەرخانێکی گرانی هزری بوو.
دەرکەوت کە سەردەمی ئاڵۆزیی شۆڕش کۆتایی پێهاتووە و سەردەمی بیرکردنەوەی سیاسیی دروست دەستی پێکردووە.
ئەو بە زمانێکی نوێ دوا، بە زمانی دەوڵەت و یاسا قسەی دەکرد، نەوەک زمانی دروشمی ئایدیۆلۆژی.
عەبدی جەختی کردەوە کە پێویستە دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا دابنرێت کە مافەکانی کوردی تێدا پارێزراو بێت و یەکیەتی سووریا لە شیوازێکی دیکەدا بێت و کوردیش بەشداری لە دیاریکردنی ئایندەی وڵاتدا بکات. هەروەک سەرۆک مەسعوود بارزانی هەمیشە پێی دەگوتن و ئەوەی کە هەمیشە لە سەرجەم کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکاندا گوتوویەتی: هیچ چارەسەرییەک لە ناوچەکە دادپەروەرانە نابێت، ئەگەر نەتەوەی کورد و مافی چارەی خۆنووسینی کورد پشتگوێ بخرێت.
ئەم لێکنزیکبوونەوە فەلسەفییە، لەخۆڕا نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ هەستێکی مێژوویی هاوبەش کە کات بۆ هەتاهەتا چاوەڕێی خەیاڵپەرستەکان ناکات، بەڵکو دەرفەتێکی کورت دەدات تا مرۆڤ بتوانێت کە ئێش و ئازارەکانی خۆی بگۆڕێت بۆ دام و دەزگایەکی سیاسی.
لەم ساڵانەی دواییدا سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕێبەری کورد، بە وتارە گرینگەکانی لە بەرانبەر جیهاندا وەستاوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە پرسی کورد بابەتی سەرکێشی و عاسێبوون نییە، پرسی چەند گروپێکی چەکدار نییە، بەڵکوو پرسی نەتەوەیەکی خاوەن خاک و ناسنامە و مێژووە و ئەمە بەهایەکی بە نەتەوەی کورد بەخشیوە کە تەنها دەبەخشێت بەو گەلانەی کە لە نێو گەورەکاندا بەدوای جێگای خۆیاندا دەگەڕێن.
ئەم هۆشیاریە نەتەوەییەی ڕاستەقینە ـ نەک فانتازیا ـ فەلسەفەی سیاسی بارزانیزمە، کە شۆڕش نەک هەر وەک ئامانجێک، بەڵکو وەک پردێک بۆ دروستکردنی دەوڵەت و دامەزراوە و دانپێدانانی گەردوونی دەبینێت.
بۆیە بارزانی وەکوو ئۆجەلان نەبووە کە دەنگی خۆی بە دروشمی خەیاڵی بەرز بکاتەوە، بەڵکوو بە گرێبەستە نەوتییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دروستکردنی دامەزراوەی حوکمڕانی و پاشان ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی مێژوویی کە جیهانی ناچار کرد گوێ لە واقیعی کورد بگرێت، تەنانەت ئەگەر دژیشی بن.
لە لایەکی ترەوە ئۆجەلان فەلسەفەی خۆی لەسەر ئینکاری دەوڵەتی نەتەوەیی و سنوور و ناسنامەی نەتەوەیی بنیات ناوە و مەسەلەی کوردی نەک وەک گەلێک کە بەدوای دەوڵەتدا دەگەڕێت، بەڵکوو وەک کێشەیەکی مرۆیی بینیوە کە دەبێت ناسنامەکەی لە جیهانێکی بێ دەسەڵاتی سیاس ناوەندیدا، بتوێتەوە. ئەو بۆچوونە لە کتێبەکاندا لەناو زینداندا نووسران و لە ژێر سێبەری داگیرکەراندا داڕێژران و بڵاوکرانەوە و بڕیار لەسەر پارتی کرێکاران درا کە دەبێ دەستبەجێ و بەبێ دانوستان جێبەجێی بکات.
بەڵام ئەمڕۆکە لە هەمبەر ئاستەنگە دەستووری و یاساییەکان و دانپێدانانی جیهانیدا، ئەوە ناچێتەسەر، چوونکە هەرکەسێک بیهەوێت لەگەڵ دەولەتانی داگیرکەردا دانوستان بکات، ئەگەر خۆی پێناسە نەکات ناتوانێ مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات و بە بێ هەبوونی پرۆژەیەکی سیاسیی ڕوون، ناتوانێ مافەکانی بەشیوەی یاسایی مسۆگەر بکات.
وتارەکەی مەزڵووم عەبدی وەکوو دانپێدانانێکی مێژوویی بوو کە سەردەمی شۆڕش بەسەر سەردەمی دیموکراتیزەکردنی گەلان کەوتووە و ڕاستکردنەوەی ڕێگای خیانەت نییە، بەڵکوو ڕزگارکردنی قوربانیانی ئەو کەسانەیە کە خوێنی خۆیان لەسەر ئەم خاکە ڕشتووە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، چارەسەری کێشەی کورد لە ڕۆژئاڤا دەبێت چارەسەرێکی سووری- نەتەوەیی و دەستووری بێت کە مافەکانی کورد زامن بکات و بە فەرمی دانیان پێدا بنێت.
نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، هیچ پرۆژەیەکی سۆزداری نییە، بەڵام ڕەوایەتیی جیهانیی تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێککەوتن و دامەزراوە یاساییەکانەوە بەدەست دێت، نەک لە ڕێگەی وەهم و خەیاڵی بیرمەندێکی زیندانییەوە کە خۆی تەسلیم کردووە.
کاتێک نێچیرڤان بارزانی داوای لە کوردەکان کرد کە لە سووریا یەکگرتوو بن و ململانێیە ناوخۆییەکانیان وەلا بنێن، ئەو لە ڕوانگەی ئامۆژگارییەوە قسەی نەدەکرد، بەڵکوو لەو ڕوانگەیەوە قسەی دەکرد کە دەیزانی جیهان تەنها تەعاموڵ لەگەڵ هێزێکی یەکگرتوودا دەکات کە توانای خستنەڕووی پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراوی هەبێت.
هەمان ئەو ڕوانگەیە لە وتارەکەی مەزڵووم عەبدیدا هەبوو، کاتێک جەختی لەسەر گرنگی یەکێتی و یەکڕیزیی کورد لە سووریا، دامەزراندنی پەیوەندییەکی دەستوری و ئاسایی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا و ڕەتکردنەوەی ئەو لۆژیکە ئاڵۆزەی کە بە سەدان ئاڵا و سەرکردەی شەڕکەرەوە کۆتایی پێهات، کردەوە.
پەیوەندیی نێوان ئەم گوتارانە ئەوە دەردەخات کە هۆشیارییەکی نوێی نەتەوەیی سەرهەڵدەدات، کە خەباتی کورد چیتر تەنیا خەباتی شاخ و چەک نییە، بەڵکو خەباتە بۆ شەرعیەتی سیاسی و دیپلۆماسی و پێویستییە یاساییەکان.
ئەو خوێنەی لە کۆبانێ، شنگال، زاخۆ، دهۆک، کەرکووک و سەرێکانی ڕژاوە، پێویستە نەک هەر ببێتە چیرۆکێکی قارەمانانە بۆ ئەوەی لە کتێب و وتارەکاندا بنووسرێت، بەڵکو دەبێ ببێتە هەوێنی بنیاتنانی ئایندەیەکی یاسایی و دەستووری و مافەکانی کورد لە نەخشەیەکی سیاسیدا بپارێزرێن، کەوا لەلایەن جیهانەوە دانی پێدا نرابێت.
چرکەساتێکە کەوا وتارەکەی مەزڵووم عەبدی لە قوتابخانەی واقیعگەرای بارزانی نزیکتر دەکاتەوە نەک لە ئۆجەلانی خەیاڵی.
بارزانی باب و کوڕ دەیانزانی کە دونیا ڕێز لە بەهێزەکان دەگرێت کاتێک بزانن کە چییان لێ دەوێت.
مەزڵووم عەبدی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە مافەکان بە هاوارکردن و گلەیی و خەون و خەیاڵی شۆڕشێکی بەردەوام دەستەبەر ناکرێت، بەڵکوو بە توانای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی گشتگیر، دەستەبەر دەکرێن.
لە کاتێکدا کە ئۆجەلان پرسی کوردی کردووە بە پرۆژەیەکی مرۆیی بەبێ چوارچێوەیەکی سیاسی، بارزانیی گۆڕی بۆ پرۆژەیەکی مێژوویی خاوەن ڕێباز و دامەزراوە و سنوور و گوتارێکی ڕەوا و ئەمڕۆکەش عەبدی هەوڵدەدات کە ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر تەم و مژی شۆڕش بهێنێتە دەرەوە و بیزاتە ژێر ڕووناکایی یاسییەوە.
چرکەساتێکی دەگمەن لە مێژووی کورددا ڕوودەدات: ساتەوەختی ڕەنگدانەوەی هزری واقیعگەرایی کرداری سیاسی کورد لە دهۆک و قامیشلۆ، لە نێوان ئەزموونێکدا کە لە کوردستانی عێراقدا خۆی سەلماندووە و ئەزموونێک کە لە ڕۆژئاڤادا بەدوای دانپێداناندا دەگەڕێت.
ئەگەر ئەم چرکەساتە ببێتە یەکڕیزی ڕوانگە و بۆچوون و گوتار، ئیدی پرسی کورد لە سووریا نابێتە پاشکۆی هیچ پڕۆژەیەکی دەرەکی، بەڵکوو دەبێتە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی ڕەسەن کە بەبێ ئەو هیچ چارەسەرێکی سووری و ناوچەیی ناتوانێت سەرکەوتوو بێت.
بێ دوودڵی دەتوانین بڵێین قسەکانی مەزڵووم عەبدی کۆتایی ڕێگایەک نییە، بەڵکو دەسپێکی سەردەمێکی نوێیە.
کاتی فێربوونی وانەیەکی تاڵە: ئەو خوێنەی کە نەبێتە دەستوور، دەبێتە یادەوەرییەکی تاڵ.
ئەو گەلانەی کە نازانن بەرەو کوێ دەڕۆن، بە هیچ کوێ ناگەن.
ئەگەر کورد بە یەک دەنگ قسە بکەن، کەس ناتوانێت بێدەنگیان بکات.