کاریگەری دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 11ی نۆڤەمبەر لەسەر عێراق و کوردستان؛ دەرفەت و مەترسیەکان

کاریگەری دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 11ی نۆڤەمبەر لەسەر عێراق و کوردستان؛ دەرفەت و مەترسیەکان

پێویستە ئەمریکا بە پشتیوانیکردن لە کورد و سوننە، ئیرادەی خۆی بۆ پێشگرتن لە هەژموونی ئێران لەناو عێراقدا پیشان بدات.

لە ڕێکەوتی 11ی نۆڤەمبەردا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لە شەوی 12ی نۆڤەمبەردا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە فەرمی یەکەم ئەنجامە بەراییەکانی ڕاگەیاند، هەرچەندە ڕەنگ بوو هەندێک کورسی لەنێوان لایەنەکاندا بگۆڕدرێن، بەڵام دۆخەکە بەگشتی گۆڕانکاری بەسەردا نەهات.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، زۆر لە بابەتی پێکهێنانی حکومەت، گەورەترە. ئەو هاوسەنگی هێزی سیاسییەی کە لەم هەڵبژاردنانەدا سەرهەڵدەدات، لە مێژووی تازەی عێراقدا زۆر گرنگ دەبێت. ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵێک مژاری زۆر گرینگ دەبێت. وەک ئەوەی کە ئایا عێراق دەتوانێ لەژێر سایەی ئێران دەرچێت و ئایا توانای ئەوە دەبێت کە باڵادەستیی مەزهەبی شیعە درزی تێبخرێت، هەر بۆیە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، لە نزیکەوە چاودێری ئەم هەڵبژاردنە و دەرئەنجامەکانی دەکەن و هەر هێز و لایەنێک ستراتژیی خۆی لەسەر بنەمای ئەو دۆخە دادەڕێژێت کە هاتۆتەئاراوە.

دەتوانین لە ژێر چەند سەردێڕێکدا بەم شێوەیە وەسفی دۆخەکە بکەین:

بارودۆخی هەنووکەیی و گۆڕانی هاوسەنگی لە بەرەی شیعەدا

هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە وەک بەرەی نەزم دەناسرێت، لە هەڵبژاردنەکانی 11ی ئەم مانگەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. بانگەوازەکەی سەدر بۆ بایکۆت کاریگەرییەکی سنوورداری هەبوو. هەرچەندە هێزە شیعەکان بەشێوەی پارچەپارچە هاتنە ناو هەڵبژاردنەوە، بەڵام هێزە لایەنگرەکانی ئێران بەباشی بۆ هەڵبژاردن ڕێکخرابوون و ژمارەی کورسییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.

واتە ئەو هێزانەی هاوپەیمانی حەشدی شەعبی بوون، هێزی خۆیان بەهێزتر کرد.

دۆخی سوننە:

لە نێوان هێزە سوننەکاندا، بزووتنەوەی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی بە 27 کورسی لە پلەی یەکەمدایە، هاوپەیمانی بڕیاری موسەننا سامەڕائی بە 17 کورسی لە پلەی دووەمدایە و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر بە 16 کورسی لە پلەی سێیەمدایە. حەلبووسی کە لە خولی پێشوودا لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دوورخرایەوە و چالاکیی سیاسیی لێ قەدەغە کرابوو، ڕێژەی دەنگەکانی زیادی کرد بەڵام نەیتوانی لە نەینەوا پلەی یەکەم لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) وەربگرێت.

دۆخی کورد و کاریگەری یاسای هەڵبژاردنەکانی سانت لیگۆ…

بەهۆی یاسای هەڵبژاردنی سانت لیگۆ کە لە ساڵی 2023دا پەسند کراوە، کورد لەم هەڵبژاردنەدا زیانێکی بەرچاوی بەرکەوت. بەپێی ئەم سیستەمە، لە هەرێمی کوردستان هەر کاندیدێک بۆ ئەوەی کە دەربچێت، پێویستی بە لانیکەم 25000 دەنگ هەیە، بەڵام لە ناوچەکانی عێراق و ناوچە عەرەبییەکان، هەر بەربژێرێک بە 5000 بۆ 6000 دەنگ کورسییەک دەباتەوە.

یاسای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 بۆ سنووردارکردنی کورد و بەتایبەتی پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە) داڕێژرابوو. ئێزدی و مەسیحییەکانی سەر بە پەدەکە لەو ناوچانەی کە پارتی دێموکراتی کوردستان تێیاندا باڵادەستە، لە پشکەکانیان بۆ کۆتا بێبەش کران. سلێمانی پشکی تورکمانی پێدرا، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ دانیشتوویەکی تورکمانی تێدا نییە. هەولێریش تەنها کۆتایەکی مەسیحییەکانی پێدرا.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش پەدەکە ئامانجی خۆی پێکا و توانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ لە باشووری کوردستان بەدەستبهێنێت. هەموو پارتەکانی کوردستان وێکڕا ژمارەی دەنگەکانیان لە پەدەکە کەمتر بوو. هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی حیزب و هاوپەیمانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراقدا، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا. گەورەترین سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا بوو، کە تیایدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. تا ئێستا ئەوەی دیارە کە 28 کورسیی بەدەستهێناوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) سەرەڕای هاوپەیمانی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا و دیالە، 17 کورسیی بەدەستهێنا. نەوەی نوێ کە سەرۆکەکەی لە سلێمانی زیندانی کراوە، نەیتوانی بەرگری لە کورسیەکانی بکات و تەنها 3 کورسیی بەدەستهێنا و شکستێکی گەورەی خوارد. لە لایەکی ترەوە حیزبی هەڵوێستی عەلی حەمەساڵح 5 کورسی بەدەست هێنا و دەنگەکانی نەوی نوێی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. یەکگرتووی ئیسلامی توانی وەکوو پێشوو 4 کورسی بەدەستبهێنێت. بە گشتی کورد کورسییەکانی خۆی پاراست. بە هەژمارکردنی کورسی کۆتاکان، دەتوانین بڵێین کورد نزیکەی 60 کورسیی بەدەستهێناوە.

بۆیە دەتوانین بڵێین بارودۆخی کورد نەگۆڕاوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کورسی و هێزەکەیان پارچە پارچە بووە، ناتوانن پێکەوە کار بکەن. (پێویستە هەڵسەنگاندنێکی جیا بۆ دۆخی هەڵبژاردنی کورد بکرێت.)

ئێستا چی ڕوودەدات؟

لە ماوەی 15 ڕۆژدا سەرۆک کۆمار، ڕێکەوتی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان ڕادەگەیەنێت. بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت زۆرینەی دەنگ لە کۆی 329 ئەندامی پەرلەمان، واتە دەنگی 165 پارلمانتار مسۆگەر بکات. دوای تەواوبوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمان دەبێت سەرۆک کۆمار بە 220 دەنگ ھەڵبژێردرێت، پاشان دەبێت بەرپرسانی پێویست بۆ پێکھێنانی حکومەت ئەرکدار بکات. بەڵام ئەم پڕۆسەیە لە ڕابردوودا لە عێراقدا هەرگیز ئاسان نەبووە و چاوەڕوان ناکرێت لە ئێستاشدا وا بە ئاسانی بچێتەپێش. تا ئێستا هیچ لایەنێک بە تاقی تەنها خۆی دەنگی پێویستی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەستنەهێناوە.

بە واتایەکی تر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران تەنها لە ڕێگەی ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان لایەنەکانەوە بەدی دێت. ئێستا لە عێراقدا تەواوی مەسەلەکە پەیوەستە بەوەی کێ لەگەڵ کێ ڕێککەوتن دەکات.

ئەنجامی هەڵبژاردن ئەمەی پیشانداین: هێزە شیعەکان بەتایبەت هاوپەیمانەکانی ئێران، لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. لەناو شیعەکاندا هیچکەسێک نییە کە دژایەتی دەستوەردانی ئێران لە پرۆسەکەدا بکات و ئەمەش بۆ ئێران پرسی مان و نەمانە، چوونکە عێراق دوا قەڵا و سەنگەری ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا شیعەکان دەتوانن لە نێوان خۆیاندا، بەبێ کورد و سوننە، بگەنە ڕێککەوتن و بە تەنها خۆیان دەست بەسەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتدا بگرن؟ ئەمە سیناریۆی یەکەمە بۆ حکومەتێکی نوێ و وەڵامەکەی ئەوەیە: بەڵێ دەتوانن. جگە لەوەش ئێران لە نێو کورددا کارتێکی وەک یەنەکەی هەیە و لەگەڵ زۆرێک لە گرووپە سوننەکانیش پەیوەندیی هەیە. دەتوانن ئەمانە وەکو کەڤەرێک بەکاربهێنن بۆ ئەوەی خۆیان وەک حکومەتێکی فرە چەشن و بنکەفراوان پیشان بدەن. بەڵام ئەمە لە درێژخایەندا لێکەوتەی مەترسیدارتری بۆ عێراق لێدەکەوێتەوە. سیناریۆیەکی لەو شێوەیە زیانی تایبەتی دەبێت و ناکۆکییەکانی نێوان کورد زیاتر دەکات.

لە سیناریۆی دووەمدا ئەگەری هەیە شیعەکان نەتوانن لە نێوان خۆیاندا ڕێکبکەون و لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران دابەش دەبن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەستی کورد و سوننە و هەروەها ڕێگا بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان هەموار دەکات. ئەمەش ئەگەرێکە. ستراتژیی ئێران لە عێراقدا دەکرێ لەسەر “کۆکردنەوەی شیعەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و دڵنیابوون لەوەی سەرۆکوەزیران لەسەر بنەمای تەوافوق هەڵدەبژێردرێت نەک بەپێی فۆرموڵەی زۆرترین ژمارەی دەنگەکان”، دیاری بکرێت. ئێران و میلیشیاکانی لایەنگری تاران، سودانیان ناوێت. هەرچەندە سودانی هێزی دژایەتیکردنی ئێرانیشی نییە، بەڵام سەرۆکایەتییە کاریزماتیک و نەرمەکەی هێشتا ئێران و شیعەکانی لایەنگری ئێران تووڕە دەکات.

بێگومان زۆرینەی شیعەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانیشدا ڕۆڵی کارایان دەبێت و هیچ کاندیدێک کە نەیاری ئێران بێت هەڵنابژێردرێت. بۆیە هەرچەندە کە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگیشی لە نێو کورددا بەدەست هێناوە، ئێران یەنەکەی پێ باشترە. واتە ئێران ڕاستەوخۆ سەرۆک وەزیران دیاری دەکات. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانیش دیاری دەکات.

لە ئێستادا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا نەهێناوە. بەڵام زلهێزە ڕۆژئاواییەکان و بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم دۆخە چۆناوچۆن هەڵدەسەنگێنن، پرسێکی زۆر گرنگە.

لەڕاستیدا ئەمریکا هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لە پاڵپشتیکردنی سودانی نیە. لەناو شیعەکاندا جگە لە سودانی کەسی دیکە نییە کە پشتیوانی ئەمریکا قبوڵ بکات. ئەمریکا دەبێ بە پشتیوانیکردن لە کورد و سوننە، ئیرادەی خۆی بۆ پێشگرتن لە هەژموونی ئێران لەناو عێراقدا پیشان بدات. لەم ڕووەوە ڕۆڵی بازنەی ئیسرائیل و ئەمریکا کە دژایەتی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن، یەکلاکەرەوە دەبێت.

هەرچەندە هەڵبژاردن لە عێراق کۆتایی پێهات، بەڵام بەداخەوە فەوزا بشێوییەکە کۆتایی نەهاتووە….

Share

پوستێن ھەمان بەش