پەکەکە و کشانەوە لە زاپ؛ کۆتایی چیرۆکێکی بێ ئاکام

پەکەکە و کشانەوە لە زاپ؛ کۆتایی چیرۆکێکی بێ ئاکام

ئەم پاشەکشەیە تەنها ئەوە دەردەخات کە سەردەم گۆڕاوە و پەکەکە خاک و ڕەوایەتی و ئایندەی سیاسی خۆی لەدەست دەدات.

✍️ مەمەد مێردینی

ڕۆژی دووشەممە، 17/11/2025، میدیای پەکەکە ئاشکرایکرد کە لە ڕێکەوتی 16ی نۆڤەمبەردا، سەرجەم گەریلاکانی لە دەڤەری زاپەوە بۆ ناوچەیەکی گونجاوی دیکە کشاندووەتەوە و ئەمەیان وەک هەنگاوێکی (مێژوویی) ناوبردووە. بەڵام لە ڕاستیدا کشانەوەی پەکەکە لە دەڤەری “زاپ”ی باشووری کوردستان نەک هەر هەنگاوێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو نیشانەیەکی ئاشکرای شکستی ستراتیژییەکی کۆن و بێ دەرەتانییە کە ماوەیەکی زۆرە پەکەکە بەسەر گەلی کورد بە گشتی و خەڵکی باشووری کوردستان بە تایبەتی دەیسەپێنێت. ئەم پێشهاتە ئەوە دەردەخات کە دوای دەیان ساڵ لە ئیستغلالکردنی خاکی باشووری کوردستان و دروستکردنی ناسەقامگیری لەسەر سنوورەکانی ناوچەکە، ئەمڕۆکە ئیدی پەکەکە ئەو هێز و رەوایەتییە کۆمەڵایەتی-سیاسییە پێویستەی بۆ درێژەدان بە حزووری سەربازیی خۆی لەم خاڵە هەستیارەدا، لەدەستداوە.

پەکەکە ساڵانێکە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە سەربازییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام لەم ماوەیەدا نەک هەر بچووکترین بەرپرسیارێتیی لەهەمبەر دانیشتوانی ناوچەکە نەگرتۆتەئەستۆ، بەڵکوو بەردەوام بووەتە هۆی دروستبوونی پێکهەڵپرژان و بەهۆیەوە گوندەکان چۆڵکراون و زیانی ئابووریی لێکەوتووەتەوە و بیانووی بۆ حزوور و ئۆپەراسیۆنی هێزە بیانییەکان لە ناو خاکی باشووری کوردستاندا خوڵقاندووە.

ئەم کشانەوەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە حزووری پەکەکە ئاسایشی بۆ خەڵکی ناوچەکە نەهێناوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ئاسایش و ئارامیی لێ وەرگرتوون. پەکەکە هەرگیز نوێنەرایەتی خەڵکی باشووری کوردستانی نەکردووە و ناشیکات، لەو دەڤەرانەشدا هیچ پشتیوانییەکی کۆمەڵایەتی واتاداری نییە، حزووری پەکەکە بە بەردەوامی، تەنیا شەڕ و فشاری ئابووری و زەربەلێدان لە سەروەری باشووری کوردستانی زیاتر کردووە.

هەرێمی زاپ هێمای ئیستغلالکردنی خاکی باشووری کوردستانە لەلایەن پەکەکەوە

هەرێمی زاپ بۆ ساڵانێک بە ڕواڵەت بارەگایەکی سەربازی پەکەکە لە دژی تورکیا بووە، بەڵام ئەم حزوورە لە راستیدا لە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی باشووری کوردستان بوو. لەبری ئەوەی زاپ ببێتە ناوچەیەک بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری یان چالاکییە ئابوورییەکان، زاپ بوو بە ناوچەی شەڕ و پێکدادانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک و بە هیچ شێوەیەک پەکەکە ڕێگەی بە هیچکام لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە نەدەدا کە بگەڕێنەوە گوندەکانیان و ئاوەدانی بکەنەوە. پەکەکە ساڵانێک بوو بە بیانووی شەڕ ئەم ناوچەیەی لە دانیشتووانی ڕەسەنی قەدەغە کردبوو، ئێستاش بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی باشوور دەستەبەر کردبێت، ئەم ناوچە ستراتژیکەی لەسەر سینییەکی زێڕین داناوە و بە دوودەستی تەسلیم بە دەوڵەتی تورکی دەکات.

کشانەوەی ئەم دواییەی گەریلاکانی پەکەکە لە زاپ، دەبێ وەک دانپێدانانێکی کردەیی سەیر بکرێت کە پەکەکە ئیدی توانای بەرەنگاربوونەوەی فشارە ناوچەییەکانی نەماوە، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ماندوو بووە و چیتر ناتوانێت پاساو بۆ حزووری خۆی لە ژێر ناوی “پاراستنی کورد”دا بهێنێتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە زاپ هەرگیز ناوچەیەکی سیاسی نەبووە؛ بەڵکوو بۆ پەکەکە شوێنێک بووە بۆ ئەوەی لە ئاستەنگە سیاسییەکانی خۆی ڕزگاری بێت.

بەڕاست کشانەوە بوو یان هەڵاتن؟

پەکەکە هەوڵدەدات ئەم هەنگاوە وەکوو چالاکییەک “بۆ یارمەتیدان بە پرۆسەی ئاشتی” نیشان بدات، بۆیە ئەم هەنگاوە وەکوو “هەنگاوێکی مێژوویی” ناودەبات. بەڵام ئەم ئیدیعایە لەگەڵ واقیعی سەر زەویدا ناگونجێت. ئەگەر پەکەکە بەڕاستی باوەڕی بە ئاشتی هەیە، بۆچی دەیان ساڵە لە باشوور نیشتەجێ بووە و ڕێگەی نەداوە خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنەوە سەر زێد و گوندەکانیان؟ پاشەکشەی پەکەکە لە پێگەیەکی بەهێزییەوە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی شکستێکی سەختی گەریلاکانی پەکەکەیە لەو ناوچانە و هەروەها ئەم پاشەکشەیە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ئەو پشتیوانییەوە هەیە کە پێشتر لەلایەن هەندێک بزووتنەوەی سیاسییەوە لێیدەکرا. بە واتایەکی دیکە ئەم پاشەکشەیە سەپێندراو بوو، نەک بە دڵخوازی پەکەکە.

کۆتایی یارییە دووبارەبووەکان؛ نە شەڕ و نە ئاشتی

پەکەکە ساڵانێکە لە نێوان “شەڕ” و “ئاشتی”دا گەمەیەکی دووبارەبووەوە ئەنجام دەدات. هەرکاتێک لەژێر فشاری سەربازیدا بێت، باسی ئاشتی دەکات و هەرکاتێکیش کە شوێنی حەسانەوەیەکی دۆزیبێتەوە، یەکسەر دەگەڕێتەوە بۆ هێرشی چەکداری. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم پاشەکشەیەش بەشێکە لەو تاکتیکە. بەڵام ئەمجارە هەلومەرجەکە جیاوازە، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی تورکیا، گوشارە ناوچەییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە حزووری گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و بەرتەسکبوونەوەی ئەو ناوچەیەی کە لە دەستی پەکەکەدایە، بۆ یەکەمجار ئەو ڕێکخراوەی خستووەتە دۆخێکەوە کە تەنانەت ئیدی کشانەوەکەشی وەکوو “هەنگاوێکی تاکتیکی” باوەڕپێکراو سەیر ناکرێت.

کشانەوەی پەکەکە لە زاپ نیشانەی داڕمانی وردە وردەی ستراتژییەکە کە دەیان ساڵە لەسەر شەڕی ناهاوسەنگ و خۆحەشاردان لە ناو خاکی خەڵکی دیکە و ئیستغلالکردنی ناسنامەی کورددا، بنیات نراوە.

پەکەکە نە پابەند بووە بە ئاشتی و نە لە بەرەکانی شەڕیشدا سەرکەوتوو بووە. ئەمڕۆکە ئەم پاشەکشەیە تەنها ئەوە دەردەخات کە سەردەم گۆڕاوە و پەکەکە خاک و ڕەوایەتی و ئایندەی سیاسی خۆی لەدەست دەدات.

Share

پوستێن ھەمان بەش