تۆمارەکانی تێلەکۆنفڕانسی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەڕیوەبەرانی پەکەکە…

ئۆجەلان: “دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد پێویست نیە، دیموکراتیزەکردنی کۆماری تورکیا بۆ من لە بنیاتنانی کوردستان بەنرختر و بەبایەخترە”.
پەیوەندیی سێ قۆڵی نێوان ئیمرالی و دەوڵەتی تورک و قەندیل لە ساڵی 1999 بەملاوە تۆڕێکی بەربڵاو و شاراوەیە. بەتایبەتی لەگەڵ ئەو پرۆسەیەی کە لەلایەن “باخچەلی”یەوە دەستیپێکردووە، پەیوەندی نێوان ئەم سێ لایەنەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەوەی بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی پێشکەش دەکرێت، لە ڕاستیدا وەک شاخی گا وایە. باس لەوە دەکرێت کە ئۆجەلان بەتایبەتی دوای سوتاندنی چەک لە مانگی تەمموزدا، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پەکەکە و ڕۆژئاڤا هەبووە.
ئەو بەڵگەنامەیەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە تۆماری تێلەکۆنفڕانسی ئۆجەلان لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی پەکەکەیە، کە پێش کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئەنجامدراوە.
لە تێلەکۆنفڕانسەکەدا چوار بەرپرسی پەکەکە و ئەفسەرێکی میت ئامادەبوون
بەرپرسێکی باڵای میت (لە بەڵگەنامەکەدا ناوی هاکانە) بۆ ڕێکخستنی تێلەکۆنفڕانسەکە و تاوتوێکردنی لەگەڵ بەرپرسانی ئامادەبووی پەکەکە، چووەتە شوێنی کۆبوونەوەکە و لە کاتی کۆبوونەوەکەدا لە ژووری کۆنفڕانسەکەدا ئامادە بووە. گرووپێکی گەورەی بەرپرسانی پەکەکەش ئامادەبوون، بەڵام تەنها چوار کەس لەبەردەم کامێراکان دانیشتبوون. ئەو کەسەی کە لە پرۆتۆکۆلەکەدا تێبینیی یادداشت کردووە بە ناوی “ت” ناسراوە، بەڵام دواتر ئیدیعای ئەوە کراوە کە ئەم کەسە “تەکۆشین ئۆزان” (ئەسمەن ئەیاز)ـە، کە یەکێک لە ئەندامانی ئەو گرووپەی پەکەکەیە کەوا لە ڕێکەوتی 11ی تەمموزدا لە مەراسیمێکدا چەکیان دانا و چەکەکانیان سووتاند. ناوی بەشداربووانی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتین لە:
1ـ سەبری ئۆک
2ـ سۆنگول چەلیک (دلار سیواس)، یەکێک لە بەرپرسانی دیپلۆماسی ئەورووپا و بزووتنەوەی ژنانی ئەورووپای پەکەکە.
3ـ ڕەمزی قارتال
4-ئیلهام ئەحمەد (ڕۆناهی عەفرین)
کۆبوونەوەکە لە 2ی ئایاردا و سێ ڕۆژ پێش دەستپێکردنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوەچووە. (هەندێک سەرچاوەی نزیک لە پەکەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆبوونەوەکە لەو هۆڵەدا بووە کە پەکەکە کۆنگرەی 12ی خۆی تێدا بەستووە. ئەمە ئەو شوێنەی کۆنگرەکە نەبووە کە موراد قەرەیلان بەشداریی تێدا کردووە، بەڵکو شوێنی سەرەکیی کۆنگرە و ئەو هۆڵەی کۆنگرە بووە کە جەمیل بایک بەشداریی تێدا کردووە. هەمان ئەو سەرچاوانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تۆماری ڤیدیۆیی باسەکانی بەشداربووانی کۆنگرەکەی پەکەکەش لەلایەن بەرپرسێکی میتەوە بە ناوی “هاکان”، دراوە بە ئیمرالی و دەوڵەتی تورکیش. دیارە ئێمە ناتوانین ئەم زانیاریانە پشتڕاست بکەینەوە.) هەروەها هەندێک زانیاریش باس لەوە دەکەن کە کۆبوونەوەکە لە شاری سلێمانی، باشووری کوردستان بووە.
ئەو ڕاستییەی کە بەرپرسێکی باڵای میت پەیوەندییەکی وەها نزیکی لەگەڵ پەکەکە دامەزراندووە، بە دڵنیاییەوە ئەوە نیشان دەدات کە پێشکەوتنی بەرچاو لە دیالۆگ و متمانە بە یەکتر لەنێوان پەکەکە و تورکیادا بەدی دەکرێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکە هەم کۆنە و هەم هێشتاش بەردەوامیی هەیە.
جگە لەوەش، بەڵگەنامەکە چەندین ئاماژەی تێدایە کە ئەمە یەکەم کۆبوونەوە نەبووە، بەڵکوو پێشتریش زۆر کۆبوونەوەی لەو جۆرە ئەنجام دراون.
هەموو ئامادەبووانی تێلەکۆنفڕانسەکە بە وردی قسەیان کردووە و هاوکات بۆ پاراستنی نهێنی کۆبوونەوەکە، زمانێکی ناڕوونیان بەکارهێناوە. بەڵام ئۆجەلان بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەو پرۆسەیە لە ژێر زەبر و زەنگدا دەستی پێنەکردووە و هەر لەو کاتەوە کە ڕۆیشتۆتە ئیمرالی، کاری بۆ دەکات. جگە لەوەش، ئۆجەلان هێندە ئازادانە قسەی کردووە کە بە ئاشکرا دەڵێ: “دروستکردنی کۆماری دیموکراتیکی تورکیا بۆ من لە بنیاتنانی کوردستان بەبایەخترە”.
ئەو بەڵگەنامەیەی کە لە خوارەوە دەیخوێنیتەوە لەلایەن ئێمەوە سانسۆر و دەستکاری نەکراوە.
سەرەتای بەڵگەنامەکە، ڕاڤەی ئەو ئامادەکاریانە لەخۆدەگرێت کە پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە ئەنجامدراون.
نزیکەی 10 خولەک لە ژووری کۆبوونەوەکە وەستاین. هاکان، ئەو بەرپرسەی کە لە ئیمرالی قسەی لەگەڵ سەرۆک [ئۆجەلان] کردبوو، ڕۆژێک پێشتر لە تورکیاوە هاتبوو و ئامادەبوو. دوای 10 خولەک تەلەفۆنەکە زەنگی لێدا و هەمووان لەسەر کورسی لە دەوری مێزی کۆنفڕانسەکە و لەبەردەم شاشەکەدا دانیشتن و بۆ دەستپێکردنی کۆنفڕانسەکە ئامادەبوون. چوار هەڤاڵ “س، ڕ، د، و ئ.ا” لەبەردەم شاشەی کامێرا دانیشتبوون، هەڤاڵ “ت”ش بۆ تۆمارکردنی کۆبوونەوەکە لە سەری مێزەکە دانیشت. کاتێک شاشەکە کرایەوە، سەرۆک و هەڤاڵەکانی “ئۆز و دکتۆر” لەملاولای دانیشتن. لە ڕیزی دواوەش هەڤالەکانی دیکەی واتە “هامل، عومەر و وەیسی” دانیشتبوون. سەرۆک کە کاغەزێکی بەدەستەوە بوو، کۆبوونەوەکەی کردەوە.
ئۆجەلان:
سڵاوی خۆم بۆ هەموو لایەک دەنێرم. من وەک سەرۆکی دامەزرێنەری پەکەکە، کۆتا وتاری خۆم پێشکەش دەکەم.
من ئەم پێکهاتە وەک کۆمیتەی ئامادەکاری یەکێتی کۆمینەرا دیموکراتیک [دەستەواژەیەکی فەرنەسییە و لە مێژووی فەرانسەدا مەبەست لێی ئەندامان و لایەنگرانی حکوومەتی کورتخایەنی “کۆمۆنی پاریس”ـە کە لە کاتی شەڕی فەرەنسادا پرووس ماوەیەک دەسەڵاتداریی تێدا دەکرد] پێناسە دەکەم و دەستنیشانی دەکەم. من بەوە دەستپێدەکەم کە ئەمە دەستپێشخەرییەکی مێژووییە، کە دڵسۆزانی ئێمە بە هەموو کەسانی دەوروبەرمانەوە و تەنانەت هێزە دژبەرەکانیشەوە، دەبێ بە سەرنجەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەوانیش بەرپرسیارێتی گرنگیان هەیە. پێویستە هەموو لایەنەکان ئەمە بە جددی و وشیاری وەربگرن.
من دوای ماوەیەک پرسیارەکانیشتان وەردەگرم. هەڤاڵان ئێوە چی دەڵێن؟ هیواکانیان چین؟ دەمهەوێت گوێم لە پرسیارەکانتان بێت. من جەختم لەسەر بانگەوازە مێژووییەکەی باخچەلی کردەوە، نابێ ئەو دەستەی کە ئەو بۆ ئێمەی درێژکردۆتەوە، لە هەوادا بهێڵێن. من گوتوومە کە ئەم کێشەیە بە دیموکراتیکبوون لەگەڵ دەوڵەت چارەسەر دەکەم. کاتێک کە بۆ یەکەمجار گەیشتمە ئیمرالی، ئەمەم وەک بەڵێن و پابەندبوونێک دەربڕی. دوایین بانگەوازیشم لەسەر دەستپێشخەری شەخسی خۆم بوو. من ئەم دەرفەتەی دواییم وەک شانسێکی باش بینی. ئەم ئامادەکاریانەم کردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوام بووم. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لێرەدا هیچ فشار و سەپاندنێک بوونی نییە.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ، نیشانەی قۆناغێکی نوێیە. تێپەڕبوون لە بڕگەیەکی گرنگ و مێژووییە. هیوادارم بەو شێوەیە هەڵسەنگێندرێت. من باوەڕم وایە کە لێدوانە چوار خاڵییەکە یانیش چوار سەردێڕەکەی من، بە دەستتان گەیشتووە. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە ڕاگەیاندنێکی تاکلایەنەیە بۆ نیازپاکی. ئێستا ئەمە دەڵێم، ئەگەر ئێوە بتانهەوێ، گوێم لە پرسیارەکانتان دەبێت. دەتوانن پرسیارەکانتان بکەن. بەڵێ، سەبری…
سەبری ئۆک:
سەرەتا بەناوی بەڕیوەبەرییەوە ڕێز و سۆز و خۆشەویستی خۆمان پێشکەش دەکەین. ئێمە دەزانین کە سەرۆکەکەمان بە وردبینییەکی بێهاوتاوە بەرپرسیارەتییەکی گەورەی لە ئەستۆ گرتووە. سڵاو بۆ هەوڵە گەورەکانتان لە پێناو گەلاندا دەنێرین. ئێمە هەوڵدەدەین کە فکری ئێوە جێبەجێ بکەین و لێی تێبگەین. حەز دەکەم چەند زانیارییەک بخەمەڕوو.
ئۆجەلان:
بەڵێ، هیچ پرسیارێکتان هەیە؟ پرسیارەکانتان چین؟
سەبری ئۆک:
لەسەر ئیزنی ئێوە، دەمهەوێ چەند زانیارییەکتان پێ بدەم. ئێمە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا شەڕێکی سەختمان بەڕێوەبردووە. شەڕێکی زۆر بێبەزەیی بوو. ئێمە لە هەندێ دەڤەردا بە ئەندازەی 50 یان 10 مەتردا لە تێکهەڵچووندا بووین. ئێمە هێشتاش هەر لە هەمان دۆخداین و لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لە پێکدادانین. ئێمە بە ئاگربەست وەڵامی بانگەوازەکەی سەرۆکی خۆمانمان دایەوە. بەڵام ئوسلووبەکە نەگۆڕاوە و هێرشەکان هەر بەردەوامن.
ئۆجەلان:
[هاتە ناو قسەکانیەوە] بەڵێ، من لەم شتە تێدەگەم. بێگومان درکپێکراوە. وەڵامیان دەدەمەوە. پرسیاری دیکەتان هەیە؟ ڕەمزی هیچ پرسیارێکتان هەیە؟
ڕەمزی قارتال:
بەناوی گەل و ڕێکخستنەکانی ئەوروپاوە ڕێز و حورمەتی خۆمان پێشکەش دەکەین. لە ئەوروپا پشتگیری بۆ بانگەوازەکەت لە نەورۆزدا گەیشتە ئاستێکی زۆر بەرز. متمانە و پاڵپشتیکردن بۆ بانگەوازەکەی ئێوە هەیە. بەڵام هێشتا کەموکوڕیمان لە دروستکردنی کۆمەڵگەدا هەیە. خەڵک بە توندی پشتگیری هەنگاوەکانتان دەکەن. نیگەرانی لە سیاسەتەکانی دەوڵەت هەیە.
ئۆجەلان:
باشە، تێدەگەم. ئیلهام هیچت هەیە کە بیڵێیت؟
ئیلهام ئەحمەد:
سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشکەش دەکەین. من دەمهەوێت باسی پابەندبوونی ڕۆژئاڤاتان بۆ بکەم. بۆچوونی ئێوەمان لە بارەی باکوری سووریاوە وەرگرتووە. لێرەشدا پێمان خۆشە لە ئێوەی ببیستین.
ئۆجەلان:
نامەکەی منتان پێگەیشت؟ ئایا کەسێک هەیە دژایەتی بکات؟ ئایا کەسێک هەیە دژبەری بێت؟
ئیلهام ئەحمەد:
نەخێر سەرۆکی من، کەس نییە دژایەتی بکات. هەمووان لەگەڵ بانگەوازەکەتدان. بەڵام گومان لە سەر حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع هەیە. گومان لە نزیکایەتییەکانی تورکیا هەیە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای کرد کە ئیدارەی ڕۆژئاڤا، سەرجەم سنوور و گومرگەکان ڕادەستی دیمەشق بکات
ئۆجەلان:
ئەم بانگەوازەی من گرنگە. من بە ڕوونی دەیڵێم. ئێمە هەموو شتێکمان وتووە و هەموو شتێکمان دەربڕیوە، سەردەمی نوێ سەردەمی دیموکراسییە. لە سەردەمی نوێدا دەوڵەت بوونی نییە. ئێمە دەبێ یەکپارچەیی سووریای دیموکراتیک بپارێزین. پەیەدە پارتی یەکێتیی دیموکراتەکانە. ئێوە لەژێر ئەم ناوەدا، بزوتنەوەیەکی گەورەتان دروست کردووە. من چاودێریتان دەکەم. دیموکراسی هەرێمی گرنگە. نە دەوڵەتی سووریا و نە حکومەتی شەرع ناتوانن ئەمە بەدەست بهێنن. لە ئێستادا ئەحمەد شەرع تەمسیلی سووریا دەکات. باوەڕم وایە کە ئەویش لە بەرنامە نوێیەکەمان تێدەگات. ئێمە دەستوورێکی دیموکراتیکیمان دەوێت. ئەگەر وڵات دیموکراتیک بێت، پێویست بە چەک ناکات. ئەگەر دیموکراسی هەبێت چیتر چەک نابێتە هۆکاری دوژمنایەتی. دەبێ ئێوە سنوورەکانی دەرەوە و گومرگەکان ڕادەستی دەوڵەتی سووریا بکەنەوە. ئێوە کاروباری ناوخۆی خۆتان بەڕێوە ببەن. دواتر باسی ئەم بابەتە دەکەم. بۆ ئێستا ئەوە بەسە.
ئایا هەڤاڵانی دیکە پرسیاریان هەیە؟ هەڤاڵێکی ژن هەیە. ئایا ئەو هی PAJK ـە؟ هیچ پرسیارێکت هەیە؟
دلار سیڤاس: (سۆنگوول چەلیک):
من لە بزووتنەوەی ژنانی ئەوروپاوە پەیوەندی دەکەم، سەرۆکی من. هەڤاڵانی ژن، سڵاویان بۆ ئێوە هەیە. منیش پرسیاری هاوکارانی خۆم دەپەرژینم، هەروەها هەروەها بەرپرسیارەتیەکانی ئێمە لەم پرۆسەیەدا چین؟
ئۆجەلان:
[سەرۆک هەوڵیدا بیری بێتەوە ئەو هەڤالە کێ بوو. هەڤاڵ سەبری قسەکانی پچڕاند، بە سەرۆکی گوت: “دیلار خەڵکی سیواسە، ئەویش لەگەڵ تۆ لە ‘دیمەشق’ دەمایەوە”. سەرۆک وتی: “باشە” و دەستی بە قسە کرد].
لەبەر ئەوەی کە هیچ شتێکی سەیر و نائاسایی نییە. هیچ ناڕازیبوونێک نییە. لەکاتێکدا کە هەموو شتێک ڕوونە، خاڵی سەرەکی من ئەمەیە: دەمەوێت هەر پرسیارێک یان نیگەرانییەک ببیستم.
لەگەڵ داڕمانی دەوڵەتی سووریا، دۆخێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە. بارودۆخی ئێران و هەروەها عێراقیش لە ڕێکەوتنی قەسری شیرینی تێپەڕیوە. سووریا و عێراق نزیکن لە داڕمان. پەیمانی مووسڵ هەیە کە 100 ساڵ لەمەوبەر واژۆ کراوە. دەوترێت کە بڕگەی شاراوەی هەیە، بەڵام ئێمە نازانین. هەروەها دەوترێت کە ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ بە مەرجی مانەوەی ئەو ڕژێمانەوە گرێدراوە کە باسم کرد. دەبینین ئەو دەوڵەتانە ئێستا لە چ دۆخێکدان. ئەوان لە مەیداندا نەماون. هەروەها پەیمانی 100 ساڵ لەوەپێشی لۆزان هەیە. ئێمە لەم دواییانەدا ئەوەمان پیرۆز کرد لەبەر ئەوەی کە دۆخێکی نوێ لە ئارادایە. دۆخی ئێران، سوریا و عێراق، لەگەڵ… دۆخی ئێستای سایکس پیکۆ، گۆڕاوە. دۆخێکی نوێ هەیە. هەروەها تورکیا کێشەیەکی جیدیی دەستووری بنەرەتیی هەیە.
ئۆجەلان: من لەبەر دوو هۆکار پەکەکە هەڵدەوەشێنمەوە.
من ویستم لەگەڵ پەکەکە بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ هەنگاو بنێم. بڕبڕەی پشتی بەرنامەی حیزبەکەی ئێمە، کوردستانێکی سەربەخۆ بوو. من سەرکردایەتی ئەم کارەم کرد. ئێستا ئێمە دەیگۆڕین و دەستبەرداری ئەم ئامانجە دەبین. ئەوە لەو بەڵگەنامەیەشدا هەیە کە لە دەستی ئێوەدایە. من لەبەر دوو هۆکار ئەم بڕیارە دەدەم. یەکەم؛ سۆسیالیزمی مەوجوود کاریگەری لەسەر ئێمە هەبووە. ئێستا لە شوێنێکدا کە سۆسیالیزمی مەوجوود هەڵوەشاوەتەوە، لێکۆڵینەوەم لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و ڕێبازە ستاتیستیەکان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی کردووە. من تێگەیشتم کە ئەمە ناتوانێ ببێتە پرەنسیپ. پەکەکە لە ساڵانی 1990 بەملاوە، زۆرجار خۆی دووبارە کردووەتەوە. لە ڕاستیدا وەک ئۆزال وتی “ئەم بزووتنەوەیە تەمەنی بەسەرچووە”. دەستپێشخەرییەکەی ئۆزال بەڕاستی چارەسەرێکی بۆ ئەم کێشەیە پەیدا کرد. بەڵام هێزەکانی دەرەوەی سیستەم، لەنێوان دەوڵەت و پەکەکەدا چالاکییان کرد و ئەو دەستپێشخەرییە تێکدرا. تێکیان دا و پرۆسەکەش بێ ئەنجام بوو.
هۆکاری دووەم ئەوەیە کە لە ساڵانی 1990 بەملاوە و زیاتر لە 30 ساڵە، ئەم چەرخە بە شێوەیەکی زیانبەخش دەسووڕێت. ئۆزال سەرکەوتوو نەبوو. ئێمەش نەمانتوانی ئەم دۆخە بوەستێنین. هەرکەس چی ەڵێت با بیڵێت، من ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ دەگرم و دەستبەرداری ئامانجی دەوڵەتی نەتەوەیی دەبم. لەبری دەوڵەتی نەتەوە، دەکرێ نەتەوەیەکی دیموکراتیک، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای سۆسیالیزم دابمەرزێت. من نەک هەر بۆ تورکیا، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان بەرگری لەو روانگەیە دەکەم. کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە من داوای دەکەم ڕێبازێکی گەردوونییە و من زۆرم بیر لێکردۆتەوە. لە گفتوگۆکانی داهاتوودا نیقاشی قووڵتری لەسەر دەکەین. ئێوەش دەتوانن دیدگاکان بخوێننەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەن. لە داهاتوودا بەردەوامییەکەی دەخوێننەوە.
من بۆخۆم ئەوەی کە لە پراکتیکدا کراوە وەک جەوهەر تەواو دەکەم. ئێمە ئێستا بە فەرمی پەکەکە هەڵدەوەشێنینەوە. من ماوەیەک پێشتر گوتبووم کە واز لەم پەکەکەیە دەهێنم، لەوانەیە ئێوە لەبیرتان بێت.
سەبری ئۆک:
بەڵێ سەرۆکی من. ئێوە لە کۆنگرەی شەشەمدا ئەمەتان وت.
ئۆجەلان: وەک سۆسیالیستێک دەڵێم: من سۆسیالیزم لەسەر بنەمای توندوتیژی و شەڕ ڕەتدەکەمەوە.
ئۆجەلان:
بەڵێ، من لەو کۆنگرەیەدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆمم پێشکەش کرد. یەکێک لە هۆکارەکانی بەسەرچوونی تەمەنی پەکەکە ئەوەیە کە لەژێر هەلومەرجی ئینکاری توندی کورددا دروست بووە. بەڵام هەلومەرجی ئینکارکردنی کورد لە تورکیا کۆتایی پێهاتووە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پەکەکە ئینکارکردنی کوردی ڕاگرت و ڕۆڵی خۆی بینی. لەسەر ئەم بنەمایە کۆتایی بە تەمەنی خۆی هێناوە. تەنانەت دەمیرێلیش دەیگوت “من هەقێقەتی کورد دەناسم”. پەکەکە ناتوانێت پەرە بە سۆسیالیزم بدات، لەبەر ئەوەی کە پەکەکە لەناو خۆیدا پەرەی بە دیموکراسی نەداوە، لە هەمان کاتدا لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆشیدا نەگەیشتووەتە ئاستێکی دڵخۆشکەر.
ئامانجی پەکەکە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بوو. ئامانجی ئەوە بوو کە لە ڕێگەی ستراتژی چەکدارییەوە، ئەو ئامانجە دەستەبەر بکات. ئامانجی دەوڵەتی نەتەوەیی پێویستی بە خەباتی چەکدارانە هەیە. بەڵام ئەو گۆڕانکارییەی کە ئێمە لە ڕێبازی دەوڵەتی نەتەوەیی و ڕزگارییی نەتەوەییدا کردمان، بە واتای ئەوە دێت کە ئیدی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد پێویست نیە. من وەک سۆسیالیستێک دەڵێم، سۆسیالیزم لەسەر بنەمای توندوتیژی و شەڕ ڕەتدەکەمەوە. من لەگەڵ قسەکەی مائۆدا نیم کە دەڵێت: “رێگای شۆڕش بە لوولەی چەکدا دەرباز دەبێت” و بە هەڵەی دەزانم. من دەڵێم سۆسیالیزم تەنیا دەکرێ لەسەر بنەمایەکی ئاشتیانە و دیموکراتیک بنیات بنرێت. هیچ ڕێگایەکی تر جگە لەوە مومکین نییە. لە پرەنسیپدا سۆسیالیزم لە ڕێگەی توندوتیژیەوە بنیات نانرێت. ئەمە پرنسیپێکە.
دەتوانم خاڵێکی دیکەی پەیوەندیدار بەم شێوەیە باس بکەم: “باشە، ئێوە ئەم چەکەتان وەک ئامرازێک لە دەستی ئێمە وەرگرت، هێرشەکان زۆرن، ئێمە دەکەنە ئامانج، هێرشەکان بۆ سەر ئێمە بەردەوامن، دەبێ کە بپرسین…؟” ئێمە چۆن بتوانین بڕیارێکی وەها بدەین؟ چی ڕوودەدات؟’ ئێوە لەم بابەتەدا ڕاست دەکەن. لەوانەیە ئێوە بپرسن، ‘بەچی جێگای پڕ دەکەنەوە؟’ ئێستا، ئەوەی من لە وەڵامدا دەیڵێم ئەمەیە: سیاسەتی دیموکراتیک و لایەنی یاسایی زۆر گرنگن و ئێمە ئەو ئامانجە بەرەوپێش دەبەین.
زۆرێک لە هەڤالەکان دێنە تورکیا. ئەمەش دەبێت بە یاسا چارەسەر بکرێت. ئێمە باسی لایەنی یاسایی دەکەین. لەوانەیە ئەمە لە هەمان کاتدا ڕوونەدات، بەڵام بە ڕاستکردنەوەی هەندێک خاڵی یاسایی، ئەمە ڕوودەدات.
من ئەم دەقەتان بۆ دەخوێنمەوە: [سەرۆک پاراگرافێک لە بەشی پەیوەندیدار بەو پرسپەکتیڤەی خوێندەوە کە بۆ پەکەکەی ناردبوو.]
خاڵی سێیەمی ئێمە: دەوڵەت بەڕووی دیالۆگ و دیدار لەگەڵ پەکەکە داخراوە. ئەمە خاڵێک نییە کە چاوپۆشی لێ بکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی ڕێگایەک بۆ دیالۆگ و دانوستانی تەندروست مومکین بێت، پێویستە پەکەکە لەو نیوانەدا نەمێنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئەم بەربەستە لادەبات و زەمینە بۆ گفتوگۆ خۆش دەکات. جگە لەوەش ڕای گشتی هەمان هەستیاریی هەیە. هیچکەسێک ناتوانێ بە ئاسانی دانوستان لەگەڵ پەکەکەدا بکات”.
من ئەو پێرسپەکتیڤەی کە لە خاڵی چوارەمدا بە بەرفراوانی ڕاڤەم کردووە، لێرەدا دەخوێنمەوە. [سەرۆک بابەتی پەیوەندیداری دەقەکەی خوێندەوە].
ئۆجەلان: لەناو پەکەکە و لەناو دەوڵەتدا کەسانێک هەن کە دەیانهەوێت پرۆسەکە پەکبخەن.
پێویستە مافی سیاسەتی دیموکراتیک بە یاسا بناسرێت. ڕێگایان ڕوون دەبێتەوە. سەرنج بدەن دروستبوونی ئەو هەلومەرجە نوێیانە پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەوە. باوەڕم وایە کە ئێوە سەرکەوتوو دەبن. گومانم لێ نییە. دەوترێت دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرە هەنگاوەکان دەگیرێتەبەر. بە ناوی دەوڵەتەوە هێزە فەرمییەکان دەڵێن بەڵێ، بەڵام هێزەکانی دەرەوەی سیستەم دەتوانن تێکیبدەن. بۆیە دەبێت ئێوە تەدبیران بگرن.
باوەڕم وایە دوای ئەم کۆنفرانسە ئانلاینە، پرۆسەیەکی نوێ دەست پێدەکات. ئێمە نازانین دەوڵەت چەندە پاڵپشتیی لێدەکات. سەبارەت بە دیدارەکانم لەگەڵ جەنابی سەرۆک [ئەردۆغان] و بەرپرسانی دیکە، ئەمە دەڵێم: من لەگەڵ دەوڵەتی یاسایی کۆدەبمەوە. بەڵام لە پشت پەردەوە، هێزەکانی دەرەوەی یاساش بوونیان هەیە. لەناو پەکەکە و دەوڵەتیشدا هێزانی دیکە هەن. پێویستە بە وریاییەوە لەم بابەتە نزیک ببینەوە و دەبێت بە تەواوی ڕێگری لە بەربەستکاران بگرین.
لێرەدا کۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەکەین. لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت کۆدەبینەوە. دەبێت ڕوون بکرێتەوە کە چەندە کات دەخایەنێت تا ئەم ئامادەکاریانە تەواو ببن. بەوانیشم گوت، نابێت ئەمە دوابخەین. بە دەوڵەتیش دەڵێم. داواتان لێدەکەم بەبێ دواکەوتن، بەبێ ئەوەی خۆتان تێکەڵ بەو شتانە بکەن کە پرۆسەکە ئاڵۆزتر دەکات یان تێکیدەدات و بەبێ درێژکردنەوەی کات، ئەوەی پێویستە بیکەن. ئێمە ئێستا پارادایمەکان دەگۆڕین. ئێمە لێرە لەگەڵ هەڤاڵانی خۆمان، باسی ئەم بابەتە دەکەین. من پێشەکی بابەتەکەم بۆ ئێوە ناردووە، ڕەنگە ئێوەش وەرتان گرتبێت.
سەبری ئۆک:
بەڵێ، گەیشتۆتە دەستمان سەرۆکەکەم.
ئۆجەلان:
لە حەوت خاڵ پێکدێت. هەوڵ دەدەم تەواوی بکەم. کە تەواو بوو دەینێرم. ئەویش بەدەستی ئێوە دەگات. ئەوە یەکێتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبێت. بە هیچ شتێکی تر پێناسەم مەکەن، ئەمە بەرنامەی منە. با هەرکەسێک هەر چۆنی دەوێ بیری لێبکاتەوە و بیڵێت، ئەوان دەتوانن هەڵبژاردنی خۆیان بکەن. بەرنامەکەی من بەشەکانی دیکەش دەگرێتەوە. بەڵام من بەبڕیارم، با وەک بارزانیەکان نەبین. ئێمە دەوڵەتێکی فیدراڵی یان شتێکی لەو جۆرەمان ناوێت. ئێمە لەسەر بنەمای یەکیەتیی دیموکراتیک پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەوان و تاڵەبانی پەرە پێدەدەین. وەرن با لەگەڵ عێراق و ئێرانیشدا دانوستاندنەکانی چارەسەری دیموکراتیک پەرە پێبدەین. بە تایبەت بۆ ئێران، سڵاوی من بە پژاک بگەیەنن و دەبێ دانوستانی دیموکراتیک (لەگەڵ ئێران)دا دەست پێبکات. ڕۆژئاڤاش دەبێت لە چوارچێوەی دیموکراسی خۆجێیی خۆیدا، ڕێبەرانی خۆی هەڵبژێرێت. ئەوروپا کاری خۆی دەکات. تۆ گوێ دەگریت ڕەمزی، وانیە؟ سۆسیالیزمی دیموکراتیک لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا دەتوانێ بە ئاسانی و بە گونجاوترین شێوە لە ئەوروپادا جێبەجێ بکرێت. هەروەها بۆ ئیلهامیش باسم لە سیستەمی دیموکراتیکی خۆجێی کردووە.
هەڤاڵانی هێژا! هەندێک کەس شتگەلێکی وەک “ئەم کۆنگرەیە دڵتەنگی کردم؛ ئێش و ئازاری گەورە هەیە و هتد…”، لە ڕاستیدا من هەرگیز بەو شێوەیە نەبووم. مەبەستم ئەوەیە دڵتەنگ نەبووم. من ئیحساسی نەبووم و خەمگینیش نابم. من بۆخۆم پەکەکەم دامەزراندووە و بۆخۆشم کۆتایی پێدەهێنم. من 52 ساڵ و 1 مانگ و 10 ڕۆژ پێش ئێستا پەکەکەم دامەزراند. ئێستا خەریکم یەکێتییەکی نوێ، سیستەمی یەکێتی دیموکراتیک پێشدەخەم. بەرنامەکەی لە بەرگی پێنجەمی کتێبەکەمدا هەبوو. لەو دەقەی کە بۆتانم ناردووە و ڕاپۆرتە سیاسییە نوێیەکەدا شتی زیاتریش دەبێت. بەدەستتان دەگات. ئێوە دەتوانن ناڕەزایەتی و زیادکردنەکانتان باس بکەن.
من ئێستا تەنها ئەمە دەڵێم.
دەمهەوێت بە دروشمێک کۆتایی پێ بهێنم: “پێداگری لەسەر مرۆڤایەتی، پێداگرییە لەسەر سۆسیالیزم”. من پێشتریش گوتبووم کاتێک سۆسیالیزمی مەوجوود ڕووخا، من لەوکاتەی کە هەمووان لە ترس و دڵەڕاوکێدا بوون و بڕوا بە سۆسیالیزم لاوازتر دەبوو، ئەمەم گوت. سۆسیالیزمی مەوجوود بەرەو شکست دەڕوات، بەڵام سۆسیالیزمی دیموکراتیک بەرەو سەرکەوتن دەڕوات.
ئۆجالان: من بۆ دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستم بە پشتیوانیی تورکیا هەیە.
سەبری ئۆک:
ئێمە لێی ورد دەبینەوە. ئێمە هەوڵ دەدەین کە لێی تێبگەین. ئایا پرۆسەیەکی دانوستاندن پێکدێت؟ چۆناوچۆن دەبێت؟ پرۆسەی دانوستانی دیموکراتیک چۆن پێشدەکەوێت؟
ئۆجەلان:
تێگەیشتم، با وردەکارییەکان باس بکەم. ئەو دەستپێشخەرییە تاکلایەنانەی کە لە ڕابردوودا هەبوون، کۆتاییان پێهات. لەگەڵ عێراق و ئێران و سووریادا، پەرە بە دیالۆگ بدەن. لەسەر بنەمای یەکێتی دیموکراتیک پەرە بە دانوستان بدەن لەگەڵیاندا. منیش لەگەڵ تورکیادا پەرە بەم بابەتە دەدەم. بەڵام ئەمە بە ڕادەی پێویست درکی پێناکرێت. ئێوە بە قاڵبی دەولەتپارێزی و ستاتیستی لێی نزیک دەبنەوە. من ئەمڕۆ لە وۆرک شۆپەکەدا ئەو پرسەم وروژاند و قیامەتم بەرپا کرد. حوکمڕانی سێ جۆری هەیە: حوکمڕانی دەوڵەت، حوکمڕانی دەسەڵات و شێوازی حوکمڕانی دیموکراتیک. ئێمە تەنها بەڕیوەبەر دەبین. چونکە حوکمڕانی دیموکراتیکە. تێگەیشتنی ئێمە تێگەیشتنی بەڕیوەبەرییە، واتە حوکمڕانی دیموکراتیک. ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە دەبین. لە ڕاستیدا ئێمە تەنیا دیموکراتیک دەبین نەک پاوانخواز. دەمەوێت ئەمە دووبارە بکەمەوە: سەپاندنی ئەمە بەسەر ئێران و عێراق و سووریادا بەقەد زێڕ بەنرخە. ئێمە ئەمە بۆ تورکیاش پێشنیار دەکەین. ئێمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕووی دیموکراسیدا دەکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش داوای پشتیوانی لە تورکیا دەکەم. تورکیایەکی دیموکراتیک، دەتوانێت پێشەنگایەتی ئەم بەرنامەیە بکات. ئێمە یەکینە دیموکراتیکەکانی خۆمان بەسەر دەوڵەتدا دەسەپێنین.
سەبری ئۆک:
سەرۆک ئایا خۆی دەتوانێت ئەم کۆبوونەوانە ئەنجام بدەیت؟ لە سووریا، ئێران و عێراق کێشە هەیە. ئایا سەرۆکایەتی دەتوانێت هەنگاو بنێت؟
ئۆجەلان: ئێمە نامانهەوێت پێکەوە دەوڵەت بەڕێوەببەین؛ ئێمە دیموکراسیمان دەوێت.
ئۆجەلان:
ئێوە یەکیەتیی دیموکراتیکی خۆتان بۆ دەوڵەتەکان ڕوون بکەنەوە. ئێوە دەبێ هەوڵی بۆ بدەن. شێوازی تێکۆشانی یەکیەتیی دێموکراتیک جیاوازە. نابێ ئێوە ببنە بەشێک لە دەوڵەت. سووریا دەوڵەتێکە. تورکیاش دەوڵەتێکە. ئێمە دژی ئەوان نین. داوا لە دەوڵەت دەکەین دەست لە یەکینە دیموکراتیکەکان نەدات. ئێمە لەدژی دەوڵەت مامەڵەی دەوڵەتپارێزی (ستاتیستی) ناکەین. ئێوە لەم شتە تێناگەن. ڕێککەوتن لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ڕێککەوتنێکە بۆ ئەوەی کە پێکەوە دەوڵەت بەڕێوە ببەن، ئەوەی کە من دەیڵم، جیاوازە. ئیلهام ئەحمەد دەبێ لەم بابەتە تێبگات و بە دروستی ڕوونی بکاتەوە.
هەروەها چەمکی ئێمە بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک کاریگەرترین بەرگرییە لە دژی فاشیزم.
ئیلهام ئەحمەد:
ئێمە دەمانهەوێت کێشەکانمان لەگەڵ شەرع چارەسەر بکەین. (ئێمە دەمانهەوێت کێشەکە لەگەڵ شەرع چارەسەر بکەین. بەڵام ئەو دەڵێت تورکیا دەستوەردان دەکات و ڕێگەمان پێنادات کێشەکە چارەسەر بکەین).
ئۆجەلان:
من باش تێنەگەیشتم. من تێناگەم. با بە کورتی وەریبگێڕن بۆ زمانی تورکی.
سەبری ئۆک:
با من ڕوونی بکەمەوە. ئەو (ئیلهام ئەحمەد) دەڵێت: “ئێمە قسە لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەکەین و کاتێک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین، بەربەست دروست دەکات. ئەو (ئیلهام) باسی فشارەکانی تورکیا دەکات”.
ئۆجەلان:
من لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا قسە دەکەم. من ئەمەم ڕاڤە کردووە و بەردەوامیش دەبم لە ڕوونکردنەوەی. پەلە مەکەن، ئێمە پێکەوە ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەین.
من بە ئاشکرا قسە دەکەم، بە ئاشکرا پێتان دەڵێم: بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک بۆ من لە بنیاتنانی کوردستانێک بەنرختر و هێژاترە.
سەبری ئۆک:
لە ڕوانگەی ئێمەوە بەستێنی پەیوەندی بە بژاردەی جۆراوجۆر بوونی هەیە، دەوڵەت هەیە، ڕێکخراوەکان و هێزەکان هەن. ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییەکان پەرەپێبدەن.
ئۆجەلان:
[سەرۆک قسەکانی بڕی] تێگەیشتم. ئێوە باسی زۆر بژاردە و پەیوەندی دەکەن. تۆ باسی بژاردەی زۆر دەکەن. بەڵام ئێوە غەززە وەبیر خۆتان بهێننەوە. ئێوە ئۆکراینتان لەبیر چووە؟ دەزانن چییان بەسەر هاتووە؟ ئایا دەزانن چۆن لەلایەن چەندین هێزەوە پشتیوانیان لێکرا و دواتر چۆن بێدەسەڵاتیان هێشتەوە؟ ئیلهام بە شێوەیەکی وەستایانە پەرە بە پەیوەندییەکان دەدات. ئەمە گرنگە. من ناتوانم دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان هیچ بڵێم. ئێوە دەبێ بۆخۆتان بەرپرسیارەتییەکەی بگرنەئەستۆ. من ناڵێم پەرە بە پەیوەندییەکان مەدەن. بەڵام بۆخۆتان هەڵسەنگاندن بۆ دەرئەنجامەکانی بکەن.ئێوە تێدەگەن سەبری و ڕەمزی؟
ئەمڕۆ من دڵخۆشم. من لەو بارەی سەرشانم ڕزگارم بوو، من ئەو بارگرانییەبە ئێوە دەدەم. من بەڵێنی نوێم هەیە و ئامانجی نوێشم هەیە.
ڕەمزی قارتال:
بە بانگەوازی سەدە، ئێمە وەک حیزب و وەک گەل، زۆر ڕوونین. کێشەکە لە دەوڵەتدایە. ئێوە داوا لە پەکەکە بکەن، پاشان هەنگاوەکان دەگیرێنەبەر و کۆنگرە دەبەسترێت و دواتر هەنگاوەکانی دیکەش هەڵدەگیرێنەوە. ڕەفتاری دەوڵەت بەبێ هەڵگرتنەوەی هیچ هەنگاوێک، گومانمان لا دروست دەکات…
ئۆجەلان:
من تێدەگەم، ڕەمزی ئازیز. من هەم تۆ دەناسم و هەم دەوڵەتیش دەناسم. ئەم ئاپۆیەی لەبەردەم ئێوەدایە، هیچ کارێکی خراپ ناکات. من بە جەوهەری خۆم 27 ساڵە لێرە دەژیم. من هەموو ڕۆژێک بیری لێدەکەمەوە. خەڵک متمانەیان پێم هەیە. هیچ شتێکی خراپ لە من ڕوونادات.
هیوادارم کە دەوڵەتیش بەم شێوەیە من بناسێت. من لەگەڵ دەوڵەت کۆدەبمەوە. باوەڕم وایە ئەوان لێم تێدەگەن. باوەڕم وایە کە دەوڵەتیش هەنگاوی پێویست دەنێت.
سەبری ئۆک:
بەڵام حکومەت بەو شێوەیە دیار نیە، وێنایەکی وەها پیشان نادات…
ئۆجەلان:
من لەگەڵ دەوڵەت کۆدەبمەوە. من هیچ پەیوەندییەکم بە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکانەوە نییە. من لەگەڵ دەوڵەت کۆدەبمەوە. بەڕێز هاکان لەگەڵ ئێوەیە. ئەو کەسێکی وەها شایستەیە. هیوادارم ئێوە دواتر ئێوارەخوانێکی ئاشتیتان هەبێت.
سەبری ئۆک:
دەمهەوێ زانیارییەکتان پێبدەم. داخوازییەک هەبوو کە لەگەڵ بارزانی کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام ئەو کۆبونەوەیە هێشتا نەکراوە. ئێمە تا ئێستا وەڵاممان لەسەر ئەم بابەتە وەرنەگرتووە.
ئۆجەلان:
بەرپرسەکان لەوێن. بەڕێز هاکان لەوێیە، با ئەویش بزانێت، من پێشنیارێک دەکەم. پێویستە من لەگەڵ یەکێک لە بارزانییەکان کۆببمەوە. ئەمە دەستپێشخەریی منە. دەبێ ئەم کۆبوونەوەیە ڕێکبخرێت.
سەبری ئۆک:
ئەگەر سەرۆک کۆببێتەوە کاریگەر دەبێت. ئەوان گوێ لە ئێمە ناگرن، بەڵام گوێ لەو دەگرن. دەبی بە جددی وەریبگرن. باش دەبێت ئێوە لەگەڵیان کۆ ببنەوە.
ئۆجەلان:
من تێدەگەم ئێوە چی دەڵێن. سوپاس، پەیوەندیەکەتان بە نرخ دەزانم. پێویستم بە پشتیوانی نییە؛ من بەشە پشتگیرییەکە بە شاراوەیی دەهێڵمەوە. من تاریفی خۆم نادەمەوە، بەڵام ئێوە بە سڵامەتی دەهێڵمەوە. من ئەوانەی سووریا بە سەلامەتی و لەسەر پێیان دەهێڵمەوە. ئێوە لەمە تێناگەن. پێویستە ئێوە بزانن کێ 50 ساڵە قەندیلی بە زیندووی ڕاگرتووە. ئێوە دەزانن ئێمە چۆن دەژین. ئێوە بە تەواوی تێناگەن.
سەبری ئۆک:
ئێمە هەمیشە درەنگ لە سەرۆک تێگەیشتوین. ئێمە بە ڕادەی پێویست لێی تێنەگەیشتوین. ئێمە هێشتا بەم ئازارەوە دەناڵێنین.
ئۆجەلان:
بۆچی بەدەستیەوە دەناڵێنن؟ تۆ تەمەنت 60 ساڵە. حافز ئەسەد تێنەگەیشت، من پێم وت “تۆ تەواو دەبیت”. من سوریام بەجێهێشت و ئەو ڕووخا. من ئەمە بە تورکیاش دەڵێم. ئەمساڵ بۆ تورکیا ساڵی دابەشبوونە. ئەگەر ئێوە چارەسەریەک پێشنەخەن، ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە. من دەزانم کە چی لەسەر پێ ڕادەگرم. وەفاداریی ئێوە هەیە. من ڕێزتان لێدەگرم. بەڵام دەزانم کە چی لەسەر پێ ڕادەگرم. ئێوە جیاوازن. پێویستە تۆ بە دروستی لێی تێبگەیت، بە دروستی جێبەجێی بکەیت و بە دروستی لەسەری پێ ڕابوەستیت. حاملی (حامیلی یڵدرم) لێرەیە. پێم وایە دەتهەوێت سڵاوێک بکەیت. (سڵاویان لەیەکتر کرد.)
ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە. بەڵێ با بەردەوام بین. من پێی دەڵێم دیماگۆژی قەندیل. ئاپۆی ڕاستەقینە لەبەردەم چاوانی ئێوەدایە. کەس ناتوانێت هیچ شتێک بەسەر مندا بسەپێنێت. نە ئێوە، نە دەوڵەت. بەڵێ، شتێکی تر هەیە…؟
سەبری ئۆک:
وەک وتم هەوڵ دەدەین لە ئێوە تێبگەین و جێبەجێی بکەین. ئێمە هەوڵ دەدەین تێبگەین. بەڵام ئێمە چاوەڕێی هەنگاوێکیش لە دەوڵەت دەکەین.
ئۆجەلان:
من جارێکی تر ڕەخنەتان لێدەگرم. بۆچی هەڵنەگرتنەوەی هەنگاو لەلایەن دەوڵەتەوە گەورە دەکەنەوە. وەک کەسێک قسە مەکە کە ئەوەندە لاوازە. سەیرکە من لێرەم. من دەتوانم هەموو ڕۆژێک کۆبوونەوە بکەم، بەڵام چاوەڕوانی شتێکی لەو جۆرە ناکەم. ئێمە هیچمان لە دەوڵەت ناوێت. دەوڵەت تەنها ڕێگر نەبێت، بەسە. نابێت لەوە زیاتر چاوەڕێی هیچ شتێک بکەین. لە تورکیا کەسێک نییە کە لە دیموکراسی تێبگات. من فێری دیموکراسیی دەکەم. دیموکراسی ئەوە نییە کە پشکێک لە دەوڵەت وەربگریت. کاری ئێوە دەستەبەرکردنی ئاسایشی جەوهەرییە. من نامهەوێت کەس بمرێت. بەڵام ئێوە دەتوانن ئەمە مسۆگەر بکەن.
سەبری ئۆک:
پرسیارت دەربارەی هێزی بنەڕەتی ئێمە کرد. لە دوایین کۆبوونەوەماندا باست کرد. هێزی بنەڕەتی ئێمە ئەوەیە کە لە تۆ تێبگەین ە فەرمانەکانت جێبەجێ بکەین.
ئۆجەلان:
لەوانەیە بۆردومانەکان بەردەوام بن، لەوانەیە هێرش هەبێت، ئێوە دەبێ خۆتان بپارێزن. ناتوانم بڵێم سێ مانگ دەخایەنێت یان دوو مانگ، بەڵام هەرگیز بەو چەکەی کە لە دەستی ئێوەدایە، دیموکراسی یان ئاشتی پێکنایەت. خەباتی دێموکراتیک لە چەک بەهێزترە.
سەبری ئۆک:
ئەگەر هەنگاوی پێویست نەگیرێتەبەر، کەس چەکەکانی دانانێت. ئێمە چەکەکانمان دانانێین.
دلار سیواس:
سەرۆکی من، تەڤگەری ژنان خەریکی خەباتێکە لەناو سیستەمی باڵادەستدا، واتە لەناو سیستەمێکدا کە پیاوان تێیدا سەردەستن. لەم چوارچێوەیەدا تێدەگەین کە ڕێبەرێتی لە ستراتژیەکەیدا ڕۆڵێکی پێشەنگی بە تەڤگەری ژنان بەخشیوە. ژنان توانای تێگەیشتن و جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیان لە پیاوان زیاترە.
ئۆجەلان:
بەڵێ، ژنان لە کارەکانیاندا سەرکەوتووترن. ئەوان لە پیاوان زەحمەتکێشتر و بەدیسپلینترن.
نیازێکی باشی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتدا هەیە. ناتوانین بۆ هەمیشە وەک دوژمن بمێنینەوە. من جاران دەمگوت خواردنی دەوڵەت حەرامە، ئێستا دەڵێم: نەخێر، ئەگەرچی دەوڵەتیش بیدات، ئەوە بەشی منە. من دەمگوت باج و هێزی کارم هەیە. دەوڵەت هی منە. بەڵام ئەو دەوڵەتەی خۆی لە سیستەم دوور دەخاتەوە، پیلانگێڕە. بەڵام ئێمە دەوڵەت دەگۆڕین. من بە زانینی هەموو شتێکەوە سیاسەت دەکەم. ئەم گۆڕانکارییە لە دەوڵەتدا ئەوەیە کە ئێمە لە دیالۆگداین لەگەڵیدا. بێگومان هەندێک شت ڕوودەدەن، ئێمە ئەمە بە یاساوە گرێ دەدەین. ئێوە ئاپۆیەکی دیدەوان پێشکەش دەکەن. ئێوە پێتانوایە کە من نازانم.
ڕەمزی قارتال:
ئێمە وەک گەل و حیزب هیچ گومانێکمان لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ نییە. متمانەی تەواومان هەیە. کێشەکە لەوەدایە کە دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی بۆ دروستکردنی متمانە نەناوە.
ئۆجەلان: من باخچەلیم هێنایە سەر ئەم خەتە.
ئۆجەلان:
من باخچەلیم هێنایە سەر ئەم خەتە. ئێوە لەم شتە تێنەگەیشتوون. من دۆخی ئێوە زۆر بە خراپ دەزانم. نزیکایەتی ئێوە ئەمە نیشان دەدات.
ڕەمزی قارتال:
نزیکایەتی لەهەمبەر ئێوە، نزیکایەتی لە هەمەبەر ئازادیی تۆ، نزیکایەتی لە هەمبەر پێڤاژۆیە. هەلومەرجی ژیانی ئازادی تۆ، مەرجی ئێمەیە.
ئۆجەلان:
ئەوە ڕوونادات. ئەگەر ئەوەندە جار ئەمە دووبارە بکەنەوە و ئەمە والێبکەن، دەوڵەتیش سەرسەخت دەبێت و هێشتا زیاتر من لێرە ڕادگرێت. سەرۆکی ئەرکانی گشتیی تورکیا ڕایگەیاند، هەر کارێک بکەیت تۆ بۆخۆتی دەکەیت. دەتوانیت لێرە بڕۆی، یانیش دەتوانیت لیرەدا بمری. ئەو ڕاست دەکات. من دەوڵەت دەگۆڕم. من بە ئیرادەم.
سەبری ئۆک:
گەریلاکان وەک فیدائییانی سەرۆک، تێکەڵ بوون. ژەنەراڵەکان هەمیشە دەڵێن تەسلیم بن و چەک دابنێن. ئەمەش جێگەی قبووڵکردن نییە.
ئۆجەلان:
من 20 ساڵە لێرەم. من لێرە ژیانم بەسەر بردووە. من وەک سەربازێک ژیاوم. تەنانەت بچووکترین بێ دیسپلینیشم نیشان نەداوە. ئێوە نازانن چۆن لەوێ بژین. بۆچی وەک سەربازێک لەوێ سەرکەوتنی گەورەت بەدەست نەهێناوە؟ تا کۆتایی بەرگری لە خۆت بکە. ئایا کەس ڕێگریی لێکردوویت؟ بەڵام توانای ئەوەت نیشان نەداوە. پشت بەستن بە ئەمریکا هێزێکی جەوهەری نییە. ڕەخنەی گرنگم هەیە. چاوەڕوانی سەرۆکایەتییەکی کارتۆنیتان لە من نەبێت، من لێپرسینەوە لە هەموو لایەک دەکەم. لە ئێوە و لە بارزانییش. حاملی و عومەر لێرەدا سەرکردایەتی ئەم کارەیان کرد. ئێستا وەک بەرخ لە پشت منەوە دانیشتوون. (بە پێکەنینەوە ڕووی لەوان کرد) دەتوانن قسە بکەن. فەرموون هەڤاڵینە؛
حاملی یڵدرم:
ئێمە دەستکەوتێکی زۆرمان بەدەستهێناوە. ئێمە بە تەواوی خۆمان گۆڕیوە.
عومەر خەیری کۆنار:
من لە نیگەرانییەکانتان تێدەگەم. ڕوانگەی بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە: پێویستە خۆت بگۆڕیت نەک دەوڵەت. پشت بە هێزی خۆت ببەستە. ئەگەرنا هەبوون مەحاڵە.
ئۆجەلان:
ئەمە زۆر گرنگە. خۆخوڵقاندن و بوون و هەبوونی خۆت مسۆگەرکردن… هەڤاڵ ڕەمزی دەزانێت. ئەوروپا ناوەندی خۆئافراندنە. وەیسی تۆ چی دەڵێی؟
وەیسی ئاکتاش:
ئەمە پرۆسەی خسەرلەنوێ خۆئافراندن و بنیاتنانەوەیە.
ئۆجەلان:
بە تەواوی وایە، خۆئافراندن، زمان و بنەمای ئەم پرۆسەیە.
ڕەمزی قارتال:
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەن. لە زۆر وڵاتەوە تێکەڵبوون بە پارادایمەکەی ئێوە هەیە. سڵاوی خۆیان دەنێرن.
ئۆجەلان:
[ئۆجەلان قسەکانی بڕی] سڵاوی خۆم بۆ هەمووان دەنێرم. من ئەو لێدوانەی کە “سۆسیالیزمی مەوجوود بەرەو شکست دەڕوات، سۆسیالیزمی دیموکراتیک بەرەو سەرکەوتن دەڕوات”، پێشکەش بەوان دەکەم. هەروەها بە ناوی منەوە ئەم لێدوانەیان پێ بگەیەنە: “پێداگری لەسەر مرۆڤایەتی پێداگرییە لەسەر سۆسیالیزم”. سڵاوی من بۆ ئەرتووگرولیش بنێرن. با سەرنجی لەسەر ئەو کارە بێت. با ئەمەش ئەرکی تۆ بێت. ئایا ئیلهام هیچ قسەیەکت هەیە؟
ئیلهام ئەحمەد:
سەرۆک سڵاوی هەڤاڵانم هەیە بۆت.
ئۆجەلان:
جارێکی دیکە کۆبوونەوەیەکی درێژخایەنم لەگەڵتان دەبێت. سڵاو لە هەموو لایەک بکەن، دەتانبینمەوە.
ئیلهام:
ئەوکات قسە دەکەین، سڵاو و ڕێز.
کۆبوونەوەکە بە سڵاو و چەپڵەلێدان کۆتایی هات.
پاشان ئەو گرووپەی لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە، یاداشتێکی کورتیان بۆ پەکەکە ئامادە کرد. لەو نۆتانەدا دەردەکەوێت کە هەندێکیان پێشتر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە. هەروەها لە یاداشتەکەدا دەرکەوتووە کە کۆبوونەوەیەکی هاوکات لە تورکیا بەڕێوە دەچووە.
بۆچوونەکانی شاندەکە:
بەراورد لەگەڵ کۆبوونەوەکانی تر، سەرۆک بە جۆش و خرۆش و دڵخۆش و مۆڕاڵێکی بەرز و زۆر بە تامەزرۆییەوە و ئامادەبوو. بە تایبەتی ئەو هەڤاڵانەی کە پێشتر بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردبوو، دەیانگوت ئەم گۆڕانکارییە بەرچاوەمان بینیوە.
شاندەکەمان ئامادەکاری کردبوو بۆ ئەوەی تێڕوانینێکی گشتی لەو بوارانە بدات کە پێشکەش کراون و زانیاری لەسەر ئەو کارانە بدات کە ئەنجام دەدرێن. بەڵام سەرۆک دەرفەتی بە شاندەکە نەدا کە زانیاری لەسەر ئەو ناوچانە بدەن. ئەو بە تەواوی خۆی ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی دیدگایەک لەسەر کۆنگرە و بانگەوازەکە بخاتەڕوو. تێلەکۆنفرانسەکە بە زۆری بە قسەکانی ئەو تێپەڕ بوو. لە ناو هەندێ پرسیاردا هەوڵیدا تێبگات کە ئایا هیچ کێشەیەکی تێگەیشتن یان هەڵوێستی دژ بەیەک هەیە یان ناا.
ڕیبەرێتی سەبارەت بە بەستنی کۆنگرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، زۆر جیددی و روون بوو. ئەو دەیهەوێت کە ئەم کارە بەبێ دواکەوتن ئەنجام بدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای کۆنگرە سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە لەسەر خەت دەبێت و پێشبینی دەکات چەند مانگێک بەردەوام بێت. تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئەم دیدارە و بیری شاندەکە تا ئێستا ئەوەیە؛ خەباتی چەکدارانە لە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەدا کۆتایی دێت. بڕیارەکانی داماڵینی چەک بەپێی جێبەجێکردنی هەندێک مەرج دەبێت. ئەم مەرجانە بریتین لە؛ جێبەجێکردنی گۆڕانکارییە یاساییەکان لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک و چوارچێوەیەکی یاسایی.
خاڵە دیار و هەمەچەشنەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوون لە: هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەرێتی [ئۆجەلان] سەبارەت بە بارزانی و ئێران و سووریا و ئەو ئەرکانەی کە لەم ڕووەوە بە سەرکردایەتی تەڤگەرەکەی ئەسپارد. جگە لەوەش گرنگ ئەوە بوو کە ئەو بۆخۆشی دەیهەویست هەندێک کۆبوونەوە ئەنجام بدات. داواکاری سەرۆک بۆ کۆبوونەوە هەم لەگەڵ بارزانی و هەم لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد بە زووترین کات گرنگە.
جگە لەوەش بەرپرسانی دەولەتی تورک پێشنیاریان کردووە کە دوای ئەم کۆنفرانسە کۆنگرە بە زووترین کات بەڕێوەبچێت. لەسەر بنەمای ئەم پێشنیازە سبەینێ پەرڤین و دەریا لەسەر داوای ئی.ک. (ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی میت) کۆدەبنەوە.
سڵاو و ڕێز
شاندی تێلەکۆنفڕانس
2ی ئایاری 2025