Skip to content
جەهەپە و پرسی کورد

بێگومان کاتێک کە باسی جەهەپە و سیاسەتی تایبەتی جەهەپە سەبارەت بە کورد دەکرێت، ئەمە بەو مانایە نییە کە سیاسەتی لایەنەکانی دیکە دروستە یان لە بەرژەوەندی کورددایە. بەڵام سیاسەتی جەهەپە سیاسەتی بنچینەی دامەزراندنی کۆماری تورکیایە، پێویستە ئەم جیاوازییە بە ڕوونی ببینرێت.
جەهەپە حیزبێکە کەوا لەلایەن مستەفا کەمال و هاوڕێکانیەوە دامەزراوە و بە پارتی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا ناسراوە. ساڵەهای ساڵ بەتەنها خۆی دەوڵەتی تورکیای بەڕێوەبردووە. لە سەردەمی جەهەپەدا زۆر یاسای ڕەگەزپەرستانە دەرچوون. بناغەی جەهەپە، وەک بناغەی دامەزراندنی ئەو کۆمارەی ئێستا، لەسەر بنەمای ئینکار و لەناوبردنی کورد بنیات نراوە. ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە ناوچەکانی کۆچگری، ئاگری، گەلیی زلا و دێرسیم بەڕێوەچوون، بە بڕیاری سەرکردەکانی جەهەپە ئەنجام دراون. سیاسەتی جەهەپە بەرامبەر بە کورد ئەوە بوو: “یان بیانکوژن یان بە نەزانی بیانهێڵنەوە”. لە سەردەمی جەهەپەدا، بزاڤی ئازادیخوازانەی شێخ سەعید، شۆڕشی ئاگری و نزیکەی 20 سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی کورد بە بڕیاری سەرکردەکانی جەهەپە سەرکوت کران و هەموویان بە کوشتار و دەستبەسەرکردن کۆتاییان پێهێنرا.
ئەو ڕۆژەی کۆمار ڕاگەیەندرا، هەتا ساڵی 1946، دەوڵەتی تورک جەهەپە بوو، جەهەپەش دەوڵەتی تورک بوو. جەهەپە دەستی بە خوێنی کوردان سوور بووە. ئەگەر ئەمڕۆ کورد بە تایبەت لە باکووری کوردستان ئەم ڕاستییە نەبینێت، ناتوانێ خاوەندارێتی لە هەقێقەتی خۆی بکات.
لە دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تا ئەمڕۆ، هێڵی سیاسی جەهەپە کە بە ڕێفلێکسی دەوڵەتپارێزی شکڵدراوە، لەسەر بنەمای سیاسەتی ئینکارکردن و ئاسمیلاسیۆن سەبارەت بە پرسی کورد دامەزراوە. هەڵوێستە مێژووییەکانیان، لە دادگایی کردنی شێخ سەعیدەوە تا لەسێدارەدانی سەید ڕزا، لە زیلانەوە تا ساڵانی قەدەغەکردنی ناسنامە، یەکێکە لەو فاکتەرە سەرەکیانەی کە هەڵوێستی جەهەپە لەمەڕ پرسی کورد ئاشکرا دەکات.
لەم دواییانەدا لە هەندێک هەڵبژاردندا، هاوکاریی جەهەپە و دەم پارتییش دیسان بە ڕێفلێکسی ئیدئۆلۆژیک پێکهاتووە و کەمالیستەکان و چەپگەراکانی هەر دوولا بڕیاری هاوکارییان داوە.
بێگومان کاتێک کە باسی جەهەپە و سیاسەتی تایبەتی جەهەپە سەبارەت بە کورد دەکرێت، ئەمە بەو مانایە نییە کە سیاسەتی لایەنەکانی دیکە دروستە یان لە بەرژەوەندی کورددایە. بەڵام سیاسەتی جەهەپە سیاسەتی بنچینەی دامەزراندنی کۆماری تورکیایە، پێویستە ئەم جیاوازییە بە ڕوونی ببینرێت.
لە 12ی ئازاری ساڵی 1971دا، دەستێوەردانێکی سەربازی لە تورکیا ڕوویدا و زۆر کەس لە جەهەپە و کوردەکان دەستبەسەر و زیندانی کران. لەو کاتەدا زۆرێک لە خوێندکار و ڕۆشنبیرانی کورد و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیاش دەسبەسەر کران. لە ساڵی 1973دا هەڵبژاردن لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. لەو کاتەدا بولێنت ئەجەڤیت سەرۆکی جەهەپە بوو. ئەجەڤیت خۆی وەک کەسایەتییەکی چپی دیموکرات ناساند و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی لێبوردنی گشتی دا. ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کورد ڕوو لە جەهەپە بکات و لەو هەڵبژاردنانەدا دەنگی بە جەهەپە دا.
لەو ڕۆژە بەملاوە زۆربەی کورد و بەتایبەت چەپەکان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لە حیزبە سیاسییەکان نزیک دەبوونەوە و بە پێی ئایدۆلۆژیای خۆیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکردن. بە واتایەکی تر ئایدۆلۆژیا پێش بیرۆکەی نەتەوەیی کەوت.
مەسەلەی ئایدیۆلۆژی هۆکاری سەرەکی هاوپەیمانی هەدەپە/دەم پارتی بوو لەگەڵ جەهەپە و هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە جەهەپە لە ئەستەنبوڵ و شارە گەورەکانی تورکیادا، پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانییەکان بەدەستەوە بگرێت. بەداخەوە ئەمڕۆکەش، بەربەست لەبەردەم ئەو پرۆسەیەی کە دەیهەوێ شەڕ ڕابگرێت، ئەو هەڵوێستەی پارتی دەم بوو.
ئەمڕۆکە زۆر شت گۆڕاون، بەڵام بەداخەوە کاتێک ئەمڕۆ هەڵدەسەنگێندرێت کەس باسی دوێنێ ناکات. پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ دوێنێش بکرێت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ھەڵەکانی دوێنێ دووبارە نەبنەوە.
بێگومان پرسی کورد و هەڵوێستی پارتەکانی تورکیا و دەم پارتی بابەتێکی دوورودرێژ و تایبەتە. بەڵام لەو وڵاتەدا کەمالیستەکان هەرگیز دۆستی کورد نابن. تەنانەت کەمالیستەکانی ناو دەم پارتیش لە دۆستایەتیکردنی کورد زۆر دوورن…
ڕۆژەڤی کورد