دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یەکێتی دەبێ چی بکات؟

پێویستە یەنەکە دەستبەرداری ئەو پیلانە نهێنییەی ببێت کە دەیهەوێ سلێمانی وەک هەرێمێکی خۆسەر جودا بکاتەوە و واز لە پەکخستنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بهێنێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە گشتی ڕاگەیەندرا. ئێمە لە ڕوانگەی عێراقییەوە لێکدانەوەمان بۆ هەڵبژاردنەکان کردووە. دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە باڵە سیاسییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەهێزتر بوون. ئەمەش بەو مانایەیە کە نفوزی ئێران لە ناو عێراقدا زیاتر دەبێت. هەروەها لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەبینین ئەمەریکا کە لێدوانی زۆر توند سەبارەت بە میلیشیا شیعەکان دەدات، ئەمجارە چ هەڵوێستێکی دەبێت.
دەرئەنجامی هەڵبژاردن و هەڵوێستەکانی دواتری لایەنەکان، داهاتووی عێراق دیاری دەکات. ئەم دۆخە هەستیارەی ڕژێمی شیعەی عێراق کە لە دەیەی ڕابردوودا ستراتژێکی قووڵی بۆ کۆتاییهێنان بە مافە فیدراڵیەکانی کورد پەیڕەو کردووە، ئایندەی کوردیش دیاری دەکات. لەبەر ئەوەی کە هەڵوێستی کورد زۆر دادپەروەرانە بێت، پێویستە کە سەرەتا بەشداری کورد لە هەڵبژاردندا شرۆڤە بکرێت. بە تایبەتی پێویستە دۆخی یەنەکە کەوا لەپاڵ ڕێژیمی شیعە و حەشدی شەعبیدا جێیگرتووە، بە وردی شرۆڤە بکرێت.
پەدەکە نەک هەر حیزبە ڕکابەرەکانی بەڵکوو یاسای هەڵبژاردنیشی تێکشکاند
پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە کوردستان بە جیاوازییەکی بێ وێنە سەرکەوتنی بەدەستهێنا. پەدەکە پشکی خۆی لە دەنگەکان زیاد کرد و تەنانەت خۆی وەک لایەنی پەسەندکراو بۆ یەکگرتوویی ئێزدی و مەسیحییەکان لە عێراق ناساند.
پەدەکە نەک هەر لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە ڕکابەرەکانی شکست پێهێنا، بەڵکوو سەرەڕای هەبوونی سیستمێکی نادادپەروەرانە لە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، توانی سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات. تەنانەت لە یاسای ساڵی 2023ی هەڵبژاردنی عێراقدا، کۆتاکان بۆ لاوازکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی (یەنەکە) داڕێژرابوو. هەرچەندە لە سلێمانی تورکمان نەبوو، بەڵام کۆتایەک بۆ تورکمان لە سلێمانی دانرابوو و پلانی هاوشێوەی دیکەش ئامادەکران. بەڵام پەدەکە هەموو ئاستەنگەکانی تێپەڕاند و پیلانەکانی پووچەڵ کردنەوە.
ڕێبازی سیاسی بارزانی، مۆدێلێکی چارەسەرییە بۆ عێراق
بێگومان ڕێژەی بەرزی دەنگەکانی پەدەکە لە ژێر کاریگەری هەڵوێستی سیاسی و پارادایمی پەدەکەدا بووە. پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەنگەکانی مەسیحی و عەرەب و ئێزدییەکان بەتایبەت لە نەینەوا لە سیاسەتەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێکەوەژیانی ڕاستەقینەی نێوان گەلان بەرەوپێش دەبات. بزووتنەوەی سیاسی بارزانی کە وەک کۆنفیدڕاڵییەکی عەشایەری دەستی پێکرد، لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا کاریگەر بووە و لەبارە بۆ پەرەپێدانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ئازاد و دیموکراتیک کە تیایدا هەر توێژێک بتوانێت بە ناسنامەی خۆیەوە و بە ڕێبازی جیاوازەوە لە پرسە هاوبەشەکان و کاروباری ناوخۆییدا، بەشداری بکات. بۆیە تەنانەت ئەوانەس کە دوژمنایەتی پەدەکە دەکەن، کاتێک ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە، سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیان پێ باشترە.
لەم ڕووەوە دەتوانین هەوڵی سەرکەوتووانەی پەدەکە بۆ پشتیوانی لە 5 کاندیدی کۆتا وەک سەرکەوتنێک بۆ مۆدێلی کۆمەڵایەتی پەدەکە لێکبدەینەوە.
گەلی کورد کابینەی 9ی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خەڵات کرد
حکومەتی عێراق بەمەبەستی فشارخستنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردندا، مووچەی مانگانەی ڕاگرت. وەهای حیساب کردبوو کە ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی دەنگەکانی پەدەکە و دەتوانێ یەنەکە وەکوو ئەڵتەرناتیڤ پێشکەش بکات. بەڵام ئەمە ڕووی نەدا و ڕێژەی دەنگەکانی پەدەکە زیادی کرد. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەش، متمانەی خەڵک بوو کە بە کردارەکانی کابینەی 9ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، پێکهاتبوو. گەلی کورد پاداشتی ئەم کابینەیەی حکومەتی دایەوە.
دۆخی یەنەکە چۆنە؟
یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵێک لەمەوبەر بەڕێوەچوو و لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا تووشی شکستێکی گەورە بوو. بافڵ تاڵەبانی بۆ زیادکردنی ڕێژەی دەنگەکانی، ستراتژیی بەکارهێنانی چەکی پەیڕەو کرد. بۆ نموونە هەڵبژاردن یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕی بافڵ لە دژی لاهور و نەهێشتنی لاهور بوو. هەروەها دەستگیرکردنی سەرۆکی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی نەوەی نوێ و ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی (حیزبەکەی پێشووی بەرهەم ساڵح)یش بەهەمان هۆکار زیندانی کران. بافڵ تاڵەبانی هەوڵدەدات کە بە نەهێشتنی هەموو هێزە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناو یەکێتی و تەنانەت پارێزگای سلێمانیش، بە سیستەمێکی پاوانخوازانە ببێتە سەرۆک. پێش لە هەڵبژاردن ئەم بەرنامەیەی بە پەلەپەل جێبەجێ کرد و ویستی لە ڕێگای زەبر و زۆر و چاوترسێن کردنەوە، ئەو لایەنانە لەناو ببات. تەنانەت لە دەنگدانی تایبەتیشدا دەنگدەرەکانی ناچار کرد کە وێنەی کاغەزی دەنگدانەکەیان بگرن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن دەنگیان بە یەنەکە داوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بەڵام بە ئامانجەکانی نەگەیشت و تەنانەت لە ناو سلێمانیشدا دەنگەکانی کەمیان کرد.
بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی هاوکارێکی خۆی، خەڵکی بادینانی کردە قوربانی، ڕەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیۆن سەر بە حەشدی شەعبی، کە بۆ کۆتای دهۆک، کاندیدێکی هەبوو. بەڵام ئەم فێڵە سەری نەگرت، تەنانەت ڕێکخستنەکەی خۆیشی دژی ئەم فێڵبازییە بوو. لە ئەنجامدا نەک هەر نەیتوانی کاندیدەکەی ڕەیان کلدانی هەڵبژێرێت، بەڵکو ئەو کورسییەشی لەدەستدا کە پێشتر لە دهۆک بەدەستیهێنابوو. ئێستا بۆ ئەوەی کە خۆی بە ڕاست و دروست پیشان بدات، محەمەد عوسمان دوشیڤانی ناسراو بە حەمە سۆر، بەرپرسی ڕێکخستنی دهۆک، دێتە پێشەوە و ئیدیعای ئەوە دەکات کە “سەرۆکی لیستی یەنەکە لە پارێزگای دهۆک پێشتر ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و لەگەڵ پەدەکەدا شەریک بووە”. بەڵام کاندیدی یەکەمی یەنەکە، پێشتر لەسەر لیستی یەنەکە ئەندامی پەرلەمان بووە و بۆخۆیان دووبارە کاندیدیان کردۆتەوە. بە واتایەکی دیکە، یەنەکە لە بادینان داڕماوە.
بافڵ تاڵەبانی بەرپرسیاری لەدەستدانی کورسییەکانی کوردە لە کەرکوک
هەرچەندە کورد بە گشتی کورسییەکانی لە هەڵبژاردنەکەدا پاراستووە، بەڵام لەدەستدانی دوو کورسی لە کەرکوک جێگەی قبووڵکردن نییە. ئێستا یەنەکە دەیهەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بەرپرسی ئەم ڕووداوە نیشان بدات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕێبوار تەهای پارێزگاری کەرکووکی وەک کاندیدی یەکەمی خۆی بەربژێر کردبوو. ڕێبوار تەها ڕێژەیەکی زۆری دەنگەکانی بەدەستهێنا. یەکێتی دەیهەوێت ئەمە وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە بەکاربهێنێت، بەڵام ئەمە دروست نییە. بەرپرسیاری سەرەکی لە دابەزینی دەنگی کورد لە کەرکوک یەنەکەیە. هەرچەندە ڕەنگە بافڵ تاڵەبانی قسەکانی جەلال تاڵەبانی نەمر بۆ کەرکوک وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە بەکاربهێنێت، بەڵام ئەو سیاسەتانەی کە لەدژی کەرکووک جێبەجێیان کردووە، کوردی لاواز کردووە. بەرپرسیاری خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ی کەرکووک، یەنەکە و سەرۆکەکەیەتی. جگە لەوەش لەو کاتەوە تاکە هێزی کورد بوون لە ناو کەرکووک و لەگەڵ داگیرکەرانی کەرکووکدا بەردەوام هەوڵی هاوبەشیان داوە بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن لایەنە کوردستانییەکانی دیکە بڕۆنە ناو کەرکووک و لەوێ حزووریان نەبێت. کەرکووک خەریکە لەپێناو ئامانجی سەرۆکایەتی و خیانەتەکانی بافڵ تاڵەبانیدا دەکرێت بە قوربانی. بافڵ تاڵەبانی خۆی لەگەڵ سیاسەتی تەعریبکردن لە کەرکووک هاوتەریب کردووە. بێگومان یەنەکە و بافڵ تاڵەبانی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردن لە کەرکووکدا بەرپرسیاری یەکەمن.
هەروەها زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتوانی عەرەب لە کەرکووک، کاریگەریی لەم دۆخەدا هەبووە و ئەم دۆخە زۆر مەترسیدارە. ژمارەی گەنجانی عەرەب کە لە ساڵانی داهاتوودا زیاد دەکات، دەتوانێ گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای کەرکووکدا بکات.
پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە کوردەکان ستراتژییەکی هەمەلایەنەی هاوبەش دابڕێژن بۆ ئەوەی کەرکووک وەک شارێکی کوردی ببیندرێت.
بافڵ تاڵەبانی دەبێ چی بکات؟
دوای هەڵبژاردن، هەم میدیای یەنەکە و هەم میدیای پەکەکە هەوڵێکی هاوبەش دەدەن بۆ ئەوەی بافڵ تاڵەبانی وەک براوە پیشان بدەن. ڕەنگە بەشەکانی دیکەی کوردستان باوەڕ بەم بانگەشەیە بکەن، بەڵام خەڵکی باشووری کوردستان بە چاوی خۆیان ڕاستییەکان دەبینن. هاوکات خەڵکی باشووری کوردستان شاهیدی مێژووی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی و کردارە وێرانکەرەکانیانن.
بەشداریکردنی بافڵ تاڵەبانی لە پرۆسەکەدا، هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی شیعەی عێراق، بە ئیدیعای “من دۆڕاوم، بەڵام هاوپەیمانەکانم حەشدی شەعبی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە”، زیان بە کورد دەگەیەنێت. لەم ڕووەوە هەنگاوگەلێک هەن کە دەبێت یەنەکە بیانگرێتەبەر.
پێش هەموو شتێک، پێویستە یەنەکە دەستبەرداری ئەو دوژمنایەتیەی خۆی بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان ببێت کە بەپێی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران دەیکات و سیاسەتی هاوبەشی لەگەڵ پەکەکەی خۆهەڵوەشاوە، وازلێبهێنێت. بۆ ئەم ئامانجەش دەبێت دەستبەرداری پیلانە نهێنییەکەی بێت کە دەیهەوێت پارێزگای سلێمانی وەک هەرێمێکی خۆسەر جودا بکاتەوە. یەکێتی دەبێت واز لە پەکخستنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بهێنێت.
هەتا هەموو ئەمانە نەکرێن، ئەو پڕۆسە سیاسییە زیانبەخشە بۆ کورد و کوردستان کە لەلایەن یەنەکەوە بەڕێوەدەچێت، کۆتایی نایەت.