بارودۆخی ئیقلیمی و ئەو پیلانەی کە لە سیاسەتی ناوخۆیی تورکیادا بەڕێوەدەچێت!

نەتەوەی کورد پێویستە دینامیکە نەتەوەییەکانی خۆیان لە پلانەکانی دەوڵەتی تورک دووربخەنەوە و خۆیان بۆ دۆخی نوێی ناوچەیی ئۆرگانیزە و بەهێز بکەن.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
لەم دواییانەدا ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان دگیرکردووە و خاکی کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە، بە شێوەیەکی ئاشکرا بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگییە ناوچەییەکان دەڕۆن. دەماری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە ئەوەیە کە ڕێککەوتننامەی 108 ساڵ لەمەوبەری سایکس-پیکۆ، هەڵدەوەشێتەوە و وردە وردە بەرەو پێکهاتەیەکی نوێ دەڕوات (بەڵام ئەم پرۆسەیە درێژخایەن دەبێت).
لە ڕاستیدا ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1979ـەوە و بە گۆڕینی ڕژێم لە ئێران و شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراق و داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە، دەستیپێکردووە. بە کورتی پرۆسەیەکی درێژخایەنە و دەیان ساڵە بەردەوامە.
پاشان شەڕی کەنداو، دوای دە ساڵ ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی سەدام حوسێن، پاشان شەڕی ناوخۆیی سووریا، هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس (یەکێک لە هێزەکانی سەر بە ئێران) بۆ سەر ئیسرائیل و پرۆسەی سڕینەوەی پرۆکسی و میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران…
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا نەشتەری ئیقلیمی بەردەوامە. یەکێک لەو بەشانەی کە ئەم هاوکێشیەیەش تورکیایە، کەوا لە ئەنجامی پەیمانی سایکس ـ پیکۆدا لە سەر پارچەیەک لە خاکی کوردستان وەک ولاتێکی دەستکرد، دامەزرا.
لەسەر ئەو خاکەی کە لەلایەن ڕێککەوتننامەی “سایکس ـ پیکۆ”وە داڕێژراوە و بەتایبەتی لەسەر خاکی کوردستان، بەرخۆدان، ڕاپەڕین دژی نادادپەروەری، ململانێ ناوخۆییەکان و داواکاری مافەکان هەرگیز نەوەستاون. ئەم دەوڵەتە دەستکردانە بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش بەرخۆدانەکان، بە تایبەتی لە کوردستان، شێوازی سەربازیی دڕندانەیان بەکارهێناوە، خوێنێکی زۆر ڕژاوە و قوربانیی گەورە دراوە.
تورکیاش ئاگاداری ئەم دۆخە نوێیەیە. لە کۆتاییەکانی 2024 و سەرەتای 2025دا بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی با “سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆریستی بێتە ناو پەرلەمان و داوای چەکدانان بکات”، پرۆسەیەکی نوێ دەستی پێکردووە. ئەم پرۆسەیە وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هێزەکانی بانگەشەی بۆ دەکەن بۆ “چارەسەری پرسی کورد و کوردستان” نییە؛ بەڵکوو ئەم پرۆسەیە لە بنەڕەتدا ستراتژییەکە بۆ لەناوبردنی وجوود و هەبوونی نەتەوەیی گەلی کورد، بە شێوەیەکی مۆدێرن.
بەکورتی: دەوڵەتی تورک تێگەیشت کە بە شەڕێکی 101 ساڵە، بە ستراتژیی سەربازی، بە ئینکارکردن و جینۆساید و دەربەدەرکردن و زیندانیکردن و بە سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن ناتوانێت بزاڤی نەتەوەیی گەلی کورد تێکبشکێنێت. لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە ناوچەییەدا، هەرێمێکی فیدراتیڤ لە باشووری کوردستان پێکهات و ماوەی دەیان ساڵە کورد لە باشووری کوردستان دەوڵەت دادەمەرزێنن و پەیوەندیی هەرێمیی و نێودەوڵەتییان هەیە.
لەگەڵ شەڕی ناوخۆ لە سووریا، ستاتۆیەکی دیفاکتۆ لەسەر بەشێک لە خاکی باشووری ڕۆژئاوای کوردستانیش دروست بوو. دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەگەری ئەوە هەیە کە لە “بنیاتنانی سووریای نوێ”دا، کورد لە بەشێک لە خاکی باشووری ڕۆژئاوای کوردستاندا ببێتە خاوەن ستاتۆیەکی خۆسەر و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بە فەرمی بناسرێت.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا نەریتێکی دینامیکی خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد هەیە کە تا ئێستاش زیندووە! ڕێکخستنێکی گرنگی سەربازی کورد لەسەر ئەم پارچانەی خاکی کوردستاندا بوونی هەیە. کاتێک هەموو ئەم ئاڤانتاژانەی گەلی کورد لەبەرچاو دەگرین، بۆمان دەردەکەوێت کە دەوڵەتی تورک چووەتە قۆناغێکەوە کە دەیهەوێ بێدەسەڵاتبوونی سەربازی بە بێدەسەڵاتبوونی سیاسی قەرەبوو بکاتەوە. لەم قۆناغەدا بێگومان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و حیزبەکەی وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێن بۆ ئەوەی کە کورد تێکەڵ بەم پڕۆسە نوێیە بکەن.
دەوڵەتی تورک، بە چەمکە ئاڵۆز و تێکەلوپێکەڵەکان و بە تەکنیک و فرت و فێڵ، پرۆسەی نوێ وەک “ر-ئۆرگانیزەکردنی دەوڵەتی تورک” بۆ بەهێزکردنی دەستی ئیقتیدار بەکار دەهێنێت. من بە ڕوونی دەیڵێم: ئەو هەڵبژاردنەی کە دەخرێتە بەردەم نەتەوەی کورد ئەمەیە:
یان بە درۆی “نەتەوەی دیموکراتیک”، ببن بە هاوڵاتی نایەکسانی دەوڵەتی تورک، ئاسمیلە ببن، ئەنتەگرە ببن و بە پلانەکانی “تورکیایبوون” لە ناو دامەزراوەی دەوڵەتی تورکدا بتوێنەوە،
یانیش بە دووپاتکردنەوەی ئیرادە و هەبوونی نەتەوەیی خۆیان، خەبات بۆ بنیاتنانی دەوڵەت یان دامەزراوەی خۆسەری خۆیان، درێژەپێبدەن.
مێژوو دەریخستووە کە کێشەی نەتەوەیی گەلانی ستەملێکراو بە حیکایەتی “ئەنتەگراسیۆن” یان “پێکەوە ژیان” چارەسەر نابن؛ بەڵکو بە دەستەبەربوونی مافی نەتەوەی ستەملێکراو بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، چارەسەر دەکرێت. ئاشتی و سەقامگیری ڕاستەقینە تەنیا بە سوبژێکتیڤیەتی نەتەوەی کورد مومکینە نەک بە “پارادایمی نوێ”ی دەوڵەتی تورک.
ئامانج لەو “پارادایمە نوێیەی” کە ئێستا لە سیاسەتی ناوخۆی تورکیادا بەڕێوەدەچێت، ئەوەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک سیاسەتمەدارێکی شەرعی بهێنیتە ناو گۆڕەپانی سیاسی تا لە ڕێگای ئەو ئامرازەوە نەتەوەی کورد تێکەڵ بە چوارچیوەی پیلانەکانی خۆیان بکەن. لە داهاتوودا بەستێن بۆ هاوپەیمانەتیی “ئاکەپە-مەهەپە-دەم پارتی” ئامادە بکات و بە درۆی “شەراکەتی کورد لە ئیقتیدار”دا، بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن.
هەر بەم هۆیەشەوە، لە ڕێگای دەم پارتییەوە، پێی جەهەپە لە کوردستان دەبڕدرێت. جەهەپە لە ڕێگەی ئۆجەلان و پارتی دەمەوە لاواز دەکرێت و ڕێگا بۆ ئەو فۆرمەی ئیقتیدار خۆش دەکرێت کە پێشتر باسمان کرد. لە ڕاستیدا ئەوانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا جەهەپەیان هێنایە کوردستان، دیسان هەر خۆیان بوون.
ئەو ئەرکەی کە دەکەوێتە سەر شانی نەتەوەی کورد ئەوەیە: دینامیکە نەتەوەییەکانی خۆیان لە پلانانە دووربخەنەوە و خۆیان بۆ دۆخی نوێی ناوچەیی ئۆرگانیزە و بەهێز بکەن.