کەشتیەکە نوقم دەبێت، باش و خراپ پێکەوە دەخنکێن!!!

پێویستە هەموومان بە حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکانمانەوە دەست بدەینە دەستی یەکتر بۆ ئەوەی کەمالیزم لە باکووری کوردستان سەرنەکەوێت، ڕێگای ئەو کارەش تەنها دروستکردنی چەترێکی کوردستانییە.
✍️ بووبێ ئەسەر
لەم سەردەمەدا کە هەموو شتێک ئاڵۆز بووە، ئاوی لێڵ، مێشکی تێکداوە و هەڵوێست نەماوە، کۆمەڵگە تێکچووە و مرۆڤەکان بوونەتە ئۆپۆرتۆنیست. ئەو کەشتییەی ئێمە تێیداین، هێدی هێدی ئاو دەگرێت. لەم جۆرە بارودۆخانەدا، تەنها خۆسەرقاڵکردن بە مرۆڤە خراپ و ناباشەکانەوە، لە چارەسەر زیاتر زیان بەو کەشتییە دەگەیەنێت کە ئاو دەگرێت. بۆیە پێویستە کەسانی ژیر و نەتەوەیی و غەیرە ئۆپۆرتۆنیست، هەموویان پێکەوە هەوڵبدەن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن کەشتییەکە نقوم ببێت.
دۆخی ئێستای باکوری کوردستانیش بەم شێوەیەیە. ئێمە، ئەوانەی دەمانەوێت بۆ گەلەکەمان بەردێک لەسەر بەردێک دابنێین، پێویستە بەپێی ئەم دۆخە مامەڵە بکەین. بێگومان ئاستەنگ و کەسانی خێرنەخوازیش زۆر دەبن، بەڵام دیسانیش دەبێت ئێمە دەست بدەینە دەستی یەکتر بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەین کەشتییەکە نوقم ببێت.
ئەمڕۆ هەموو بارودۆخی یەکتر و دۆخی خۆمان و حزبەکانمان دەزانین. دەزانن هیچ حیزبێک لە باکووری کوردستان کە خۆی بە کوردستانی دەزانێت، ناتوانێ ببێتە بەردێک بۆ ئەوەی خۆی بخاتە بەردەم چەرخی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە بەسەر جەستەی گەلەکەماندا تێدەپەڕێت. هەموومان ئەمە دەبینین، لەبەر ئەوەی کە ئێمە لاوازین و چەترێکی نەتەوەییمان نیە، ناتوانین ڕێگریی لێبکەین.
لەم دۆخەدا دەبێ پێکەوە کۆدەبینەوە و دیالۆگ بکەین بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە یەکتر بڵێین. ئەگەر ئەم کارە نەکەین تووشی زیانی گەورەتر دەبین و دەشبین. ئەگەر ئێمە واتە ئەوانەی کە دژایەتی هێڵی کەمالیستی کورد دەکەین، نەبین بە دیوارێکی پۆڵایین، باوەڕم پێ بکەن، ئێمە و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو کەشتییەداین، نوقم دەبین و دەخنکێین. نوقمبوونی ئێمەش دەبێتە هۆی تێکشکاندنی ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەمان.
هەروەها هێندێ کەس و لایەن، هەندێک ئاگاهانە و هەندێکیش لە ڕووی نائاگاهییەوە، نایانهەوێت هیچ و تاک و کەسایەتییەک لەسەر ئەم دۆخە بنووسن و دەیانهەوێ ئەو کەسانەس بێدەنگ بکەن کە لەو بوارەدا دەنووسن. بەڵام ڕۆشنبیرانی باوەڕمەند و دەروەست نابێ هیچکات لە دژی هیچ هەڵە و کەموکووڕییەک بێدەنگ بن.
ئێمە ئەم بەساڵاچوانەی کە هێشتا ساغین و لە ژیانداین، بەرخۆدان دەکەین بۆ ئەوەی کە کارێک ئەنجام بدەین. ئەگەر ئێمەش نەباین، ئەگەر حزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان نەبوایەن، باوەڕم پێبکەن، لەسەر دەستی کەمالیستی کورد، کەمالیزم لە باکووری کوردستان 100% سەردەکەوت. ئێمە ئەو چەند کەسە بەساڵاچووەی کە بەرەنگاری ئەمە دەبینەوە، وایکردووە کە میللەتەکەمان بە تەواوی تێکنەشکێت. ئەگەر ئێمەش چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنێ دژایەتی یەکتر بکەین، ئەمە دەبێتە هۆی لەناوچوونی هەموومان.
ئەمڕۆ پێویستمان بە چییە؟
ئێمە کە لە گۆڕەپانی سیاسی باکوری کوردستانداین، دەبێت یەکبگرین، کەموکوڕی و هەڵەکانمان وەلا بنێن، بە خاڵ و بەهێزەکانمانەوە یەکتر قبووڵ بکەین، ئەوکات سەرکەوتن بۆ خۆمان و گەلەکەمان دەبێت. لەم سەرکەوتنەدا دەبێت ڕەخنە و خۆڕەخنەکردنیش هەبێت.
با بەرامبەر بە یەکتر گەشبین بین. هیچ کەسێک نییە وەک ئێمە بەساڵاچووان کە کەموکووڕیی نەبووبێت. بەڵام چیتر ناتوانین ئەوەی پێشتر ڕۆیشتووە، بیهێنینەوە. باشە با هەموو کەموکوڕییەکانمان وەلا بنێین. بۆ قازانجی گەلەکەمان هەریەک لە ئێمە بەردێک هەڵبگرین و بیخەینە سەر ئەو دیوارەی کە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتەکەمان دروست دەکرێت.
ئەگەر من و تۆ و ئێمە ئەم دیوارە بە بناغەیەکی پتەو دروست نەکەین، ناتوانین گەلەکەمان لە کارەسات و گەردەلوولەکانی داهاتوو بپارێزین و هەموومان پێکەوە لەناویان دەچین. بۆیە دەبێت هەندێ کەس بە پێداگری و بوێرانە ڕاستییەکانی بارودۆخی گەلەکەمان و هەڵوێستی کەمالیستە کوردەکان بۆ گەلەکەی خۆیان ئاشکرا بکەن و ڕوونی بکەنەوە کە ئەمڕۆکە چۆناوچۆن لەسەر دەستی “دەم پارتی”، بەتورک کردنی نەتەوەی کورد، مسۆگەر دەکرێت. نابێ گەلەکەمان و سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکانمان لە بەرامبەر ئەمەدا بێدەنگ بن. بێدەنگی قبووڵکردنی ستەم و چەوساندنەوە و ژێردەستەییە.
بۆیە گرنگە ئەوانەمان کە لەسەر شانۆی سیاسیدا ماوینەتەوە، یەکگرتوو بین، دەست لە ناو دەستی یەکتر دانین و شان بە شان و دڵ بە دڵ و بە یەک هەڵوێست، خەبات بکەین و تێبکۆشین بۆ ئەوەی کە هێڵی کەمالیزم لەسەر خاکی خۆمان دووربخەینەوە.
دۆخەکە خراپە و دەبێت لەگەڵ خاڵە بەهێز و لاوازەکانماندا، پێکەوە یەکێتییەکی نەتەوەیی بنیات بنێین بۆ ئەوەی بە تەواوی لەناو نەچین. یارییەکی گەورە لەسەر شانۆی کوردستان دەکرێت. بۆیە ئێمە نابێت تەنها بینەر بین. با بە هەڵوێست و بڕیارەکانمان، بە هێز و توانا بەردەستەکانمان، بە ڕۆحی نەتەوەیی و گەشبینی و یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە، دەستی یەکتر بگرین.
ئەم دۆزە هی حیزبێک نییە. ئەمە ئێش و ئازار و کێشەی وڵات و نەتەوەیەکی دێرینە. تکایە یەکبگرن و پێکەوە چەترێکی نەتەوەیی دابمەزرێنن و دەست بە خەبات بکەن. تکایە با ئێستا ناکۆکیەکانمان وەلانێین و وێکڕا بگەڕێینەوە سەر خەبات بۆ دۆزی گەلەکەمان و بە یەکگرتوویی نەهێڵین ئەو کەشتییەی کە هەموومان تێداین، بکەوێتە ژێر ئاو و نوقم بێت.
ئیدی واز لە پشتەسەر قسەکردن لەسەر یەکتری بهێنن. لە مێژوودا هەمووان بە پێی ئەو ڕەنج و زەحمەت و خەباتەی کە کردووتانە، یادتان دەکرێتەوە. بۆیە پێویستە کار و خەبات ئاوێنەیەک بێت بۆ هەمووان. پێویستە ئێستا پێویستە ئێمە یەکبگرین و وێکڕا هەوڵبدەین بۆ ئەوەی کە خراپەکاران و گەندەڵکاران و حەسوودەکانی ناو ئێمە، نەتوانن ببنە سەرۆک و سەرکردەی حزبەکانی کوردستان. پێویستە زەحمەتکێشان و نازەحمەتکێشان لەیەکتر جیا بکەینەوە. پێویستە بەهای ئەو تاک و کەسایەتیانەی کە قوربانییەکی زۆریان داوە بناسرێن و خاوەندارێتییان لێبکرێت.
بە سەدان نووسەر و ڕۆشنبیری کورد هەن کە ئەندامی هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی نین. بە هەزاران کەسی زانا و ژیر و تێگەیشتوو هەن کە ئەندامی هیچ حیزبێک نین. ئیدی با باسی گەنجەکان نەکەم. دەبێ حیزبەکانی کوردستان لەم بارەوە نیگەران بن و بیر لەوە بکەنەوە کە بۆچی ئەو جۆرە گیانباز و ئازایانە حیزبایەتی ناکەن. دەبێت ڕێگایەک بۆ ڕێکخستنی ئەو جۆرە کەسانە بدۆزرێتەوە.
ئێستا هەموومان بە چاک و خراپەوە، بە زانایی و یادەوەرییەکانمانەوە، لەناو کەشتییەکداین کە خەریکە ئاوی تێدەچێت. ئەگەر نوقم بووین هەموومان دەخنکێین و لەناو دەچین. نەتەوەیەک و زمانێک لەناو دەچێت. متمانە و گەشبینی نامێنێ. هەتا دۆخەکە وەها بێت، هیچ پێشکەوتنێک بەدی نایەت.
پێویستە هەموومان دەست بدەینە دەستی یەکتر، لەگەڵ حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکانمان، بۆ ئەوەی کەمالیزم لە باکووری کوردستان سەرنەکەوێت. ڕێگای ئەو کارە دروستکردنی چەترێکی کوردستانییە. بۆ ئەوەش دەبێت بە جیاوازی و خاڵە بەهێز و لاوازەکانمانەوە، یەکتر قبووڵ بکەین. کات کورتە، کات وەکوو ئاوی ڕووباری دیجلە دەڕوات. زۆر شتمان لەدەست داوە. بەڵام لەپێناو ئەوەی کە ماوە، دەبێ یەکگرتوو بین.
ھەگەر مە ھەبانا ھێزەکە یەکگرتی
ئەمێ ژی بھاتانا بانکرن وەکە ھەرکەسی
تونە مە ئەو ھێز، قاوەت و براتی
لۆما ئەم نایێن دیتن، وەکە ھێزێن سیاسی