نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ موراد قەرەیلان

بۆچی کاتێک باسی دەوڵەتی کوردی دەکرێت، لێوەکانتان دەلەرزن و کەسێک ناشارەزا بێت پێی وایە باسی تاوانێکی گەورە دەکەن؟
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
ئەگەر لە حیزبەکەتدا کەسێک مابێت کە بە دروستی تامی شەهیدبوون بزانێت، ئەو کەسە تۆیت. تۆ لە هەموو کەس باشتر “نرخی خوێن” دەزانیت. تۆ ئەو خاکەت بۆن کردووە کە تێکەڵ بە بۆنی بارووت بووە، تۆ دوایین گەرمای لەشی هەڤاڵی خۆتت هەستپێکردووە، کاتێک کە لە باوەشی تۆدا گیانی لەدەستداوە. تۆ باش تێدەگەیت کە چیاکانی کوردستان، چۆناوچۆن بوون بە گۆڕی بەکۆمەڵی لاوانی کورد.
تۆ بۆنیان دەزانی… تۆ مانای “دەوڵەتی گەورەی کوردی” دەزانیت، نەک لەسەر کاغەز و نەخشە، بەڵکوو لە گۆشت و هەستی ئەو جوامێر و ئازایانەدا لێیتێدەگەیت کە بە دەستی خۆت لە ناو تاریکایی شەودا بە خاکت ئەسپاردوون.
بۆچی ئەمڕۆکە شەرم دەکەن و بە دەنگێکی بوێر و زولاڵ ناڵێن “کوردستان”؟
بۆچی کاتێک باسی دەوڵەتی کوردی دەکرێت، لێوەکانتان دەلەرزن و کەسێک کە ناشارەزا بێت پێی وایە باسی تاوانێکی گەورە دەکەن؟
بۆچی ئێوە خەونێکی سەدان ساڵەتان کردە دروشمێکی زریقەدار و بێ واتا، کە ئەوانەش دەیڵێن، لێی تێناگەن؟
بۆچی ئەو ڕێگایەتان گرتەبەر کە تێیدا “وڵات” لە ناو ڕستەیەکی بێگانەدا لەژێر ناوی سۆسیالیزمی مەوجوود و دیموکراسی گەلاندا، ون بکرێت؟
ئایا ئامانجەکە بەدی هاتووە؟
ئایا ئێوە ماندوبوون؟
ئایا ئەو ئازایەتییەتان تێدا نەماوە کە ڕاستییەکانی خۆتان بڵێن؟
تۆ لە هەموو کەس باشتر دەزانن ئەوانەی شەهید بوون و گیانی خۆیانیان فیدا کرد، لەپێناو “ئەنتەگرەی کولتووری” یان بۆ فەلسەفەیەکی بێ خاک و بێ نەخشە نەبووە.
ئەوان ڕوویان لە دۆڵ و شاخەکانی بۆتان و دێرسیم و زاخۆ و کۆبانێ نەکردووە بۆ ئەوەی میللەتی کورد بکرێتە دەستەواژەیەکی بێ ڕەنگ لە وتارێکی تیۆریکدا.
ئەوان لە شەوانی تاریک و سارددا ئارەق و فرمێسکیان نەڕژاندووە بۆ ئەوەی کە ڕۆژێک ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە قسە و گوتاری ئاڵۆز و تێکەڵوپێکەڵ، بگۆڕدرێت. گوتارگەلێک کە جگە لە هەڵاتن لە ڕاستییەکان، هیچ ڕامانێکیان نیە.
ئێوە پێش هەرکەسێکی دیکە دەزانیت، شۆڕشێک کە ئامانجێکی نەتەوەیی ڕوونی نەبێت، دەبێتە تەم و مژ و تەم و مژیش خیانەت لەناو خۆیدا حەشار دەدات.
گەورەترین خیانەت ئەو فیشەکە نییە کە لە پشتەوە لە مرۆڤەکان دەدات، نەخێر. گەورەترین خیانەت ئەو کاتەیە کە دوای ڕژانی خوێن، تۆ بێیت و ڕامانی ئەو خوێنە بگۆڕیت.
لەم کاتەدا شەرم مەکە. ئەمە کاتی موزایەدە نییە، کاتی نەرم و نیانی نییە، کاتی خۆ شاردنەوە لە پشت فەلسەفەیەکی بێگانە نییە. وازهێنان لە دۆزی کورد “پێشکەوتنی هزری” نیە، بەڵکوو “خۆدزینەوەی ئسیاسی و خیانەتە”.
گۆڕینی خەونی دەوڵەتی کوردی بۆ پرۆژەیەکی نادیار بە ناوی دیموکراسی گەلان، پەراندنی مەعنەوی سەری شەهیدەکانە.
ئەوەی لە دڵتدایە بیڵێ، بەر لەوەی کە زمانی تۆ ئەو ڕاستییە بڵێت.
بڵێ، ئێمە پاشەکشەمان کرد، ئێمە وازمان هێنا، ئێمە پشتمان لە ڕێبازی دەوڵەتی گەورەی کوردی کرد، ئێمە ڕێگەمان دا کە دۆزەکە لەناوخۆدا بدزرێت.
ئەگەر تۆ نەتوانی یان نەتهەوێت بگەڕێیتەوە سەر ڕێگا ڕاستەکە، هەر هیچ نەبێ، وڵاتپارێزیی ساختە مەکە. خوێنی شەهیدان مەکەنە قوربانی ئەو دروشمانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بەوانەوە نییە. ڕێگا مەدە کە مێژوو نەفرەت لە ناوەکانمان نەکات.
ئایا ئەگەر ئێستا گیانی شەهید “سەبری تێندووریک” لەبەردەمتدا بوەستێت، دەتوانی سەیری چاوەکانی بکەیت و پیی بڵێیت: تۆ خەباتت بۆ دیموکراسی گەلان کرد؟ ئایا دەتوانی ئەمەی پێ بڵێی، یان دەنگت لە گەرووتدا وشک دەبێت؟
دۆزەکە هێشتا ساغە و نەمردووە، بەڵام ئەوەتا ڕۆژانە لە بێدەنگیدا ئێوە دەمرێنن.
ئەگەر پێویست بێت دوا قسە بگوترێت، با ئەوە بێت: “یان ئێمە دەگەڕێینەوە سەر ڕێبازی دەوڵەتی گەورەی کوردی، یانیش با هەموومان بێدەنگ بین، چونکە بێدەنگی زۆر لە چەواشەکاری و فریودانی خەڵک شەرافەتمندانەترە”.