ئاگری کینەی ئۆجالان و نەتەوەی دیموکراتیک، ڕۆژئاڤاش دەسوتێنێت

ئاگری کینەی ئۆجالان و نەتەوەی دیموکراتیک، ڕۆژئاڤاش دەسوتێنێت

داخوازییەکانی تورکیا و ئۆجەلان لە ڕۆژئاڤا یەکێکن و ئامانج لەو داواکارییانەش ڕێگریکردنە لە هەموو ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی نیگەرانیی تورکیا.

بانگەواز و هەوڵەکانی ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان بەردەوامن؛ هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاندووە کە ئۆجەلان دیدێکی نوێی بۆ ڕۆژئاڤا هەیە و دەتوانێت کلیلی سەرەکی چارەسەری بێت.

کۆمیسیۆنی ئاشتی، کە دوو ڕۆژ لەوەپێش سەردانی ئیمرالی کرد، دیدارەکەی لەگەڵ ئۆجەلان زۆر بە ئەرێنی هەڵسەنگاند، چونکە وەک پێشبینی دەکرا ئۆجەلان هەموو شتێکی لە بەرژەوەندیی تورکیا پێیان ڕاگەیاندووە و لەوەش زیاتر پەیامێکی لە بەرژەوەندی تورکیا، ئاراستەی ڕۆژئاڤای کوردستان کردووە.

ئەو پڕۆسەیەی کە نەتەوەی کوردی تێدا فیدا دەکرێت، تورکیا وەک “پاککردنەوەی دەوڵەت لە تیرۆر”ی دەبینێت

وەک ڕاگەیانداروە، لە میانی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەی پارلمانی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمرالیدا، پرسی چەکداماڵینی پەکەکە و کشانەوەی تەواوەتی لە تورکیا باسی لەسەر کراوە و ئۆجەلان دەیهەوێت ئەم دوو خاڵە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن، هاوکات تورکیاش دەڵێت: ئێمە لە ڕێگەی کردارەوە لە ئامانجە گەورەکەی “تورکیای بێ تیرۆر” نزیک بووینەتەوە. پرۆسەیەک کە بەهۆیەوە خەریکە هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەژێر ناوی برایەتی لەگەڵ تورکدا لەکیس دەچن، تورکیا هێشتا بە پرۆسەی پاککردنەوەی دەوڵەت لە تیرۆر ناوی دەبات.

ئۆجالان لە 27ی شوباتی 2025ـەوە هیچ کەمتەرخەمی و خەمساردییەکی لە دەرکردنی بانگەواز بۆ بەهێزکردنی تورک و لاوازکردنی کورد نیشان نەداوە.

هەر جۆرە بەهێزبوونێکی کورد ئەگەر لە بەرژەوەندی نەتەوەی تورکدا نەبێت، بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت

پەکەکەی هەڵوەشاندەوە و چەکی پێدانان، پێی گەریلای لە باکوور بڕی، کورد بە شایستەی مافی خۆسەری و ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەریی نازانێت و “نەتەوەی دیموکراتیک” وەک چارەسەر پێشکەش دەکات. هەرچەندە تورکەکان دەڵێن برایەتی لەگەڵ کورداندا، بەڵام هەموو ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی بەهێزبوونی کورد لە دەرەوەی نەتەوەی تورکیا، بە خەیاڵ دەزانن. بە گوێرەی تورکیا، هەر بەهێزبوونێکی کورد ئەگەر لە بەرژەوەندی نەتەوەی تورک و دەوڵەتی تورکدا نەبێت، قبووڵ ناکرێت.

ئۆجەلان لە ساڵی 2025دا گەورەترین خزمەتی بە تورکیا کرد، خەونی کوردی لە باکووری کوردستان تێکدا و هەنووکەش لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو هەناسەیە ببڕێت کە ڕۆژئاڤا دەیهەوێ لە ئازادی هەڵیبمژێت.

لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەمە دووەمجارە ئۆجەلان پەیامی تایبەتی ئاراستەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، دوایین پەیامیشی لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنەکەی پارلمانی تورکیا بوو.

بانگەوازە نوێیەکەی ئۆجەلان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

تولای هاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەکەی ئیمرالیدا ڕەوشی سووریا بە شێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێ کرا و ئۆجالان ڕوانگەیەکی نوێی خستەڕوو کە دەتوانێت کلیلی سەرەکی پڕۆسەی ئاشتی بێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوور ـ ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ئۆجەلان لەو بانگەوازەی کە دوو مانگ لەمەوبەر بۆ ڕۆژئاڤای کرد، وەک فەرمانێک چەند خاڵێکی سەرەکیی نارد و بە بەرپرسانی “بەڕێوەبەریی خۆسەر”ی گوت: دەبێ جێبەجێیان بکەن.

ئۆجەلان بە ئاشکرا و بە ڕوونی بە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤای گوت: نابای داخوازی خۆسەری، ئۆتۆنۆمی و فیدرالیزم و تەنانەت بەشداربوون لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی سووریاش بکەن، بەڵکوو دەبێ بچنە دیمەشق و بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی 10ی ئازار و هەموو شتێک ڕادەستی ئەحمەد شەرع بکەن.

ڕۆژئاڤا کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و تاڕادەیەک دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیشی وەرگرتووە، کەچی ئۆجەلان دەیهەوێت ئەم دەرگایە دابخات و هەروەک چۆن باکووری کوردستانی کرد بە بەقوربانی بەرژەوەندییە شەخسسییەکانی خۆی و دەوڵەتی تورک، دەیهەوێ ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان دەرد بەرێت.

قەڵسبوونی ئۆجەلان بەرامبەر بە ڕۆژئاڤا لە قەڵسبوونی تورکیا کەمتر نییە

حەساسییەتی ئۆجەلان بەرامبەر بە ڕۆژئاڤا لە حەساسییەتی دەوڵەتی تورک کەمتر نییە. تورکیا بە ئاشکرا و بە ڕوونی دەڵێت: هەسەدە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا، ئۆجەلانیش هەمان شت دەڵێت. تورکیا دەڵێت هەسەدە دەبێ چەکەکانی ڕادەستی دیمەشق بکات، ئۆجەلانیش دەڵێت بچنە دیمەشق و دەستی ئەحمەد ئەلشەرع ماچ بکەن. بە کورتی داخوازییەکانی تورکیا و ئۆجەلان لە ڕۆژئاڤا یەکێکن و ئامانج لەو داواکارییانەش ڕێگریکردنە لە هەموو ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی نیگەرانیی تورکیا.

ئۆجالان ئەمساڵ بۆ بەهێزکردنی تورکیا و لاوازکردنی کورد ئەوەندە کاری کرد و تێکۆشا، کە دەوڵەت باخچەلی سەرکردەی تورکە نەتەوەپەرستەکان ئەوەندە کاری نەکرد و هەوڵینەدا. لە ڕاستیدا هەر ئەمەشی لێ چاوەڕوانی دەکرا چونکە ئۆجەلان بۆخۆی پێشتر دەیان جار گوتبووی: با هیچ تورکێک خۆی لە من بە تورکتر بزانێت.

ئاگری کینەی ئۆجالان و پڕۆسەی گۆڕینی نەتەوەی کورد بۆ نەتەوەی دیموکراتیک گەیشتۆتە قەراخی ڕۆژئاوای کوردستانیش و خەریکە بەتەواوی بیسووتێنێت.

Share

پوستێن ھەمان بەش