مەسرور بارزانی دوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر داوای سیستەمی بەرگری لە ئەمەریکا دەکات

درەنگانی شەوی ڕابردوو بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرش کردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد و گوتی: هەر کەسێک لە پشت هێرشەکانی ئەمشەوەوە بێت، نابێت ڕێگەیان پێبدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکەنەوە یان وەک ڕابردوو، بە کەفالەت ئازاد بکرێن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیوویەتی: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی ترسنۆکانە بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەم و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەم تاوانباران بدۆزێتەوە و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەرکەسێک لە پشت هێرشەکانەوە بێت، نابێت ڕێگەیان پێبدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکەنەوە یان وەک ڕابردوو، بە کەفالەت ئازاد بکرێن.
هاوکات مەسرور بارزانی گوتی: “داوا لە هاوبەشە ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم کە ئامێری بەرگری پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیمان دابین بکەن، هەروەها پشتگیریمان بکەن لە گرتنەبەری هەنگاوی جددی بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و پێشکەوتنەکانمان”.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتنەکانی ڕووداوەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەکەوەش تەقەیان لێ کرابوون.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا.