هەنگاوێک بەرەو یەکڕیزیی کورد: پارتی پێشڤەڕۆ گەڕایەوە ناو ئەنەکەسە

چاودێران: “گەڕانەوەی پارتی پێشڤەڕۆ بۆ نێو ڕیزەکانی ئەنەکەسە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان”.
ئەنەکەسە بەشێوەیەکی فەرمیی بڕیاری گەڕانەوەی ‘پارتی پێشڤەڕۆی کوردی’ لە سووریا (پێشڤەڕۆ)ی بۆ نێو ڕیزەکانی خۆی پەسەند کرد. ئەم هەنگاوە لەلایەن بەرپرسانی ئەنەکەسە وچاودێرانەوە، وەکوو “بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد” ناودەبرێت.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری گەڕانەوەی ‘پارتی پێشڤەڕۆی کوردی’ لە سووریای بۆ نێو ڕیزەکانی پەسەند کرد.
سلێمان نوسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە، بە ئاژانسەکانی هەواڵی کوردستانی ڕاگەیاند، پارتی پێشڤەڕۆ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنەکە و گەڕانەوەی ئەوان هێزێکی زیاتر بە ئەنجوومەن دەبەخشێت.
سلێمان ئوسو گوتیشی، ئەو پارتە خاوەن ڕۆڵێکی سەرەکییە لە ڕۆژئاوای کوردستان و نزیکەی 6 مانگ پێش ئێستا داوای گەڕانەوەی کردبوو. دوای چارەسەرکردنی چەند تێبینییەک لەسەر بەڵگەنامە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان، داواکارییەکەیان پەسەند کرا.
هەنگاوێکی ئەرێنی
لای خۆیەوە، ئەنەس عەبدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشڤەڕۆ، گەڕانەوەیان بۆ نێو ئەنەکەسە بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد. ناوبراو ئاشکرای کرد، ئەم بڕیارە دوای نزیکەی 5 مانگ لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دێت. عەبدی هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی چالاکترکردنی ئەنجوومەن و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد لە سووریا.
چاودێران پێیان وایە گەڕانەوەی پارتی پێشڤەڕۆ بۆ نێو ڕیزەکانی ئەنەکەسە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەی سووریادا.
گەڕانەوەی پارتی پێشڤەڕۆ بۆ نێو ئەنەکەسە لە کاتێکدایە گۆڕانکاریی سیاسیی گەورە لە سووریا ڕووی داوە. دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، لایەنە کوردییەکان لە هەوڵی چڕدان بۆ یەکخستنی ڕیزەکانیان. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) وەک دوو هێزی سەرەکی، بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، چەندین کۆبوونەوەیان بۆ گەیشتن بە دیدێکی سیاسی هاوبەش ئەنجام داوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم هەوڵانە، پێشکەشکردنی شاندێکی یەکگرتووی کوردییە لە هەر دانوستاندنێک لەگەڵ حکوومەتی کاتیی نوێی سووریا لە دیمەشق، بۆ مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی وڵاتدا. لەم چوارچێوەیەدا، یەکگرتنەوەی هێزە سیاسییەکان لەنێوخۆی ئەنەکەسەدا وەک هەنگاوێکی ئامادەکاری بۆ بەهێزکردنی پێگەی دانوستاندنی کورد سەیر دەکرێت.
پارتی پێشڤەڕۆ 10 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕێکەوتی 3ی تەمووزی 2015دا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری قامیشلۆ، بڕیاری کشانەوەی خۆی لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) ڕاگەیاند.
دوای کۆچی دوایی “عەبدولحەمید دەروێش، سکرتێری پێشڤەڕۆ (24ی نۆڤەمبەری 2019)، حیزبەکە تووشی قەیرانی ناوخۆیی هات و بەهۆی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆییەوە، کۆنگرەی ئەو حیزبە چەند جارێک دواخرا.
لەئەنجامی ئەو ناکۆکییانەدا، پارتی پێشڤەڕۆ لە کۆتایی ساڵی 2023دا بوو بە دوو باڵ و دوو کۆنگرەی جیای بەست:
ـ یەکەم: ڕۆژی 20ی نۆڤەمبەری 2023، سەڵاح دەروێش (برای حامید حاجی دەروێش) کۆنگرەیەی بەست و بە سکرتێری حزب هەڵبژێردرا.
ـ دووەم: لە 13ی بەرچلەی ساڵی 2023دا، کۆنگرەیەکی دیکە لەژێر ناوی هەمان حیزب لە شاری عامودا بەسترا، کە تیایدا ئەحمەد بەرەکات بە سکرتێر هەڵبژێردرابوو.