باکووری کوردستان… بەهۆی بەفربارینەوە ڕێگاکانی 172 گوند داخران

بەفر و تەمێکی زۆر، ئاستەنگی گەورەی هاتوچۆی لێکەوتووەتەوە و شۆفێران ئاگادارکراونەتەوە کە بە وریاییەوە لێبخوڕن.
شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی باکووری کوردستان دروستکردووە. لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و وان بەهۆی زۆری بەفربارینەوە ڕێگاکانی دەیان گوند داخراون.
شەپۆلی بەفر و باران کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، لە دەڤەری سەرحەد توندتر بووە. لە زۆر شوێن باران بارین بووە بە بەفر و بووەتە هۆی داخستنی ڕێگاوبانەکان.
بەپێی زانیارییەکان، لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و وان، بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرەوە ڕێگاوبانەکانی 172 گوند داخراون و هاتوچۆش وەستاوە.
ئیدارەی تایبەتی شارەکان ڕایگەیاند، تیمەکانیان دەستیان بە کار کردووە بۆ کردنەوەی ڕێگای گوندەکان و هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ کردنەوەی ڕێگا بۆ هاووڵاتیان.
لەلایەکی دیکەوە لە پارێزگاکانی مووش، ئەرزروم، ئاگری و قەرس بەفرێکی زۆر باریوە و ڕێگاکانی دەیان گوند داخران. بەڵام دوای هەوڵی تیمەکانی لابردنی بەفر، زۆربەی ئەو ڕێگایانە کراونەتەوە و هاتوچۆ ئاسایی بووەتەوە. هەروەها باس لەوە کرا کە بەفر و تەمێکی زۆر ئاستەنگی گەورەی هاتوچۆی لێکەوتووەتەوە و شۆفێران ئاگادارکراونەتەوە کە بە وریاییەوە لێبخوڕن.