دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە سەرلەنوێ دەستیانپێکردەوە

دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە سەرلەنوێ دەستیانپێکردەوە

وردەکارییەکانی ئەو بڕگانەی یەکگرتن کە لەلایەن ئیدارەی دیمەشقەوە پێشکەش بە هەسەدە کراون، ئاشکرا دەکرێن.

دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) سەرلەنوێ بە چاوەدێریی ئەمەریکا دەستیانپێکردۆتەوە. لەبەر ئەوەی کە ڕێککەوتنی 10ی ئازار لە کۆتایی ئەمساڵ (2025)دا کۆتایی پێدێت، وردەکارییەکانی ئەو بڕگانەی یەکگرتن کە لەلایەن ئیدارەی دیمەشقەوە پێشکەش بە هەسەدە کراون، ئاشکرا دەکرێن.

پرۆژەی ئەنتەگراسیۆنەکە، بڕگەگەلێکی وەک: “تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بۆ ناو سوپای سووریا لە شێوەی سێ فیرقە، تێکەلکردنی ئاسایش و یەپەژە (سوپای ژنان) لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆدا، مافی هاوڵاتیبوونی تەواو بۆ کورد، یەکسانی یاسایی، پێدانی پێگەی زمانی نەتەوەیی بۆ کوردی و گەڕانەوەی ئاوارەکان” لەخۆدەگرێت.

چارڵز لیستەر، بەڕێوەبەری پرۆگرامی سووریا لە ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن، دەڵی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی لەسەر مێزەکە نووسراوە. لیستەر زانیاری سەبارەت بە کۆبوونەوەکان و خاڵە پێشنیارکراوەکانی بۆ هەسەدە، بڵاوکردۆتەوە کە لەم دواییانەدا میوانداری کۆنفرانسێکی کرد کە تێیدا براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم قسەی کرد و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سووریا لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا میوانداری پانێڵێکی کرد:

 “وردەکاریی ڕێککەوتنە پێشنیار کراوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەی نزیک لە دانوستانەکان، پاکێجەکە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت” .

“- تێکەڵکردنی سێ فیرقەی ئەرتەش

– تێکەڵکردنی ئاسایش و یەپەژە (سوپای ژنانی هەسەدە) لە ناو وەزارەتی ناوخۆی سووریادا

– هاوڵاتیبوونی تەواو و یەکسانی مافە مەدەنییەکان بۆ کورد

– بەدەستهێنانی پێگەی زمانی نەتەوەیی بۆ زمانی کوردی

– گەڕانەوەی ئاوارەکان

– ئاڕاستەکردنی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی دەرەکی (FDI) و داهاتی گشتی بە ڕێژەی دانیشتوان بۆ ناوچە کوردستانییەکان.

– نوێنەرایەتی کورد لە وەزارەتە باڵاکان و فەرمانگەکانی دەوڵەت، لەوانەش بەرگری و ناوخۆ”.

“هیچ پێشکەوتنێک لەسەر زەوی نییە، پلانی B لەسەر مێزە”

لەلایەن لیستەرەوە هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەکە کراوە. شرۆڤەکار چارڵز لیستەر ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای چەند مانگێک لە دانوستانەکان بە نێوەندگیری ئەمریکا و کۆبوونەوە داخراوەکانی گرووپی کار لە دیمەشق، هەسەدە هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی لەسەر زەوی نەناوە. بە گوتەی لیستەر، ئەم بێکردەوەییە وردە وردە گرژییەکانی سەر زەوی زیادکردووە و دیسان بژاردەی “پلانی بی”ی هێناوەتەئاراوە.

لیستەر جەختی لەوە کردەوە کە هەفتەکانی داهاتوو زۆر گرنگ دەبن بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا پابەندبوونی هەسەدە بە ئەنتەگراسیۆن لە ڕاستیدا جێبەجێ دەکرێت یان نا. بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە، سەرەڕای پێشنیارەکانی دابەشکردنی سەربازی و مافی تەواو بۆ کورد و پۆستی وەزاری و فەرماندەیی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، بەڵام هێشتا هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەهاتووە.

Share

پوستێن ھەمان بەش