پەکەکە ناسنامەی فەرماندەیەکی باڵای ئاشکرا کرد

هەپەگە: “بەرفین نوورهەق، ئەندامی ئەنجومەنی پاژک و ئەندامی کۆنسەی فەرماندەیی هەپەگە و یەژاستار بوو”.
ناسنامەی فەرماندەیەکی پێشەنگی پەکەکە بە ناوی “بەرفین نوورهەق” ئاشکرا بوو کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە چیای گارە لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا کراوەتە ئامانج و پەکەکە هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەی لە بنەماڵەکەی و ڕای گشتیی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە، لە ڕێکەوتی 12ی دیسەمبەری 2025دا، ناسنامەی فەرماندەیەک و گەریلایەکی ئاشکرا کرد کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021دا لە دەڤەری گارە گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی ئەو فەرماندەیەی بە ناوی بەرفین نوورهەق و گەریلاکە بە ناوی سەما ڕۆزای ئاشکرا کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو فەرماندە و گەریلایەی پەکەکە لە ڕێکەوتی 13ی کانوونی دووەمی ساڵی 2021دا، لە دەڤەری گارە لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە بەرفین نوورهەق، ئەندامی ئەنجومەنی پاژک و ئەندامی کۆنسەی فەرماندەیی هەپەگە و یەژاستار بووە.
ناسنامەی ئەو بەرپرس و گەریلایەی پەکەکە بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە:
بەرفین نوورهەق: ناوی فەرمی هانم هان دەمیر، لە پارێزگای مەرەش لە باکووری کوردستان لەدایک بووە.
سەما ڕۆزا: ناوی فەرمی ئینجی سومبول، لە پارێزگای ئەرزرومی باکووری کوردستان لەدایک بووە.
پەکەکە وەکوو هەزاران گەریلای دیکە، بۆ ماوەی 4 ساڵ گیانلەدەستدانی ئەو فەرماندە و گەریلایەشی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.