گرووپە چەکدارەکان دەوروبەری بەنداوی تشرینیان تۆپباران کرد؛ 3 شەڕڤانی هەسەدە برینداربوون

هەسەدە: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە چەکی قورس و تۆپخانە، دەوروبەری یەکەکانی نیشتەجێبوونیان لە بەنداوی تشرین تۆپباران کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق پێشێلکارییەکی نوێی ڕێککەوتنی ئاگربەستیان ئەنجامداوە و ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی فەرمی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک “هەسەدە”، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە چەکی قورس و تۆپخانە، دەوروبەری یەکەکانی نیشتەجێبوونیان لە بەنداوی تشرین تۆپباران کردووە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدایە، بەڵام هەسەدە جەخت دەکاتەوە، ئەم کردەوانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنەکان و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە.
بەنداوی تشرین کە دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات، یەکێکە لە گرنگترین وێستگە ستراتیژییەکانی دابینکردنی وزەی کارەبا و ئاو بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم ناوچەیە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە گۆڕەپانی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و لایەنە چەکدارەکانی دیکە، هێرشکردنە سەر دەوروبەری بەنداوەکە و ناوچە نیشتەجێبووەکان، مەترسییەکی جددی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل و کارمەندانی وێستگەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچەکەدا.